كچانى گه‌رمیان په‌ره‌ به‌ به‌هره‌كانیان له‌ بوارى تۆپی پێدا ده‌ده‌ن

2022/01/29    1291 جار بینراوە
 
* نه‌وژین، هۆزان فه‌ریق
 
وه‌رزش و تۆپی پێ خه‌ونێكى له‌مێژینه‌ى (هاوژین) بو، بۆیه‌ كاتێك ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى بۆ هاته‌پێش له‌ تیپێكى تۆپی پێدا ببێته‌ یاریزان، بێ دودڵی به‌شداریی تێدا كرد، ئێستا ئه‌و و تیپه‌كه‌ى، له‌ خولێكى تۆپی پێ دا به‌شدارن.
 
به‌ڕێوبه‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ى كه‌لار، هه‌ستاوه‌ به‌ ئه‌نجامدانى خولێكى تۆپی پێی یاریگاى بچوك "فوتساڵ" بۆ فێرخوازانى كچ له‌ ناوه‌نده‌كانى خوێندنى ده‌ڤه‌ره‌كه‌، به‌شداران و شاره‌زایان به‌ هه‌نگاوێكى باشی ده‌بینن بۆ بره‌ودان به‌ وه‌رزشى كچان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێیانوایه‌ ده‌بێت كاری زۆرتر بكرێت.
 
ره‌نگه‌ له‌هه‌مو كه‌س زیاتر، كچانى فێرخواز به‌م خوله‌ دڵخۆش بن، چونكه‌ ده‌رگاى چونه‌ نێو ئه‌م بواره‌ى لێكردونه‌ته‌وه‌.
 
ھاوژین محەمەد، 15 ساڵ، فێرخوازی تیپی فوتساڵی خوێندنگەی شەھید مەلا ئەحمەده‌، بۆ نەوژین وتی: من خولیای زۆرم بۆ تۆپی پێ ھەیە، بۆیه‌ كه‌ لەخوێندنگە پێیان وتم بۆ بەشداریكردن لەم خولە، دوای وه‌رگرتنى ره‌زامه‌ندى ماڵه‌وه‌، بەشداریم کردوە.
 
كردنه‌وه‌ى ئه‌م خوله‌ش ته‌ریبه‌ به‌ زیادبونى خواستى كچان بۆ وه‌رزش، مامۆستایه‌كى ئه‌م بواره‌ باس له‌وه‌ده‌كات كچان ئێستا گرنگی زیاتر به‌م بواره‌ ده‌ده‌ن.
 
 
شادان ئەحمەد، وتى: ئێستا كه‌ هەمو جیهان روی لە وەرزش کردوه‌، كچانى فێرخوازیشمان زیاتر گرنگی و بایەخ بەم بواره‌ ده‌ده‌ن.
 
ئه‌و پێشیوایه‌ كردنه‌وه‌ى خولی هاوشێوه‌ ده‌كرێت ئه‌و رێگایه‌ بێت كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ بره‌و به‌ بوارى وه‌رزشی كچان بدرێت له‌ سنوره‌كه‌.
 
رۆژنامه‌نوسێكی وه‌رزشیش جه‌خت له‌م رایه‌ ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام پێیشیوایه‌ هه‌نگاوى زیاتر پێویستن.
 
دانا لەتیف، وتى: زۆرێک له‌ کچان رەنگە لەدەرەوەی خوێندنگه‌كان دەرفەتیان بۆ نەڕەخسێت بەهۆی نه‌بونى یانه‌ و تیپی تایبه‌ت به‌ وه‌رزشی كچان یاخود باری كۆمه‌ڵایه‌تى، هەربۆیە خولی قوتابخانەکان باشترین دەرفەتە بو دەرخستنی توانا و لێهاتویی کچان له‌ بواره‌كه‌دا.
 
پێیشیوایه‌ پێویسته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى خوێندنگه‌كانیش كار بۆ بره‌ودان به‌م بواره‌ بكرێت "کردنەوەی یانەی وەرزشی تایبەت بەکچان و گرنگیدانی یانەکانی ناوچەکە بە بەشی کچان لە یاریە جیاوازەکاندا، ئەتوانێت وەرزشی کچان لەسنورەکە بباتە پێشەوە".
 
 
لەخولی تۆپی پێی وەرشی کچاندا بۆ خوێندنگەکانی سنوری کەلار، 22 تیپ لە خوێندنگە بنەڕەتی و ئامادەییەکان بەشداریان کردوە.
 
سه‌رپه‌رشتیارانى خوله‌كه‌ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن به‌دواى ئه‌م خوله‌دا هه‌نگاوى تریان ده‌بێت.
 
حەبیب مەنسور، سەرپەرشتیاری خولەکە، بۆ نه‌وژین وتى: لەرێگەت ئەم خولەوە دەمانەوێت یاریزان دەست نیشان بکەین و دواتر پەرە بەتواناکانیان بدەین بۆ ئاستى بەرێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان.
 
شادان ئه‌حمه‌د، پشتگیری له‌م بیرۆكه‌یه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: کردنەوەی ئەم جۆرە خولانە بکرێتە ده‌رفه‌ت بۆ ئەوەی خوێندکارە نایابەکان دەستنیشان بکرێن و سود لە لێهاتوییان وەربگیرێت بۆ ئەوەی له‌سه‌ر ئاستى كوردستان به‌شداریی خول و پاڵه‌وانێتیه‌كان بكه‌ن.
 
ئه‌و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چون و به‌شدارییكردنه‌ له‌ ئاستێكى به‌فراوانتر كه‌ م. شادان باسی كرد، خه‌ونى هاوژینی فێرخوازیشه‌، بۆیه‌ به‌ گه‌شبینییه‌وه‌ ده‌ڵێت: وەک ھەمو کچێکی ئەم شارە ئامانجم ئەوەیە بەرەوپێش بچم و به‌شداریی له‌ خول و پاڵه‌وانێتیه‌كانى دیكه‌ بكه‌م.
 
 
* ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە میدیادا' بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، کە لەلایەن رادیۆی دەنگەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامادە کراوە.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,665,176     ژمارەی میوان 402

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە