یەکێتی زۆرترین ژنە کاندیدی دەرچوی هەیە بۆ پەرلەمانی عێراق

2021/10/14    741 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
٢٣ ژنە کاندیدی کورد توانیان کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مسۆگەر بکەن، لە نێو حزبەکانیشدا یەکێتی لە کۆی ١٨ کاندیدی دەرچوی بۆ پەرلەمانی عێراق ١٠ کورسی کاندیدی ژن بە دەستی هێناوە، بەمەش ژمارەی کاندیدی دەرچوی ژنی لە پیاو زیاترە.
 
بە گوێرەی ئەنجامە سەرتایەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لایەنە کوردیەکان لە هەڵبژاردنی ١٠ ئۆکتۆبەر ٦٢ کورسیان مسۆگەر کردوە، لەو ژمارەیە ژنان توانیویانە ٢٣ کورسی بۆ خۆیان بەدەستبهێنن، کە دەکاتە رێژەی (٣٦٪).
 
لەکۆی ١٧ کورسی ژنان ١٠ کورسیان مسۆگەر کردوە
 
لەنێو حزبە سیاسیەکان لیستی هاوپەیمانی کوردستان کە سەرجەم کاندیدە دەرچوەکانی یەکێتین زۆترین ژنە کاندیدی توانیویانە کورسی پەرلەمان مسۆگەربکەن و بەشێوەیەک ژمارەی کورسیەکانیان لە پیاوان زیاترە، کە لە کۆی ١٧ کورسی هاوپەیمانیەتیەکە ژنان ١٠ کورسیان بەدەستهێناوە کە دەکاتە رێژەی(٥٨،٨٪).
 
پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆی ٣٤ کورسی بە دەستهاتوی حزبەکە ژنان توانیوایە ٨ کورسی مسۆگەر بکەن کە دەکاتە (٢٣،٥٪)رێژەی کورسیەکانی حزبەکە.
 
لیستی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ٤ ژنە کاندیدیان کورسیان مسۆگەرکردوە لە کۆی ٩ کاندیدی دەرچوی حزبەکە واتە بە رێژەی (٤٤،٤٪) کورسی حزبەکەیان بە دەستهێناوە.
 
حزبە ئیسلامیەکان هیچ ژنە کاندیدێکی دەرچویان نیە
 
ئەمە لە کاتێکدایە حزبە ئیسلامیەکان هیچ ژنە کاندیدێکی دەرچویان نیە، لیستی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان کە ( ٣) کورسیان بەدەست هێناوە هیچ کاندیدێکی ژنیان کورسی بە دەستنەهێناوە، کۆمەڵی دادگەریش تەنها کورسیەکی بە دەستهێناوە کە کاندیدەکەی پیاوە.
 
لەم هەڵبژاردنەدا ژنان بەشێوەیەکی پێشبینی بۆ نەکراو ژمارەی کورسیەکانیان زیادکرد بەشێوەیەک ٩٧ کورسیان لە کۆی ٣٢٩ کورسی بە دەستهێناوەە، بەمەش بۆ یەکەمجار لە مێژوی پەرلەمانی عێراق رێژەی کورسی ژنان دەگاتە (٢٩،٤٨٪).
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,336,577     ژمارەی میوان 119

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە