هەولێر : توندوتیژەکان دژ بە ژنان دەگاتە ئاستێکی بەرز

2021/11/30    886 جار بینراوە
 
* نەوژین – پەرژین کامەران
 
بە تۆمارکردنی (٤٤) تاوانی کوشتن و خۆکوشتن و خۆسوتاندنی ژنان لە سەنتەری شار و قەزا و ناحیەکانی پارێزگای زەنگێکی مەتریسدارە بەڕێوبەری رێکخراوێکی ژنان باسلەوەدەکات حکومەت میکانزمی بەهێزی بۆ روبەڕوبونەوەی توندوتیژی نیە.
 
بە پێی ئامارەکانی ماڵپەڕی وەزارەتی ناوخۆ ئاماری بەڕێوبەرایەتیەکانی بەرەنگار بونەوەی توندو تیژی دژ بە ئافرەت و خێزان  لەماوەی دە مانگی ئەمساڵدا لە شاری هەولێر(٤٫٤٧٧)حاڵەتی توندو تیژی تۆمار کراو بەم شێوەیە کوشتن (٤)،خۆکوشتن (١٤)، سوتان (٣)، خۆسوتان (٢٣)،سکاڵا (٤٫٣٨٩)، سێکسی (٤١).
 
مقدەم فەرمان محمد، بەڕێوبەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت و خێزانی هەولێر، ئاماژەبەوەدەکات بە پێی ئەو ئامارانەی بەردەستیانە توندو تیژی لەسەنتەر و قەزاکان رێژەی تۆمارکردنی سکاڵاکان زۆر زۆر زیاترە لە دەوروبەریان.
 
لەبارەی هۆکارەکەیەوە بۆ نەوژین وتی: "رەنگە هۆکار چڕی دانیشتوانبێت یان هۆکاری دیکە لە ناو شارەکان کێشەی ئابوری زیاتر بێت، یان ئەوەتە هۆکاری تر رەنگە ئافرەتان  لەناو شارەکان هۆشیار تربن، زیاتر ئاگەداری ماف و ئازادییەکان بن بۆیه رێژەی تۆمارکردنی سکاڵاکان بەرزترە".
 
رێکخراوەکانی ژنان: زیادبونی توندوتیژی دژ بەژنان چاوەڕوانکراوە
 
زیادبونی رێژەی توندو تیژییە خێزانیەکان رێکخراوەکانی ژنان به شتێکی سەرسوڕهێنەری نازانن و لەو بارەیەوە بەڕێوبەری ڕێکخراوی ئێمە بەهار علی، بۆ نەوژین وتی: "زیاد بونی توندو تیژییەخێزانیەکان پێم وانیە شتێکی تازەبێت، توندو تیژی زۆر زۆرە پێشتریش هەر زۆربوە و لە زیادبونیشایە".
 
ئەو میکانزمی حکومەت بەلاواز دەبینێت بەرامبەر بە کۆتایی پێهێنان و کەمکردنەوەی کوشتن و توندوتیژی دژ بە ژنان وتی:  "لەبەر ئەوەی تا ئێستا میکانیزمی حکومەت  و دامو دەزگاکان کە کار دەکەن لەسەر بەرەنگار بونەوەی توندوتیژی، ئەوەندە زۆرنین وەکو ژمارە، هەروەک  ئیمکانیەت و توانایەکی باش تەرخان نەکراوە بۆ روبەرو بونەوەی توندو تیژی دژ بە ئافرەتان بۆیە توندو تیژیەکان لە زیاد بونایە".
 
ئەمە لە کاتێکدایە لە چالاکیەکانی ١٦ رۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان بەرپرسانی حکومەت باس لەوەدەکەن کە چەندین کاری زۆرگرنگیان بۆ پرسی ژن کردوە، بەرپرسێکی یەکسانی جێندەر لە وەزارەتی داد هۆشیارکردنەوەی ژنان بە چارەسەر دەزانێت بۆ روبەڕوبونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای رەگەز و قبوڵی توندوتیژیەکان نەکەن.
 
رۆژگار موحسن، بەرپرسی یەکەی یەکسانی جێندەر و مافی مرۆڤ لەوەزارەتی داد، بۆ نەژوین وتی: ئێستا توندو تیژی ئەلکترۆنی زیاتر بەربڵاوە، دەستدرێژی و هەڕەشەی ئەلکترۆنی بەرامبەر بەکچان و ژنان، بۆیە دەبێت هەوڵبدرێت ژنان هۆشیار بکەنەوە لەڕێگەی خول و سیمینار و سەردانی مەیدانی لەگەڵ ئەوەشدا لە رێگەی میدیا و راگەیاندنەکانەوە ئەم پرسە بە چڕی کاری لەسەر بکرێت.
 
٦٣٪ ئەوانەی پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ١١٩ دەکەن بەهۆی گێچەڵپێکردنەوەیە
 
لە پارێزگای هەولێر توندو تیژی گێچەڵکرنی ئەلکترۆنی و دەروونیەکان لە ئێستادا بەڕێژەیەکی بەرچاو روبەڕوی ژنان ئەبێتەوە.
 
مقەدەم فەرمان محمد، هێمای بەوەکرد: جۆری توندو تیژی کە لەسەرەوەی توندو تیژییەکانە توندوتیژییە دەرونیەکانن، کە بریتیە لە هەڕەشە، جنێودان،سوکایەتی پێکردن، توندو تیژی جەستەی کەلێدانە یان بێ بەشکردنە لە ماف و ئازادییەکان.
 
ئەو وتیشی: ٦٣٪ ئەوانەی کە پەیوەندی بەهێڵی گەرمی ١١٩ دەکەن گێچەڵ پێکردنە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان هەڕەشە کردن بە بڵاو کردنەوەی وێنەیە لە رێگەی تەکنەلۆجیاوە.
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,502     ژمارەی میوان 982

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە