ناچارکردنیان بە لەشفرۆشی لەلایەن مەحرەمەکانیانەوە بەرۆکی ئافرەتانی کوردستان و عێراق دەگرێت

2021/10/21    1235 جار بینراوە
* نەوژین –  رێناس ساڵح
 
"هەرگیز رۆژێک ئەوەم بەخەیاڵدا نەهات ئەو کەسەی هاوسەرمە ناچارم بکات سێکس لەگەڵ هاوڕێکانی بکەم". ئەو قورگی نوساو بو، چاوەکانی تێکەڵ بە فرمێسک و واقوڕمان بون، دەستەکانی توند دەگوشی،  نیگه‌رانیش بو له‌وه‌ى یاساکانی وڵاتەکەی پشتیوانی نەبون ئەگەرچی چەند مادەیەکی قورس بۆ ناچارکردنی ژنان بە کاری لەشفرۆشی تێدایە، ئەمەش له‌كاتێكدایه‌ ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق زەنگی مەترسی ئەو تاوانەی دژ بە ژنانی لێدا.
 
حاڵەت یان دیاردەیەکی شاراوە بەناوی "ژن گۆڕینەوە" یان ناچارکردنی ژنان و کچان بە کاری لەشفرۆشی لەلایەن پیاوانی مەحرەمیان، ئەو پرسەیە بەرۆکی ژنانی عێراق و کوردستانی گرتوە، دابونەریت رێگرە لە ئاشكرابونی ئەو تاوانە بۆ رایگشتی، لە بەرامبەردا دواجار ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق زەنگی مەترسی تاوانەکەی لێدا.
 
'شیرین' ناوی خوازراوی قوربانیەکەی تاوانی ناچارکردن بە سێکسە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە، لە تەمەنی ١٤ ساڵی ژیانی هاوژینی پێکهێناوە بە زۆری باوک و براکانی، بەڵا م شیرین وایدەبینی ژیانێکی نوێ دەرگای لێکردوەتەوە کەچی دوای هەفتەی یەکەمی هاوسەرگیریەکه‌ی توشی شۆک دەبێت کە هاوسەرەکەی ناچاری دەکات سێکس لەگەڵ هاوڕێکەی بکات.
 
ئەو دەڵێت: "سەره‌تا بەسەرخۆشی هاوڕێکانی دەهێنایەوە نزیک دەبونەوە لێم، ئەگەرچی بەرهەڵستیم دەکرد، بەڵام دەرەقەتیان نەدەهاتم، من مناڵبوم مێردەکەم دواتر بۆ خەڵەتاندنی من لێی دەدان، ئیتر وردەوردە وایلێهات هاوڕێکانی مێردەکەم برادەری خۆیان دەهێنایەوە بۆ ماڵەوەمان من بوم بە لەشفرۆشی مێردەکەم، زۆر قسەم کرد لەگەڵ باوکم و براکانم، بەڵام پشتی هاوسەرەکەمیان دەگرت، رەنگە ئەوان هەر منیان فرۆشتبێت پێی".
 
پسپۆڕێک: ئەمە ڤایرۆسێکی کوشندەیە بەرۆکی خێزانی گرتوە
 
پسپۆڕێکی دەرونناسی ئەمە بە ڤایرۆسی کوشندە بۆ تێکشکاندنی خێزان دەزانێت لە کاتێکدا باس لەوەدەکات کۆمەڵگەی ئێمە بە شکۆی خێزان و پاراستی پێکەوەیی و رێز ناوی هەیە، بەڵام خەریکە ژنان دەبنە قوربانی لادانە سێکسیەکان.
 
د. کەریم شەریف قەرەچەتانی، مامۆستای زانکۆ و پسپۆری بواری دەرونناسی دەڵێت: کۆمەڵگەی کوردی خێزانی پاک و تەندروستە، بەڵام ئێستا سەردەم گۆڕاوە بەهۆی کرانەوەی ناوچەکە بە خەڵکی جیاواز و تێکەڵبونیان، لەگەڵ ئەوەشدا خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی خوڕەوەشتی جۆراوجۆر بڵاوبۆتەوە لە ناو خەڵەکەکەیدا.
 
ئەو پسپۆڕەی ده‌رونناسی باسی لەو حاڵەتەکرد کە لەکاتی بەرنامەیەکدا باسیکردەوە و هەڵای لەسەر دروستکراوە بەوەی شتی وا لە کۆمەڵگەی ئێمە نیە، وتی: ئەو ژنەی کە مێردەکەی داوای ئەوەی کردوە بگۆڕێتەوە بۆ کاری سێکسی لەگەڵ کەسی تردا،  ئەمە قسەکەی بو: "هاوسەره‌کەم دەڵێت زۆر خێزان هەیە ئەوەدەکات لە فەیسبوک پەیج و ئەکاونت هەیە و دەتوانین پەیوەندی دروست بکەین".
 
 
ئەمە لە کاتێکدایە بە پێی مادەی ٢٩ لە دەستوری عێراق بڕگەی یەکەم تێیدا هاتوە: (خێزان بنەمای کۆمەڵگەیە دەوڵەت پارێزگاری لە قەوارەو بەها ئاینی و رەوشتی و نیشتیمانیەکەی دەکات). لە بڕگەی چوارەم جەخت لەوەدەکاتەوە بەوەی (رێگە نادرێت بە گرتنەبەری شێوازەکانی توندوتیژی و ستەم لە خێزان).
 
ئەم تاوانە روبەڕوی لەیلاش بوتەوە دۆسیەکەی لە یەکێک لە دادگاکانی شارەکانی هەرێـم تۆمارکراوە کاتێک لە گەڵ هاوسەرەکەی پێکەوە دەچنە باخێک بۆ سەیران هاوڕێی مێردەکەشی لە گەڵ هاوژینەکەی دێنە بۆ هەمان باخ، لەیلا هەست بەجۆرێک لە خۆ گێلکردنی مێردەکەی دەکات لەوەشەوەدا، ئەو دەڵێت: "منی پشتگوێدەخست، بەشێوەیەک کاتی خەوتن بەتەنها جێی هێشتم، برادەرەکەی هاتە نزیکمەوە و دەستی بۆ هێنام بە قسەی گەرم، زۆر پەشۆکام بە توندی لێمدا هەڕەشەم کرد و دورمخستەوە".
 
هاوسەرەکەی رەتی دەکاتەوە بە مەبەست ئەوەی کردبێت و لەبەردەم دادوەر وتی: "ئەمە بوختانە بۆ منی دەکات، من بەهیچ شێویەک لەو شەوەدا نیازی کارێکی لەو شێوەم نەبوە ئەگەر بزانم بە دڵنیایەوە هاوڕێکم کارێکی لەوە شێوەیەی کردوە بە دەستی خۆم دەیکوژم".
 
بەڵام لەیلا لە بەردەم دادوەر زۆر دڵنیابو لەوەی هاوسەرەکەی بۆ پاکكردنەوەی خۆی و دەربازبونی لە سزا ئەوە دەڵێت.
 
ئەنجومەنی باڵای دادوەری زەنگی مەترسی بۆ ئەم پرسە لێدەدات
 
لە بەرامبەر زەنگی مەترسی تۆمارکردنی دەیان کەیسی لەو شێوەیە لە دادگاکان رۆژی (٣٠/ئەیلول/٢٠٢١) ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لیژنەیەکی بۆ بەدواداچونی حاڵەتەکانی گۆڕینەوەی ژن و لەشفرۆشی بە ژنانی خێزان بانگەشەکردن بۆیان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پێکهێنا.
 
لە راگەیه‌نراوه‌کەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، هاتوە: لیژنەیەک پێکهێندراوە بۆ بەدواداچونی حاڵەتەکانی بانگەشەکردن بۆ ژن گۆڕینەوە و لەشفرۆشی، ئەوەش دوای ئەوەی چەند حاڵەتێک بۆ بانگەشەکردن بۆ ئەو کارانە هەبون.
 
هۆکارەکانی زۆربونی حاڵەتەکانی "ژن گۆڕینەوە" و ناچارکردنی کچان و ژنان لە ناو خێزانەکان بە کاری لەشفرۆشی بۆ تێکچونی بەها کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێندرێتەوە لەگەڵ نەبونی چاودێری حکومەت، خراپیی دۆخی ئابوری.
 
ئەنجومەنەکە بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی پێکهێناوە، کاری سەرپەرشتیکردنی تۆمارکردنی ئەو پێشێلکارییانە دەبێت لەگەڵ بەرزکردنەوەی راسپاردە لەبارەیانەوە بۆ دادگەکانی لێکۆڵینەوە بە مەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی لەبارەیانەوە.
 
ناچارکردنی ئافرەتان بۆ کاری سێکسی لەلایەن مەحرەمەکانیان و بەکار‌هێنانیان بۆ دەستخستنی پارە بە ناچارکردن یان فێرکردنیان بۆ کاری سێکسی  تەنها ژنانی هاوسەرداری نەگرتوەتەوە بەڵکو باوک و براش لەم دۆسیانە تێوە گلاون.
 
”رۆژێک برازاکانم بە پەشۆکاوی هاتنە ماڵی ئێمە، فرمێسک و ترس و شەرم ئەوانی داپۆشی بو، بە دەنگێکی لەرزۆک کچە گەوەرەکەیان وتی مامە گیان باوکم گێچەڵم پێدەگرێت و دەیەوێت سێکسم لەگەڵ بکات“. ئەمە بۆ مامی سەنا و سارا شۆکێک بو، بەشێوەیەکی راستەوخۆ سکاڵا لەسەر براکەی تۆمار دەکات، دۆسیەکەی لە دادگای یەکێک لە پارێزگاکان تۆمارکراوە و لەبەر هەستیاری بابەتەکە لەناو کۆمەڵگەی کوردی ناوەکان پارێزراون.
 
سەنا تەمەنی ١٦ ساڵە ئەو بە مناڵی بە زۆر بەشودراوە لەلایەن باوکیەوە، بەڵام ناتوانێت بەردەوامبێت لە ژیانکردن لەگەڵ هاوسەره‌کەی و  جیادەبێتەوە، دوای جیابونەوەی دێتەوە لەگەڵ باوکی و خوشکە ١٤ ساڵەکەی دەژێت، کە ماوەی چەند ساڵێکە دایکیان لە ژیان نەماوە.
 
"زۆر سەیربو بەلامەوە شێوازی هەڵسوکەوتی باوکم خۆی لێم نزیک دەکردەوە، دەستی بە جەستم دەهێنا، من دورم دەگرت لێی، ترسم هەبو کە نیازی خراپ بێت".
 
سانا لەسەرەتایی ئیفادەکەی لە کاتی لێکۆڵینەوەو قسەکردنی بۆ مامی دانانی بەوەدا ناوە کە باوکی دەستدریژی کردوەتەسەری نەوەک تەنها ئەوە بەڵکو سارای تەمەن ١٤ ساڵیش باسی لەوەکردوە کە باوکی هاوڕێکانی هێناوەتەوە ماڵەوە و نزیک بونەتەوە لەم، تا ئەوەی جوڵەی هەستیاریان لەگەڵکردوە بەشێوەیەک دەڵێت: "یەکێک لە هاوڕێکانی باوکم ئەڵقەکەی دەستی داوەپێم وتوتویەتی بیفرۆشەو پارەکەی بکەخەرجی خۆت". لە وتەیەکی دیکەیاندا دەڵێن "هاوڕێکانی پارەیان داوە بە باوکم بۆ ئەو کارانەیان".
 
ئەم کەیسە بەمشێوەیە بەردەوام نابێت، به‌ڵكو ئینجا باوکی کچەکان سکاڵا تۆماردەکات بەوەی براکەی کێشەی هەیە لەگەڵیدا و دەیەوێت بەم شێوەیە تۆڵەی بکاتەوە. 
 
ئەشواق نەجم، پارێزەر لە رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان ئەوەی ئاشکرا کرد لەپڕ دۆسیەکە گۆڕاوە و دو  خوشکەکە لەبەردەم دادوەر وتیان: "ئەوەی وتومانە تەنها هەستێک بوە بۆمان دروستبوە هیچ شتێک روینەداوە".
 
وتیشی: ئەم دۆسیە بۆیە گۆڕا، چونکە سکاڵاکار و قوربانیەکان پاشەکشەیان کرد، قەزیەیەکی زۆر گەورەبو ترسی کوشتنی لێکرا، ئەگینا بە دڵنیاییه‌وە باوکی کچەکان بە پێی مادەکانی ٣٩٣ تا ٣٩٧ سزای لە سێدارەدانی بۆ دەردەکرا، بەڵام کۆتا ئەنجام سزاکەی بە پێی مادەی ٣٩٧ دەرکرا.
 
"سزای ئەم تاوانە تاوەکو حکومی هەتا هەتایی دەچێت"
 
بە پێی یاسایی سزادانی عێراقی بۆ ئەم کارانە و ناچارکردنی ئافرەتان بە کاری لەشفرۆشی لەناو خێزانەکان سزاکەی تاوەکو بەندکردنی هەتا هەتایی دەچێت.
 
پارێزەر: نەشاد عومەر، تیشکی خستەسەر ئەو یاسایانەو وتی:  بە پێی یاسای سزاکان مادەی ٣٩٩ ئەو کەسەی سەرپەرشتی بەخێو کردنی کەسێک دەکات و هانی دەدات یان رێگای بۆ ئاسان دەکات بۆ داوێنپیسی ئەوا بە گرتن سزا دەدرێت و هەروەها بە پێی چەند مادەیەکی تری هەمان یاسا بە پێی حاڵەتەکان سزاکان تا حوکمی هەتاهەتایش دەچێت.
 
لە یاسای سزادانی عێراقیدا چەند مادەیەک بۆ ئەم تاوانە دانراوە، تیایاندا مادەکانی (٣٩٣،٣٩٤،٣٩٥،٣٩٦،٣٩٧،٣٩٨)، تیایاندا به‌ پێی جۆری تاوانه‌كه‌ سزاى سوک تا سزای لە سێدارەدان لەخۆ دەگرێت.
 
لەماوەی ٥ ساڵ و ٨ مانگدا، ٨٤٤ تاوانی دەستدرێژی سێكسی له‌ هه‌رێمى كوردستان تۆمارکراوە، ئه‌مه‌ش به‌پێی ئامارى بەرێوبەرایەتی گشتى بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی.
 
جەمال رەسوڵ، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی راگەیاندن و پەیوەندیەکان لە بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەتان، وتی: چەندین حاڵەتی ناچارکردنی ژنان بە کاری لەشفرۆشی لەلایەن هاوسەر یان کەسە نزیکەکانی خۆی لە خێزانەکەی هاتوه‌تە لامان، ئێمە بەڵگەکانمان وەرگرتوە ناردومانەتە دادگا بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە.
 
 
بە وتەی ئەو بەڕێوبەرە ئامارەکانی دەستدرێژی سێکسی کە تۆمار کراوە لە بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزان، پۆلێنی بۆ نەکراوە بەوەی ئاخۆ دەستدرێژیكار خودی مەحرەمەکەی ئەو ئافرەتە بوە یان ناچاری کردوە بۆ ئەوەی کەسی دیکە دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەری.
 
بەهۆی ئەوەی بەڵگە سەلمێندراوەکان لە دادگاکان هێشتا بە شێوازی کۆن وەردەگیرێت و لێکۆڵینەوەی سەردەمیانە بۆ تاوانەکان ناکرێت لە رێگەی چاودێری و ئامێرە زیرەکان، ناچار ژنان نایانتوانیەوە مافەکانیان وەک خۆی بەدەستبهێنن، پارێزەر نەشاد عومەر له‌مباره‌وه‌ ده‌ڵێت: لە دادگا دەبیت ئەو تاوانە بە رێگاکانی ئیسپات ئیسپاتکرابێت، لە عیراق و کوردستانیش دیارترین ئامرازى ئیسپات کە پشتی پێدەبه‌سریت لەم جۆرە تاوانانەدا دانپێدانان یان شایەت و یاخود پشكنین (فەحس)ـە.
 
جەمال رەسوڵ، بەهەمان شێوەیە باسی ئەوەی کرد بەڵگەکان دەبێت شایه‌تحاڵ هەبێت بۆی لەگەڵ پشکنینی پزیشکی دادوەری لەگەڵ ئەوەشدا بەڵگەکانی دیکە قورسە لە دادگا ببێتە هۆکار بۆ بە سزا گەیاندنی تۆمەتباران، ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر کەیسەکانی ناچارکردن بە کاری لەشفرۆشی ژنان و کچان لە لایەن کەسانی مەحرەمی خۆیەوە.
 
بەبێ سزادانی مێردەکەی دادگا شیرین لە هاوسەره‌کەی جیادەکاتەوە
 
هەربۆیەش دادگا شیرین لە هاوسەره‌کەی جیادەکاتەوە، بەڵام بەبێ سزادانی مێردەکەی. ئەو دەڵێت: هەستم بە سوکایەتی پێکردن دەکرد کاتێک دەچومە بنکەی تۆمارکردنی سکاڵا، دوای چەندینجار رۆشتن دەیانوت بەڵگەکانت لاوازن.
 
بۆیە پەنا دەباتە بەر رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان کە رێکخراوەکە تایبەتە بە پشتیوانی یاسایی بۆ ژنان لە دۆسیەکانی کوشتن و توندوتیژی، لەوێ دەڵێت: "هیچم ناوێت بەس جیام بکەنەوە لەو پیاوە، من بێ ئابڕو بوم بەدەستیەوە ئەو وازناهێنێت لە هێنانەوەی هاوڕێکانی بۆ ماڵەوە و دەستدرێژی کردنە سەرم، بێز لە خۆم دەکەمەوە، براکانم و باوکم نایەن بۆ شایەتی دان و پشتیوانیم".
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,159     ژمارەی میوان 728

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە