دهۆک بە سێ بازنەی هەڵبژاردن ژنان ٤ کورسی پەرلەمانی عێراقیان مسۆگەرکرد

2021/10/11    850 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
لە سنوری پارێزگای دهۆک لە کۆی سێ بازنەی هەڵبژاردن ژنان توانیان ٤ کورسی پەرلەمانی عێراق مسۆگەر بکەن، هەروەک دوان لەو کاندیدانە بە بێ کۆتاو بە دەنگی خۆیان دەگەنە پەرلەمان، بەڵام دەکرێت ئەنجامی دەنگدانی تایبەت ئەو ئەنجامە بگۆڕێت. 
 
کێبڕکێنان لە سێ بازنەکەی پارێزگای دهۆک لەسەر ١١ کورسی پەرلەمانی عێراق بو، بەپێی ئەنجامە بەرایەکان، پارتى دیموکراتی کوردستان لە سنورى پارێزگاى دهۆک ٨ کورسى بەدەستهێناوە، یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان ٢کورسى و یەکێتیی نیشتمانیى کوردستانیش یەک کورسیى بەدەستهێناوە.
  
بازنەى یەک
 
ئەم بازنەیە شاری دهۆک و سنوری ئامێدى دەگرێتەوە، کێبڕکێکان بۆ چوار کورسی بو پارتی سێ کورسی بە دەستهێناوەو یەکگرتو یەک کورسی، یەک ژن کورسی بە دەستهناوە.
 
ئەو ژنە کاندیدەی توانی کورسی بەدەستبهێنێت لەم بازنەیە ئەڤین سەلیم، کاندیدیی پارتى دیموکراتى کوردستان، بو کە بە نزیکەی ١٦ هەزار دەنگ دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
 
 
ئەڤین سەلیم، کاندیدیی پارتى دیموکراتى کوردستان
 
بازنەى دو
 
 ئەم بازنەیە هەریەکە لە قەزاکانی زاخۆ و سمێڵ دەگرێتەوە، کەتێێدا سێ کورسی کێبڕکێی لەسەرکرا، ژنانیش براوەی یەک کورسی بون، سەرجەم کاندیدە دەرچوەکانی لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستانن.
 
زۆزان کۆچەر، کاندیدی پارتى دیموکراتى کوردستان، توانی بە نزیکەی هەزار و پێنج سەد دەنگ و بە کۆتا بگاتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
 
 
زۆزان کۆچەر، کاندیدی پارتى دیموکراتى کوردستان
 
بازنەى سێ
 
ئەم بازنەی پارێزگای دهۆک قەزاکانی شێخان، ئاکرێ و بەردەرەش، دەگرێتەوە کێبڕکیەکان لەم بازنەیە بۆ ٤ کورسی بو، تاکە بازنەی پارێزگای دهۆکە کە دو ژن بە بێ کۆتا و بە دەنگی خۆیان دەگەنە پەرلەمان.
 
ئەوانیش  ئیمان عەبدولڕەزاق، کاندیدی لیستی هاوپەیمانی کوردستان بە نوێنەرایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان،  بە پلەی سێیەمی بازنەکەی و بە نزیکەی ١٧ هەزار دەنگ توانی ببێتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
 
 
ئیمان عەبدولڕەزاق، کاندیدی لیستی هاوپەیمانی کوردستان(یەکێتی) 
 
هەروەک ڤیان سەبرى، کاندید لە پارتى دیموکراتى کوردستان بە پلەی چوارەمی بازنەکەی و بە  نزیکەی ١٦ هەزار و ٥٠٠ دەنگ توانی ببێتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
 
 
ڤیان سەبرى، کاندید لە پارتى دیموکراتى کوردستان
 
بەمەش لە پارێزگای دهۆک ژنان بە ٤ کورسی لە کۆی ١١ کورسی توانیان بە رێژەی (٣٦، ٣٦٪) بگەنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,275     ژمارەی میوان 148

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە