پارێزەرێکی کەیسەکانی ژنان: یاسای بەرنگاربونەوەی توندوتیژی جێبەجێکردنی لە نێوان شارەکان جیاوازە

2022/01/24    1036 جار بینراوە
 
* نەوژین- پەرژین کامەران
 
ماوەی (١٢) ساڵە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی لە پەرلەمانی کوردستان دەرکراوە، خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاساکە لە پەرلەمان کراوە، پارێزەرێک باسلەوەدەکات یاساکە جێبەجێکردنی لە شارەکان جیاوازە، چالاکوانێک دەڵێت ئەمە لە کاتێکدایە لە ژێر فشار هەندێک جار بکوژانی ژن و ئەو ئەو کەسانەی توندوتیژیان دژ بە ژنان کردوە دەستگیردەکرێن و سزادەدەرێن.
 
جێبەجێکردنی یاساکە بە وتەی پارێزەرێک لە نێوان شارەکان جیاوازە، بەڕێوبەری رێکخراوی هاریکاری یاسای ژنان شۆخان ئەحمد، بۆ نەوژین، وتی: یاسای بەرەنگابونەوەی توندوتیژی خێزانی تاڕادەیەکی باش جێبەجێ دەکرێت لە دادگاکانی هەرێم، هەرچەند جیاوازی جێبەجێکردن هەیە لە شارەکاندا.
 
لە کاتی دەرچونی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی ژمارە (٨) ساڵی (٢٠١١) بڕیاربو دادگایەکی تایبەتمەند هەبێ بەم یاسایە پەرلەمانتار شادی نەوزاد، لە بارەیوە وتی: تاوەکو ئێستا ئەم دادگایە دروستنەکراوە بۆ کەیسی تایبەت بەم یاسایە.
 
چالاکوانێکی کۆمەڵگەی مەدەنی کە لەبواری مافەکانی مرۆڤ کاردەکات باسلەوەدەکات بە هەوڵ و فشاری رێکخراو چالاکوانان هەندێک جار تاوانباران دەستگیردەکرێن.
 
دڵسۆز زەنگەنە، چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی وتی: "هەندێک بکوژانی ژنان یان ئەوانەی توندوتیژی دژی ژنان دەکەن سزا دراون لەڕێی هەوڵی ژنانی رێکخراوەکان و چالاکوانان بوە".
 
هەموارکردنەوەی یاساکە
 
پەرلەمانتار شادی نەوزاد، جێگیری سەرۆکی  لیژنەی مافەکانی ژنان لە پەرلەمانی کوردستان بە نەوژینی راگەیاند: یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی یاسایەکی باشە توانیویەتی رۆڵی هەبێت لەکەمکردنەوەی رێژەی  توندوتیژی  بەرامبەر بە ئافرەتان، بەڵام وەک هەمو یاسایەکی تر لەکاتی جێبە جێکردنی دا هەندێک هەڵە دەردەکەون کە پێویستە گۆڕانکاری تیادابکرێت،
 
ئەوەشی خستەڕو بەوهۆیەوە لە لیژنەی داکۆکیکردن لەمافی ئافرەت پێشنیازێک لە لایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە ئیمزاکراوەو ئاراستەی سەرکۆکایەتی پەرلەمانکراوە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە.
 
یاسای بەرەنگار‌بونەوەی توندو تیژی خێزانی ژمارە (٨ی ساڵی ٢٠١١) ماوەی (١٢) ساڵە لە هەرێمی کوردستان دەرچوە. خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاساکە لە پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ کراوە. کە تێیدا چەندین گۆڕانکاری تێدا دەکرێت بۆ قورسکردنی سزاکان و گۆڕانکاری لە مادەکانی یاساکە.
 
 
* ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە میدیادا' بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، کە لەلایەن رادیۆی دەنگەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامادە کراوە.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,355,918     ژمارەی میوان 888

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە