* نەوژین، پەرژین کامەران
دایکایەتی ئەو ناوە پیرۆزەیە کە چەندین چیرۆکی پڕ مەینەتی و ئازاری پڕ حەسرەتی لەناوئاخندایە، هەزارەها ساڵە لەم خاکەدا ژنانی هەڵگری ئەم ناوە بەردەوامن لە قوربانیدانی خۆیان بۆ پاراستنی هەیبەتی ئەم ناوە، بەو شێوە تەقلیدیەی کە هەیە وەک خۆیان دەڵێن دایکایەتی بێبەشی کردون لە خەونەکانیان، لە بەرامبەریشدا هەستی دایکایەتی تێکەڵبوە بەرۆحیان کە وایکردوە گیرۆدەیببن.
"کاتێک بومە هەڵگری ناسناوی دایک ئیتر دەستم لە خۆشەویسترین ئامانجی ژیانم هەڵگرت کە خوێندنەکەم بو ئەگەرچی دایکایەتیەکەش بۆ خۆی قوتابخانەیەکی تایبەت بو بۆ من". ئەمە کیژێ حەسەنە سەرنوسەری گۆڤاری خوێنەری بچوکی مناڵان کە وادەڵێت، تەمەنی(٢٦)ساڵ و دایکی دو کچە، لە بەر دایکایەتی وازی لە خوێندن هێناوە دەشڵێت: "لێرە دایکایەتی ئەرکێکی زۆر قورسە".
”دایکایەتی زۆرشتی لە ئێمەی ژن وەرگرتوەتەوە“
ئەمە تەنها چیرۆکێک نیە بەڵکو دەیەها چیرۆکی لەم شێوەیە لە گوندو شارەکانی کوردستاندایە هەروەک چرا علی، خانمێکی دانیشتوی شاری سلێمانیە، ئەوەی گێرایەوە، کە لەگەڵ لەدایک بونی یەکەم منداڵیدا زۆر شت لە خەونەکانی گۆڕانی بەسەرهات وەک ئەوەی کە نەیتوانی ببێتە خاوەنکاری خۆی.
وتیشی: "دایکایەتی زۆر شت لە ئێمەی ژن وەردەگرێتەوە بەڵام من خەونی بون بە نوسەرم لە دڵدایە بۆیە دەمەوێت بەهەر نرخێک بوە ئەم خەونەم بهێنمە دی".
دایک لە نیوان منداڵ بەخێوکردن و ئەرکی ماڵ و کار و ئامانجەکانی وێنە: سایتی فیمێڵ فێرست
لە کۆمەڵگەی کوردیدا دایک بەگشتی رۆڵێکی بەرفراون دەبینێت لە چاودێریکردنی مناڵ بەشێوەیەک ئەرکی خۆراک پێدان و گۆڕینی جل و بەرگ و شۆردنی و پاکردنەوەی ژورەکەی و ئامادەکردنی بۆ چونە دەرەوەو و لە کاتی نەخۆش کەوتنی چاودێریکردنی لە نەخۆشخانە کە ئەگەر وێنایەکی ناونەخۆشخانەکانی منداڵان بکەین لە تەواوی کوردستان ئەوە بەڕونی هەستی پێدەکرێت، لەگەڵ ئاگەداربونی بەردەوامی منداڵەکەی لە دەرەوە.
دایکان دەبێت چیبکەن بۆ گەشتن بە ئامانجەکانیان؟
"بونی مناڵ خۆی لە خۆیدا ئامانجە "، ئەمە قسەی تریفە جەلال، ڕاهێنەری گەشەپێدانی مرۆییە، ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان دەبێت وابکەن هاوسەنگی یەک ڕابگرن لە نێوان ئەوەی کە مناڵیان هەیە، لەگەڵ خەون و ئامانجەکانیان، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ژنان دایکایەتی و پەروەردەکردنی مناڵ بەشێوازێکی جوان ئامانجە.
تریفە جەلال، لە نەوژینەوە بەژنان دەڵێت: (کەسێتی،پیشەی، دارایی،زانستی ،کۆمەڵایەتی) ئەمانە کۆمەڵێک ئامانجە کە ژنان پێویستە خاوەنی ئەم ئامانجە گەورانەبن، چونکە کاتێک ژن خاوەن ئامانجی گەورەبێت دەتوانێت لە ڕوی زانستی و کەسێتیەوە خۆی پێ بگەیەنێت، ئەو کاتە دەتوانێت مناڵێکی زۆر باشیش پەروەردە بکات.
ژنانی خاوەن ئیرادە و کۆڵنەدان
ئیرادەی ژنە بەهێزەکان بە شێوەیەکە وەک خۆیان دەڵێن ئەوان دوای گەورەبونی منداڵەکانیان دەستیان کردوە بە هەنگاوەکانیان بۆ گەشتن بە خەونەکانیان، سارا علی، وەک یەکێک لەو دایکانە وتی: بەهۆی منداڵەکەمەوە لەکاتی خۆی بە خەون و ئامانجەکەم نەگەشتم، بەڵام باشترین شت کەژن بتوانێ خزمەتی خۆی پێ بکات ئامانجەکانیەتی.
شادانی عومەر،خانمیکی دیکەیە دەیەوێت منداڵەکانی گەورەبکات ئەوکات بەورێگایەدا بڕوات کە دەچێتەوە سەر ئامانجەکەی لە بارەیەوە وتی: "ناتوانم خەونەکەم پێش دایکایەتی بخەم، وابکەم کە مناڵەکەم بخەمە دایەنگەوە لەپێناو ئامانجی خۆم، بۆ دەستپێکردنەوە و گەشتن بەخەونەکەم.چاوەڕێ گەورەبونی منداڵەکانم دەکەم".
قوربانی دایکان لە پێناو خزمەت و بەخێوکردنی منداڵەکانیان بەردەوامی هەیەو لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامن لە گەشتن بە ئامانجەکانیان بەڵام بەرێگایەکی سەختر.