بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی سۆران: لە قەزاکە کچان بە زۆری روبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە

2021/12/19    962 جار بینراوە
 
* نەوژین - پەرژین کامەران
 
بەڕێوبەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لە قەزای سۆران رایدەگەیەنێت لە قەزاکە زۆرترین توندوتیژی روبەڕوی کچان دەبێتەوە، چالاکوانێکی داکۆکیکاری مافەکانی ژنان لە قەزاکە دەڵێت: " دورە دەستی قەزاکە لە رێکخراوەکان و زاڵبونی دابونەریت وایکردوە ژنان بێدەنگبن لە بەرامبەر توندوتیژیەکان و داکۆکیکاریشیان نەبێت وەک پێویست".
 
ماوەی دو ساڵە هیچ حاڵەتێکی کوشتنی ژن بە بیانوی شەرەف لە قەزای سۆران تۆمارنەکراوە، بە پێی ئامارەکانی ماڵپەڕی بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەتان، هەروەک لەماوەی دە مانگی ئەمساڵدا (١) حاڵەتی خۆ کوشتن، (٧) حاڵەتی خۆسوتان، (٧ ) دەستدرێژی سێکسی لەگەڵ (٢٧٢) سکاڵا تۆمارکراوە.
 
موقەدەم شێروان خالد، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگار بونەوەی توندوتیژی قەزای سۆران بۆ نەوژین، وتی: "زیاتر کچان ڕوبەڕوی حاڵەتی توندو تیژی ئەبنەوە لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە هەڕەشەی کوشتن یاخود بڵاو کردنەوەی وێنەیان لێ دەکرێت".
 
هەروەک ئاماژەی بەوەکرد دۆخی ژنان و توندوتیژییەکان بە بەراورد بە شارەکانی تر لە ئاستێکی باشدایە، لەگەڵ ئەوەشدا خۆسوتان لە ئاستێکی بەرزدایە ئەو دەڵێت: " رێژەی سوتان و خۆسوتانی ژنان رو لە بەرزبونەوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لەچاو ساڵانی رابردو بەهۆی هۆشیاری تاک و خێزانەوە زۆربەی ئەو هاوسەرانەی لەماڵەوە روبەڕوی توندوتیژی ئەبنەوە پەیوەندی بە هێڵی گەرم و پەیجی فەرمیەوە دەکەن یاخود سەردانی  بەڕێوبەرایەتیمان دەکەن بۆچارەسەی کێشە کانیان".
 
"کلتور رێگرە لەوەی ژنان داکۆکی لە مافەکانیان بکەن"
 
ئەمە لە کاتێکدایە لە قەزای سۆران، رێکخراوێکی ژنان بونی نیە چالاکوانێکی داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان باسلەوەدەکات کلتور تا ئێستا لەو شارە زاڵەو بەشێکە لە چەوساندنەوەی ژنان.
 
کەلسوم گزنەی، چالاکوانی مەدەنی، لە سۆران بۆ نەوژین وتی:" لێرە رێکخراوی تایبەت بە پرسی ژنان نیە، ئەمەش نەنگیە هۆکاری ئەمەش باگراوەندی کۆمەڵایەتی و کلتوری و ئاینی لەگەڵ دوره دەستی ناوچەکە کەمتر دەستی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بەو سنورەی ئێمە دەگات".
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,288     ژمارەی میوان 842

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە