* نەوژین
نازناوی ژنە ئاسنینەکەی پێبەخشراوە، خەڵکی وڵاتەکەی بە دایە بانگی دەکەن، ماوەی (١٦) ساڵ کەسی یەکەمی ئەڵمانیایە، ئەو ئەنگێلا مێرکڵە، یەکەم ژنە راوێژکاری ئەڵمانیایە کە ئەمڕۆ ماڵئاوایی لە کورسی دەسەڵات دەکات، کە چەندین ساڵە یەکێکە لە بەهێزترین ژنەکانی جیهان.
مێرکڵ، ماوەى (16) ساڵە کەسى یەکەمى ئەڵمانیایە و پۆستى راوێژکارى وڵاتەکەى بەدەستەوەیە، لەماوەى سەرۆکایەتییەکەیدا رۆڵى گەورەى بینى لە کۆمەڵێک قەیران و روداوى گەورە بەتایبەت پرسى کۆچبەران و روبەڕوبونەوەى تیرۆر لە جیهاندا، دوای (١٦) ساڵ لە دەسەڵات ئەمڕۆ لەگەڵ دەستبەکاربونی حکومەتی نوێی ئەڵمانیا دەستبەرداری پۆستەکەی دەبێت.
ئەنگێلا کاسنەر، بروانامەی دکتۆرای لە بواری کیمیا فیزیادا هەیە، لە ساڵی(١٩٥٤) لە ئەڵمانیای رۆژئاوا لە دایک بوە، لە ساڵی ١٩٨٩چۆتە ناو دونیای سیاسەت، لە ساڵی (١٩٩٤) بو بە وەزیری ژینگە، لە ساڵی (٢٠٠٢) بو بە سەرۆکی حیزبی مەسیحی ، پاشان لە ساڵی (٢٠٠٥) بو بە یەکەم راوێژکاری ژن لە ئەڵمانیا کە سەرکردایەتی وڵات بکات.
بەبێ جەنگ ئەڵمانیای کرد بە وڵاتێکی زلهێز
ئەوەی مێرکڵ کردی بە بنەمای کاری ئەوەبو دەمارگیریەکی نەتەوەیی لە کارەکەی دورخستەوە، تەنھا لە رێگەی كاركردنێكی لێھاتوانە، توانی ئەڵمانیا بکات بە یەکێک لە وڵاتە زلهێزەکانی جیهان، بە بێ ئەوەی هیچ جەنگێک بەرپابکات، وانی سەرکەوتنی گەورەی پیشەسازی بۆ ئەڵمانیا بە دیبهێنێت، ریژەی بیکاری لە وڵاتەکەیدا بە شیوەیەکی یەکجار کەم تۆمارکرا.
سەرۆکی فەڕەنسا: "سوپاس مێرکڵ بۆ هەمو ئەوەی بۆ ئەوروپات کرد"
بەهۆى بەهێزى کەسایەتییەکەیەوە ماوەى چوار خول بە راوێژکارى ئەڵمانیا هەڵبژێردرایەوە، بەڵام چەند ساڵێک پێشتر رایگەیاند کۆتا خولى پۆستەکەى بەڕێدەکات، بۆ ماڵئاوای لە شاری بەرلین، ئیمانوێل ماککرۆن، سەرۆککۆماری فەڕەنسا، رێوڕەسمێکی رێزلێنانی بۆ رێکخست. ماکرۆن پێی وت: "سوپاس مێرکلی ئازیز بۆ هەمو ئەو شتانەی کە بۆ ئەوروپا کردوتە". ماکرۆن خاچی گەورەی بەخشییە مێرکل، کە بە بەرزترین خەڵاتی رێزلێنان لە فەڕەنسا دادەندرێت.
هەروەک لە دوای دەست لە کارکێشانەوەی، هاوڵاتیانی ئەڵمان بۆ ماوەی (٦)خولەک بە گەرمی چەپڵەیان بۆ لێدا، چونکە هیچ شتێک نەیتوانی لە خشتەی بەرێت، وازی لە پۆستەکەی هێنا، لە دوای ئەوەی وڵاتی ئەڵمانیای لە لوتکەدا بەجێهێشت، (١٨)ساڵ، جلوبەرگە کۆنەکانی نەدەگۆڕی، بەشێوەیەک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، رۆژنامەنوسێک لێی پرسی، تۆ ئەم تاقمە جلەت زۆر دوبارە لە بەری دەکەیتەوە، ئایا جگە لەمە هێجی ترت نییە؟ لە وڵامدا وتی: "من کارمەندێکی حکومییم، کاری مۆدێلاتی جلوبەرگ ناکەم". ئەمە لە کاتێکدایە مێرکڵ رایگەیاند، دوای دەستبەرداربونی لە پۆستی راوێژکاریی لە شوقەکەیدا لەبەرلین سەرقاڵی بەڕێکردنی ژیان دەبێت .
رۆژى (٢٦/٩/٢٠٢١) بە بەشدارى زیاتر لە (٦٠) ملیۆن دەنگدەرى ئەڵمانیا، هەڵبژاردنی بیستەمین خولی ئەنجومەنى فیدراڵیی، دوای (١٦) ساڵ کۆتایی بە باڵادەستبونی هاوپەیمانێتیی پارتە مەسیحییەکانی ئەو وڵاتە هێنرا.