٤٨٪ رێکخستنەکانی حزبی یەکگرتو ژنان بەڕێوەی دەبەن

2022/01/24    1263 جار بینراوە
 
* نەوژین - سومەیە ساڵح
 
ماوەی (٢٨) ساڵە حزبەکە دامەزراوە، لە کۆتا کۆنگرەی خۆیدا هەنگاوێکی تازەی نا، کاتێک مەکتەب رێکخستنی ژنانی لە پیاوان جیاکردەوە، لە ئێستاشدا ژنان بە رێژەیەکی(٤٨٪)رێکخستنەکانی ناو حزبەکە پێكدەهێنن. ئەندامێکی سەرکردایەتی حزبەکەش دەڵێت"رۆژ بەرۆژ رێژەی ژنان لە یەکگرتو بەرزدەبێتەوە". ئەمە لە کاتێکدایە هێشتا لە ئاستی مەڵبەندەکان ژنان رۆڵی سەرکردایەتی نابینن.
 
 
یەکگرتوی ئیسلامی لە کۆی (٤١) ئەندام سەرکردایەتی (١٠) یان ژنن، ئەمە لە کاتیکدا لە چوارەم کۆنگرەی خۆیدا لە ساڵی (٢٠٠٥)بە (٢٥٪)رێژەی کۆتای بۆ ژن لە سەرجەم ئاستەکانی حزبدا جێگیرکرد بو. هەروەک لە کۆنگرەی هەشتی حزبەکەدا لە ساڵی (٢٠١٩)مەکتەب رێکخستنی ژنانی لە پیاوان جیاکردەوە بۆ بەشداری یەکسانی جێندەری.
 
 
خەرامان جاف، ئەندام سەرکردایەتی یەکگرتوی ئیسلامی بە نەوژینی راگەیاند: هەر لە سەرەتای دروست بونی یەکگرتوەوە بەشداری ژنان بەشداریەکی فعلی بوە و ژنان بەهەمان شێوەی پیاوان رۆڵ و کاریگەریان هەیە لە بڕیارە حزبی و سیاسیەکان لەگەڵ دارشتنەوەی دەستوری چوار ساڵی حزب.
 
یەکگرتوی ئیسلامی، خاوەنی (٢٢)لقی تایبەت بە ژنانە لە هەمو شار و شارۆچکەکان بەناوی یەکگرتوی خوشکانەوە، مژدە محەمەد، بەرپرسی خوشکانی یەکگرتو لقی کەلار، ئاماژەی بە شێوازی کاری لقەکان کرد و بۆ نەوژین وتی: لقەکانی خوشکان هاوشانی پیاوان کارەکانی حزب بەرێوە دەبەین و هەمان کاریگەریمان هەیە، لە هەمان کاتدا کار لەسەر خێزان و هۆشیاری کۆمەڵگاش دەکەین.
 
یەک ژن لە حزبەکەدا کێبڕکێی گەشتنە پۆستی ئەمیندار کردوە
 
بۆ ئەوەی ژنێک بگات بە ئەندام سەرکردایەتی یاخود ئەمینداری گشتی حزبەکە هەر وەکو پیاوان  دەبێت چەند مەرجێکی تایبەتی هەبێت وەکو مەرجی تەمەن و ماوەی ئەندامێتی لە حزبەکە و شارەزایی کاری سیاسی.
 
سەرەرای بەشداری ژنان لە کارە حزبیەکاندا، تاکو ئێستا تەنها یەک ژن خۆی بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی حزبەکە کاندید کردوە.
 
خەرامان جاف، هێمابەوەدەکات خۆمان کاندید نەکردنەکەیان بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە کە  بە ئەمینداری ئێستا رازین ئەو وتیشی: گەرنا هیچ رێگریەک نیە کاتێک ژنێک بیەوێت خۆی کاندید بکات بۆ پۆستی ئەمیندار تەنها دەبێت مەرجەکانی بون بە ئەمینداری  تێدابێت.
 
یەکگرتو حزبێکی ئیسلامی سیاسیە لە (٦/٢/١٩٩٤) دامەزراوە تاکو ئێستا هەشت کۆنگرەی بەستوە، لە کۆتا کۆنگرەی خۆیدا لە بەرواری( ٢٨/١٢/٢٠١٩)،مەکتەب رێکخستنی ژنانی لە پیاوان جیاکردۆتەوە کە پێی ئەڵێن (دەزگای رێکخستنی خوشکان)،ئێستا رێکخستنی خوشکان کە ئەکاتە رێژەی ٤٨٪ ی رێکخستنەکانی یەکگرتو ئەم دەزگایە بەرێوەی دەبات، هەمو کارەکانی دەزگاکەش لەلایەن ژنانەوە بەرێوە دەبرێن.
 
* ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە میدیادا' بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، کە لەلایەن رادیۆی دەنگەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامادە کراوە.
 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,723,428     ژمارەی میوان 612

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە