نەوژین وەک باشترین میدیای عێراق هەڵبژێردرا

2021/11/10    853 جار بینراوە
 
٭ نەوژین
 
میدیای (نەوژین) وەک باشترین ده‌زگاى میدیایی بۆ روماڵی پرسە نیشتیمانیەکانی ژنان لەسەر ئاستی عێراق، هەڵبژێردرا.
 
ئەمڕۆ لە فستیڤاڵی پرۆژەی ئەسواتونای رێکخراوی ئینتەرنیوز، میدیای (نەوژین) وەک باشترین دەزگای میدیایی عێراق خەڵات کرا لە پای روماڵی پیشەیانەی پرسە نیشتیمانیەکانی تایبەت بە ژنان، بەشێوەیەک لەماوەی ساڵی ٢٠٢١ دا (٥٢٨) راپۆرت و دیدار و هەواڵی تایبەتی بە: پرسی یەکسانی جێندەری، هەستیاری جێندەری، مافی ژنان، توندوتیژی لەسەربنەمای رەگەز و چیرۆکی سەرکەوتنی ژنانی، روماڵکردوە.
 
فستیڤاڵەکە تایبەت بو بە دیاری کردنی باشترین دەزگای میدیای لە عێراق لەگەڵ هەڵبژاردنی سێ باشترین ژنە رۆژنامەنوس کە وەک رۆژنامەنوسی ساڵ هەڵبژێردران، تيايدا سەرنوسەری (نەوژین)، خەڵاتی باشترین ژنە رۆژنامەنوسی عێراقی بەدەستهێنا.
 
 
رێناس ساڵح، سەرنوسەری نەوژین لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتی یەکەمی ژنە رۆژنامەنوسی ساڵ لەسەر ئاستی عێراق وێنە: رێکخراوی ئینتەرنیوز
 
نەوژین دەستپێشخەرییەکی میدیایی ئەلیکترۆنی تایبەت بە پرسی ژنە، گرنگیی دەدات بە: تیشکخستنەسەر پرسی ژن، تەنگژەکانی بەردەم ژنان، شۆڕبونەوە بە قوڵایی کێشەکانی ژنان و یەکسانی جێندەریی و وەستان لەسەر ھۆکار و لێکەوتەکانیان، بایەخدان بە بەرەوپێشەوەچونەکانی پرسی ژن و پاڵپشتیکردنی میدیایی دەستپێشخەرییەکانی ژنان.
 
ئەم سەکۆ ئەلیکترۆنیە کە ئێستا خۆی لە: وێبسایتێک و ژمارەیەک پەڕە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی: فەیسبوک، ئینستاگرام و یوتیوب دەبینێتەوە، لە مانگی تشرینی دوەمی ٢٠٢٠ـەوە وەشانی خۆی دەستپێکرد. لەبنەڕەتیشەوە لە کانونی دوەمی ٢٠١٦ـەوە وەکو رۆژنامەیەکی تایبەتمەندی لۆکاڵی لە ناوچەی گەرمیان مانگانە چاپ و بڵاو دەکرایەوە، دوای نزیکەی چوار ساڵ و دەرکردنی ٤٥ ژمارە، وەشانی چاپیی رۆژنامەکە راوەستا و وەکو سەکۆیەکی ئیلیکترۆنی بەردەوام بو.
 
سەکۆکە لەلایەن رادیۆی دەنگ بە پاڵپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی (NED) دەستی بە وەشان کردوە، ستافی سەرەکی سەکۆکە ٣ ژنە رۆژنامەنوسن لە کەلار، لەگەڵ ژمارەیەک (نزیکەی ١٢) لە ژنانی رۆژنامەنوس و پەیامنێر لە شار و ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستان.
 
ئەگەرچی تەمەنی سەکۆکە کەمترە لە ساڵێک، بەڵام توانیویەتی زیاتر لە (٥٢٨ ) بابەتی رۆژنامەوانی جیاواز بەرھەمبھێنێت و بڵاوبکاتەوە، ئەم بابەتانەش لێکەوتەی باشیان ھەبوە، بەتایبەتی کە ھەندێک لەوانە لەلایەن دەیان دەزگای رۆژنامەوانی و ماڵپەڕ و سەکۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە جارێکی تر بڵاوکراونەتەوە.
 
چەند دیمەنێک لە فستیڤاڵی ئەمساڵ دیاری کردنی باشترین میدیایی عێراقی و رۆژنامەنوسی ژن لە عێراق بۆ روماڵی پرسی ژنان.
 

پەرژین کامەران، نوێنەری نەوژین لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتی باشترین میدیایی عێراقی بۆ روماڵی نیشتیمانی پرسی ژنان بۆ ساڵی ٢٠٢١

وێنە:رێکخراوی ئینتەرنیوز

 

 

رێواس فایەق، سەرۆکی پەرلەمای کوردستان وتارێک لە مەرسیمەکە پێشکەش دەکات

 

 

 

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,369,054     ژمارەی میوان 368

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە