هەڕەشەو هەراسانکرنی سێکسی دژ بە ژنان لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دەگاتە حاڵەتی مەترسی

2021/12/13    1392 جار بینراوە
 
* نەوژین - رێناس ساڵح
 
هەڕەشەو هەراسانکردنی سێکسی دژ بە کچان و ژنان دەگاتە ئاستی مەترسی دار بە پێی ئەو داتاو زانیاریانەی گەشتوە بە رێکخراوی خانزاد لە رێگەی نوسینگەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی، ئەمە لە کاتێکدایە  زۆربەی ئەو کەسانەشی پەیوەندی بە هێڵی گەرمی(١١٩) ەوە دەکەن بۆ کێشەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانە، ئەندامێکی داواکاری گشتیش دەڵێت: ژنان بون بە قوربانی لەم نێوەندەدەدا بەهۆی نەبونی بەڵگە و نەشارەزایان لە بواری دیجیتاڵی. چارەسازکی دەرونیش ئاماژەبەوەدەدەکات خێزانەکان توشی دابڕانێکی زۆربون زۆربەی کاتەکانیان لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەسەردەبەن لە بری ژیانی واقعی .
 
فێنک کەمال، بەڕێوبەری بەشی پرۆژەکان لە رێکخراوی کۆمەڵایەتی خانزاد، ئاماژەبەوەدەکات کێشەکان بەهۆی خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایتیەکان بە پێی زانیاریەکانی ئەوان گەشتۆتە ترۆپکی توندوتیژیەکان دژ بە ژنان، دەرئەنجامی ئەوەش ئەمساڵ کۆنفراسی تایبەتیان بەو پرسە ئەنجامداوە.
 
ئەو بۆ نەوژین وتی: ساڵانە بۆ هەڵبژاردنی کۆنفرانەسەکە پرس و را بە بەڕێوبەرایەتیەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دەکەین، بۆ ئەمساڵ ئەوەندەی تێبینیمان کردوە هەردولامان دیاردەی کیشەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان لە ترۆپکدابوە، بۆیە بڕیارماندا بۆ ئەمساڵ کۆنفرانسەکەمان تایبەت بکەین بەم پرسە.
 
 
نوری سەعید، ئەندامی داواکاری گشتی، لە بارەی ئەو کەیسانەوە وتی: رۆژانە لەم جۆرە سکاڵایانە دێتە دادگاکان، بەگشتی ژنان قوربانین تێیدا لەگەڵ ئەوەشدا کێشەیان لاوازی بەڵگەیە دادگاش مامەڵە لەگەڵ بەڵگەو راستی تاوان دەکات، دەبێت هەرکەسێک روبەڕوی هەراسانی ئەلیکرتۆنی دەبێتەوە پێش هاتنە دادگا هەوڵی دەست خستنی بەڵگە بدات.
 
بە وتەی ئەو ئەندامەی داواکاری گشتی، بەشی زۆری تاوانە ئەلیکترۆنیەکان بە ژمارەی نافەرمی(بێ ناونیشان) دەکرێت جا دروستکردنی هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بێت لەسەر ئەو ژمارە یاخود بەکارهێنانی ژمارەکە بێت لەپەیوەندی لەگەڵ قوربانیەکان. 
 
 
 
نوری سەعید، ئەندامی داواکاری گشتی گەرمیان لە کۆنفرانسی تاوانە ئەلیکترۆنیەکان لێکەوتەکانی لە کۆمەڵگا
 
لە بارەی رۆڵی دادگاکان لە بەسزاگەیاندنی تاوانباران یاخود راگرتنی ژمارەی بێناونیشان و فرۆشتنیان لە بازاڕەکان ئەندامەکەی داواکاری گشتی لە گەرمیان، وتی: سیمکارتی بێناسنامە وەک میوەو سەوزە لە بازاڕەکان دەفرۆشرێت، چەندجار ئەم داواکاریەمان گەیاندوەتە داواکاری گشتی هەرێم، ئەنجومەنی دادوەری، بەڵام لەبەر ئەوەی کۆمپانیاکانی پەیوەندی بابەتێکی سیاسیە دەسەڵاتیان هەیە ئەم بابەتە حل نابێت، لەسەر پەڕەو بە قسە دەڵێن ئاوا حل دەبێت بەڵام بە واقعی هیچ حلێکی بۆ دانەنراوە.
 
هەراسانکردن و هەڵخەڵەتاندن تا گەشتن بە هەڕەشەکردن لە کچان و ژنان بەشێوەیەکە کە قوربانیەکانی وەک تارمایەک  ئەو ترسەیان بەشوێنەوە بمێنێت.
 
وەک فرمێسک محەمەد، چارەسەرکەری دەرونی لە میانەی کۆنفراسی تاوانە وەلیکترۆنیەکان و لێکەوتەکانی لە کۆمەڵگە رایگەیاند: کچان، هاوڕەگەز خوازان، کەسانی ئابوری لاواز لەگەڵ بەکارهێنەری بەردەوامی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بە پێی توێژینەوەکان قوربانی سەرکی ئەم تاوانەن بەشێوەیەک بۆ داهاتوشیان وەک مۆتەکە بە شوێنیانەوەیە بەنمونە کچێک بکەوێتە دۆخێکی لەم شێوەیەوە تەنانەت ترسی لە هاوسەرگیریش هەیە بەوەی دواتر ئەو بابەتە بگاتەوە هاوسەرەکەی.
 
فرمێسک محەمەد، باسیلەوەشکرد، دابڕانی کەسەکان لە ژیانی واقعی و پەیوەست بونیان بە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان ئەم دەرئەنجامەی دەبت بۆیە چارەسەرکردن لە روی سایکۆلۆژیەوە دەبێتە فریادڕەس بۆ کەمبونەوەی ئەم تاوانە.
 
زۆرترین پەیوەندی بە هێڵی گەرمی (١١٩) کێشەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانە
 
 
ئەمە لە کاتێکدایە ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەتان ئاماری تایبەتی بەم جۆرەی توندوتیژی بە جیا نەخستۆتەڕو، بەڵام لە ماوەی رابردودا بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی راگەیاندن و پەیوەندیەکانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی  لە لێدوانێکیدا بۆ نەوژین ئەوەی خستەڕو کە بەشی زۆری ئەو کەسانەی پەیوەندی بە هێڵی گەرمی (١١٩) دەکەن بەهۆی کێشەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوەیە.
 
فێنک کەمال، لە بارەی دەرئەنجامی کۆنفراسەکەیان بۆ ئەم پرسە، ئاماژەی بەوەکرد: بۆ کارکردن لەسەری راسپارەکانی پێشەکەش بە پەرلەمان و حکومەت دەکەن بۆ ئەوەی کاری لەسەربکەن وەک رێکخراوەکەش لە چالاکیەکانیان کاری لەسەردەکەن.
 
 
فێنک کەمال، بەڕێوبەری پرۆژەکانی رێکخراوی کۆمەڵایەتی خانزاد، وێنە: نەوژین
 
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,360,414     ژمارەی میوان 2569

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە