* نەوژین – سارا فەرهاد
گوڵشەن، ماوەی (٣) ساڵە دوکانێکی گوڵفرۆشتنی لە قەزای سەیدسادق، کردوەتەوە خاوەن پێداویستی تایبەتە و لەسەر عەربانەکەی کارەکانی رۆژانەی دەکات باوکیشی دەڵێت " لە پشتی دەبم بۆ هەر کارێک کە دەیکات".
گوڵشەن ساڵح، تەمەن (٢٤) ساڵە دانیشتوی قەزای سەیدسادقی سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە، ماوەی (٣) ساڵە دوکانێکی تایبەتی بە گوڵفرۆشتن و بابەتی دیاری کردوەتەوە لەگەڵ کارەکەشیدا گوڵشەن، دەخوێنێت ئەو دەڵێت: "کار کردن نابێتە رێگر لەبەردەم خوێندنەکەمدا و خوێندکاری قۆناغی ١٢ی زانستیم و بەردەوامم و کۆڵ نادەم لە کارەکەم".
خێزانەکەی بون بە پاڵپشی بۆ کچەکەیان تاوەکو ببێتە خاوەن ئابوری سەربەخۆی خۆی، ساڵحی باوکی بۆ نەوژین وتی: "ئێمە پشتگیری دەکەین و شانازی پێوە دەکەین گوڵشەن کۆڵ نادات و بەردەوامە، منیش تا پێم بکرێت لە پشتی دەبم بۆ هەر کارێک کە دەیکات".
هەروەک کڕیارانی گوڵشەن، خۆشحاڵن کە کچێک لە قەزاکەیان کاردەکات رۆژان عومەر، کڕیارێکی گوڵشەنە دەڵێت : هەندێ سەرنج و سەلیقەی خانمان وردترە تا پیاوان , باشتر دەتوانێت داواکاریەکەی من جێبەجێ بکات واتە من وەک بوکێک بچمە لای باشتر لەوە تێدەگات کام گوڵ جوانتر و گونجاوتر ئەبێت، یان ئەوەی من داوای ئەکەم بۆم ئامادە دەکات"..
عەلی کامەران، یەکێکیترە لە کڕیارەکانی گوڵشەن، ئەو دەڵێت: "من زۆر لە کارەکانی رازیم، دیزاینێکی جیاواز بەکار دێنێت لە رازاندنەوەیدا".
گوڵشەن، بەردەوامە لەکارەکەی و دەڵێت: "بۆ ئەوەی چاوەڕێی دەستی کەس نەکەم کاردەکەم بۆیە بەهێزەوە بەردەوام دەبم".
* ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە میدیادا' بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، کە لەلایەن رادیۆی دەنگەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامادە کراوە