* نەوژین، رێناس ساڵح
سروە علی، خانمێکی دانیشتوی قەزای کەلارە، لە ساڵی ٢٠٠٩ فێری شۆفێری بوەو هەر لەو کاتەوە دەستی کردوە بە فێرکردنی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ببن بە شۆفێر. نەوژین رۆژێکی لەگەڵ کارەکەی بەڕێکرد، بەدەم رێگاوە دەستی بە گێرانەوەی ئەو رۆژانەکرد کە حەزێکی رادەبەدەری بۆ فێربونی شۆفێری هەبوە، تا کارگەشتوە بەوەی بە نهێنی ئۆتۆمبێلی هاوسەرەکەی ببات بە پێکەنیەوە وتی "پێشی نەزانیم".
سروە دەڵێت: سەرەتا فێری شۆفێری بوم زۆر حەزم لێبو ئەو کەسانەی شۆفێری نازانن و دەیانەوێت فێریان بکەم، هاوکاریان بم سەرتا دو خانم و پیاوێک لەلای من فێری شۆفێری بون، لە دوای ئەوەوە ناوم دەرچو خەڵک زۆر بەدڵیان بو بۆیە بڕیارمدا بەردەوام بم، نۆ ساڵی یەکەم بێ بەرامبەر خەڵکم فێری شۆفێری دەکرد، بەڵام ماوەی ٢ ساڵە کردومە بە پارە.
" پیاوان لە کاتی شۆفێری ژنان بێزاردەکەن بە دەستشکاندنەوە بەسەریان یان هۆرن لێدان"
یەکێک لەو قسانەی دێتە پێش بۆ ژنانی شۆفێر ئەوەیە کە پیاوانی شۆفێر رەخنەیان لێدەگرن لەشەقامەکان و دەڵێن گرفتمان بۆ دورست دەکەن
سروە، ئەمەی بەستەوە بە مامەڵەی پیاوان لەگەڵ شۆفێرانی ژن و وتی: پیاوان لە کاتی شۆفێری زۆرجار ژنان بێزاردەکەن بە دەستشکاندنەوە بەسەریان یان هۆرن لێدان، بەدیاریکراویش ماتۆڕسکیلەکان گرفت بۆ ژنانی شۆفێردروست دەکەن، نایشارمەوە ژنان لێرە چەند گرفتێکیان هەیە لە کاتی شۆفێری ئەویش لادانەوەیە لەگەڵ پارکینگ، بەڵام کاتێک بەتەواوی فێری شۆفێری ببن ئەو قۆناغەش تێدەپەڕینن.
کەوتینە گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکێک لەو خانمانەی ئەو رۆژە بۆ فێربونی شۆفێرهاتبو نیگار رەشید، یەکێک لە خانمەکان بو، لە پێشی ئۆتۆمبیلەکە لە تەنیشت سروە، دانیشتبو بەتەواوی گوێی بۆ گرتبو بەڵام قسەشی بۆ ئەمە دەکرد.
وتی: من دوساڵی پێشو مۆڵەتی شۆفێریم دەرکردبو بەڵام بەتەواوی فێری شۆفێری نەبوم چونکە ئەوکات ئۆتۆمبێلیشم نەبو بیرم چوبوەوە بەتەواوی ئێستا بە چوار کاتژمێر راهێنان بە تەواوی فێربوم و کێشەم نەماوە ئەمڕۆ خۆم دەتوانم بگەڕێمەوە ماڵەوە بە بێ ترس.
گەرمیان، سروە علی، لەگەڵ فێرخوازێکیدا. وێنە: نەوژین
"نزیکەی ٣٠٠ کەسم فێری شۆفێری کردوە و هیچیان توشی روداوی هاتوچۆ نەبون"
سروە ٢٦٧ کەسی فێری شۆفێری کردوە لە رێگەی کارتی ریکلام و سۆشیاڵ میدیاوە خانمان پەیوەندی پێوەدەکەن.
لەبارەی ئەوانەی فێری شۆفێری بون لەلای وتی: تا ئێستا کەسیان توشی روداوی هاتوچۆ نەبون، کە ئەمەش بۆمن هەستێکی تایبەتە، ماوەی فێربونیش جیاوازە هەیە لە ماوەی ٣ سەعات فێری شۆفێری بوە هەیانە ٤ سەعات تا ئێستا یەک کەس گەشتۆتە سەروی ١٢ سەعات ئەویش فاتمە خان بو تەمەنێکی زۆری هەبو.
پلانیشی هەیە کە باردۆخ باشببێت نوسینگەی تایبەت بەخۆی بکاتەوە.
ماوەی ١٢ساڵە و بەبەردەوامی رەشەبای قسە روخێنەرەکان هاتن و چون بەڵام رەگی خەون و ئارەزوەکەی لەوە بەهێزتربو بەوە لەبنبێت، تاوەکو گەشت بەوەی ئەوانەی رەخنەیان هەبو هاتنە لایی و فێری شۆفێریکردن.
سروە دەڵێت، من هاوسەرو خێزانەکەم پاڵپشتی سەرەکیم بون بۆ کارەکەم، بەڵام هەر ئافرەتێک قسەی کۆمەڵگا کاری لێبکات بەهیچ ناگات، کەسی نزیک و چواردەوری خۆم هاتوە کارەکە فێربوە لام کەچی دواتر قسەی لەسەر کردوم بەڵام من توانیومە ئەو شتانە تێپەڕینم یان هەبوە قسەی لەسەر کردوم کەچی دواتر خۆیان هاتون تاوەکو فێری شۆفێریان بکەم.
میدیا ئەحمەد، خانمی دوەم بو کاتی فێربونەکەی لەگەڵ رۆژەکەی نەوژیندا بو، دو کاژمێر راهێنانی کردبو سروەخان دەیوت زۆر باشەو ئەمڕۆ فێری سایدی گرتنی دەکەم لە گەڵ پێچکردنەوە، ئێمە لە گەڵ میدیا سەرکەوتین شۆفێریەکەی باشی دەکرد، قسەشی بۆ ئێمە کردو وتی: ئێمە زۆر دڵخۆشین کە خانمێک فێری شۆفێریمان دەکات زۆر ئارام و نەرمونیانە لەگەڵمان بە ئاسودەیی پرسیارەکانمان دەکەین.