ئه‌و ئافره‌تانه‌ى پرۆتین به‌كارده‌هێنن ده‌بێت وه‌رزشێكى چڕ ئه‌نجامبده‌ن

2022/01/06    1300 جار بینراوە
 
* نه‌وژین - هۆزان فەریق
 
ته‌واوكه‌رى خۆراكى(پرۆتین) ناوێكى ئاشنایه‌ به‌ وه‌رزشكاران به‌ گشتى و یاریزانانى له‌شجوانى به‌تایبه‌تى، به‌و پێیه‌ى گرنگیه‌كى تایبه‌تى هه‌یه‌ له‌ زیادكردنى توانانى یاریزانان و رێكخستن و ته‌واوكردنى ئه‌و خۆراكانه‌ى كه‌ رۆژانه‌ به‌ كارى ناهێنن.
 
ته‌واوكه‌رى خۆراكى له‌ پاڵ سوده‌كانیدا ده‌بێت ئاماژه‌ به‌ زیانه‌كانى بكرێت كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ هۆشیارییه‌وه‌ به‌ كارنه‌هێنرێت زیانى زۆر له‌ كه‌سى به‌كارهێنه‌ر ده‌دات.
 
ئەسما حەمید، ١١ ساڵه‌ یاریزانى یارى لەشجوانییه‌، ماوەی چوار ساڵە پرۆتین وەک تەواوکەری خۆراک به‌كارده‌هێنێت، ئه‌و له‌باره‌ى به‌كارهێنانییه‌وه‌ ده‌ڵێت: "لەژێر چاودێری راھێنەرێکی  پێشکەوتو و بەپێی شارەزایی خۆشم  پرۆتین بەکاردەھێنم، دەبێت بزانیت چۆن و کامە بەکاردەھێنیت".
 
ئەسما، وتیشى: تائەم ساتە ھیچ زیانێکی جەستەی به‌ من نه‌گه‌یاندوه‌ و له‌كاتى به‌كارهێنانیدا ئاو زۆر ده‌خۆمه‌وه‌، چونكه‌ ده‌زانم پێویستى به‌ ئاو خواردنه‌وه‌یه‌، بۆ ھەر یاریزانێكیش پرۆتین پێشنیار بکەم ئەوە پرسی دکتۆر دەکەم. 
 
به‌شێكى زۆرى وه‌رزشكاران ته‌واوكه‌رى خۆراكى به‌كارناهێنن و باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وان وه‌رزش بۆ ته‌ندروستى جه‌سته‌یان ده‌كه‌ن بۆیه‌ پێویستیان پێى نابێت.
 
شەیما حسێن، کچە یاریزانێکی لەشجوانیە لەقەزای کەلار و ماوەی سێ ساڵە یاری لەشجوانی دەکات، ئەو بۆ نەوژین دواو وتی: من پرۆتین و ماده‌ى وزەبەخش بەکارناھێنم، چونكە من وەرزش بۆ تەندروستی دەکەم و ئەو مادانەش بۆ جەستە تەندرەست نین.
 
ئه‌و رێگایه‌كى دیكه‌ وه‌ك جێگره‌وه‌ى پرۆتین به‌كارده‌هێنێت كه‌ ئه‌ویش خواردنى خورما و مۆز و شیره‌ و په‌تاته‌یه‌، ده‌ڵێت: به‌و خواردنانه‌ پرۆتینێكى ته‌ندروست ده‌ست ده‌خه‌م بەو رێچکە خۆراکیە زۆر سودمەندبوم و گەشتوم بەو ئاستەی دەمەوێت.
 
شێوازى یاریكردن و كاته‌كانى یاریكردن رۆڵى له‌ به‌كارهێنانى ته‌واوكه‌ره‌ خۆراكیه‌كاندا هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌ وته‌ى راهێنه‌رێكى له‌شجوانیه‌.
 
ئیمان ئه‌كبه‌ر، راھێنەری ھۆڵی لەشجوانی ئافرەتانه‌ و ھەڵگری بڕوانامەی (c.b.a) تایبه‌ت بە بەکارھێنانی پرۆتین و مادەی وزەبەخش به‌ نەوژینى راگه‌یاند: گه‌ر كه‌سێك خواستى ئه‌وه‌ى هه‌بێت به‌شێوه‌یه‌كى گشتى ببێت به‌خاوه‌ن له‌شێكى ته‌ندروست، روژانه‌ به‌تێكڕاى (٣٠بو٤٠) خوله‌ك له‌روژێكدا و سێ روژ له‌هه‌فته‌یه‌كدا وەرزشبکات ئه‌وا ده‌توانیت ته‌نها به‌خواردنى سروشتى و ئه‌و خواردنانه‌ى كه‌ رۆژانه‌ له‌ماڵه‌كاندا ده‌خورێت و پرۆتینى سروشتیان تێدایه‌ بڕى پێویستى له‌ش له‌پرۆتین به‌ده‌ست بێنیت".
 
له‌ وه‌ڵامى پرسیارى ئه‌وه‌ى کێ پێویستی به‌ به‌كارھێنانی پرۆتینە ئیمان، وتى: گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت كێشى سه‌ربخات و ماسولكه‌ به‌ده‌ست بهێنێت ده‌توانیت سودمه‌ندبیت له‌ته‌واوكه‌ره‌ خۆراكیه‌كان.
 
"ئه‌وه‌ى باسى زیانى ده‌كرێت هۆرمۆن و وزه‌به‌خشه‌كانه‌". ئیمان ئه‌كبه‌ر واده‌ڵێت.
 
پسپۆڕێكى بوارى خۆراك باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ خواردنى پرۆتین له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكى دیكه‌ ده‌گۆڕێت.
 
دیار محەمەد، ھەڵگری بڕوانامەی ماستەر لەزانستی خۆراکی و فیسۆلۆجی به‌ نه‌وژینى وت: خواردنی پرۆتین لەکەسێکەوە بۆکەسێکی تر دەگۆرێت، دەبێت بە رێژەیەکی دیاریکراو بخورێت.
 
پسپۆڕەکەى بوارى خۆراك چەند خاڵێک دیاری دەکات کەدەبێت رەچاو بکرێت لەلایەن ھەر کەسێکەوە بۆ چۆنیه‌تی بەکارھێنانی پرۆتین، ئه‌وانیش: رەگەز و قەبارەی لەش و تەمەن و نەخۆشییه‌.
 
بەپێی پەیمانگەی پزیشکی The Institute of Medicine مرۆڤ پێویستە بەلایەنی کەمەوە 10٪ کالۆری رۆژانەی لە پرۆتینەوە بەدەست بهێنیت و زیاتریش نەبێت لە 35٪.
 
دیار محه‌مه‌د، له‌باره‌ى سوده‌كانى پرۆتینه‌وه‌ جه‌ختى له‌وه‌كرده‌وه‌: سودى ده‌بێت بۆ دروستكردنى ماسولكه‌ و یارمه‌تى دابه‌زینى كێشى له‌ش ده‌دات.
 
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى چ كه‌سێك پێویستى به‌وه‌یه‌ رۆژانه‌ پرۆتین به‌كاربهێنێت پسپۆڕه‌كه‌ى بوارى خۆراك ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: كه‌سێك كه‌ وه‌رزشكار نه‌بێت پێویست ناكا ته‌واوكه‌رى خۆراكى به‌كاربهێنێت بۆ ژانى رۆژانه‌ى و ئه‌وانه‌ى دیكه‌ش كه‌ به‌كارى ده‌هێنن ده‌بێت له‌ژێر چاودێرى پسپۆڕێكى خۆراكیدا به‌كارى بهێنن و مه‌به‌ستى به‌كارهێنانه‌كه‌ى دیارى كراوبێت.
 
ده‌شڵێت: ئەگەر یاریزان تەواوکەری خۆراکی بەکارنەھێنا پێویستە پەیڕەوی پرۆگرامێکی زۆرباشی خۆراکی بکات كه‌ لە ژێر چاودێری پسپۆڕێکی خۆراک بۆی دانرابێت لەگەڵ  بەرنامەیەکی باشی وەرزش کردن و نوستن، دەبێت بزانرێت ئەو یاریزانە پێویستی بەچەند گرام پرۆتینە.
 
* ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە میدیادا' بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، کە لەلایەن رادیۆی دەنگەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامادە کراوە.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,665,030     ژمارەی میوان 290

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە