هێمن حاجی علی: شێوازی کارکردنی نوسینگەکان کۆتای بە توندوتیژی دژ بە ژنان ناهێنێت

2021/01/05    1455 جار بینراوە
 
* نەوژین، رێناس ساڵەح
 
هێمن حاجی علی، بەرپرسی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەیی توندوتیژی خێزانی و ئافرەتانی قەزای چەمچەماڵ، لە دیدارێکی نەوژیندا دەڵێت: کەمبونەوەی ‏ئامارەکانی توندوتیژی دڵخۆشم ناکات چونکە دڵخۆشبون بە کەمبونەوەی ئامار خۆخەڵەتاندنە ئێمە هیچان نەکردوە بۆ خێزان و هۆکارەکانی توندوتیژیش ‏رۆژ لە دوای رۆژ زیاد دەکات. پێشی وایە کارکردن بەم شێوازەی ئێستا بۆ ژنان باردۆخەکە ناگۆڕێت.‏
 
* لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ یەکێک لە کاریگەرترین روداوەکانی کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان لە قەزای ‏چەمچەماڵ رویدا، ئەویش کوشتنی دوخوشک بو لەلایەن باوکیانەوەکە ڕێکەوتی ٩ئەیلولی ٢٠٢٠ تەرمەکانیان پێکەوە لە چاڵێکدا دۆزرانەوە، لە کاتێکدا ئەم ‏دو قوربانیە پێشتر هاتبونە نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی ئەمە چۆن رویدا؟
 
ئەو دوخوشکە هاتنە نوسینگە وتیان باوکمان توندوتیژی بەرامبەر کردوین مەترسیمان لەسەرە سکاڵایان دژ بە باوکیان تۆمارکرد، دوای ماوەیەک داوکاریان ‏کرد بەوەی بگەڕێنەوە بۆ لای باوکیان بەڵام ئێمە لەبەر پاراستنی ژیانیان لەگەڵ بەڕێز دادوەی لێکۆڵینەوە رێگریمان کرد لە گەڕانەوەیان، جارێکیتر دوبارە ‏داواکاریان پێشکەشکرد بگەڕێنەوە لەبەر ئەوەی هەرداواکاریەک کە پێشکەش دەکرێت بە پێی پەیڕەوی دادگا دەبێت بە هەند وەربگیرێت بۆ ئەوەی ئیشی ‏لەسەر بکرێت ئەوکات لەسەر داواکاری خۆیان و بەڵێننامەی باوکیان و پورێکیان گەڕانەوە لای کەس وکارەکەیان دواتر ئەو روداوە گەورەی لێکەوتەوە.‏
 
‏”یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی کەموکورتی تێیدایە میکانزمی ئیشکردن تێیدا هەڵەیە“‏
 
* لێرەدا دەوەستم هەم لەسەر یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی و رۆڵی لەم حاڵەتانەو هەم ئەو بەڵێنامەیی کە پڕ دەکرێتەوە بەوەی کە ژنێک ‏دوای دەرچونی لە شەڵتەر خیزانەکەی دەڵێن دەیپارێزین؟ ئێوە ساڵانێکە لەم پرسەدا کاردەکەن ئەمانە دەتوانن ژنان بپارێزن؟
 
لە هەر ڕوداوێک کە رودەدات دەبێت حەزەربکەین و بەخۆماندا بچینەوەو ئەبدەیتی ئیش و کارەکانمان بکەین، بەڵام ئێمە بە پێی یاسایەک کارەکەین، کە ‏یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانیەی ژمارە ٨ ساڵی ٢٠١١ یە، ئەم یاسایە ئێمەی پابەندکردوە بە کۆمەڵێک لێپێچینەوەو رێوشوێن دەستمانی ‏بەستوە لەوەزیاتر ئێمە ناتوانین.‏
 
* کەواتە ئێوە وەک جێبەجێکار پێتان وایە یاساکە گونجاوە لەگەڵ توندوتیژیەکان؟
 
بەڕاستی ئێمە وەک و جێبەجێکارانی یاسای بەرەنگاربونەی توندوتیژی پێمانوایە ئەم یاسایە هەڵەو کەموکورتی زۆری تێیدایە میکانزمی ئیشکردن تێیدا ‏هەڵەیە پێویستی بە هەموارکردنەو هەیە، یاسادانەرەکانی ئێمە شارەزانین لە دارشتنەوەی یاسا، هەندێک لەوانە رەنگە هەرلەگەڵ یاساکەنەبن لەکاتێکدا ‏زەروریەتی کۆمەڵگەی کوردیە بەشێکە لەپێشکەوتنی ئەم کۆمەڵگا بەشێکە لەدابینکردنی ماف و ئازادیەکان نەوەک تەنها بۆ ئافرەتان بگرە بۆ پیاوانیش ‏مەرج نیە هەر ئافرەت توندوتیژی بەرامبەر بکرێت بەنمونە من پیاو هاتۆتەلام بۆ نوسینگە وتویەتی توندوتیژیم بەرامبەر کراوە.‏
 
 ‏
قەزای چەمچەماڵ، بەشێک لە کارمەندانی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی و ئافرەتان، ساڵی ٢٠١٨. وێنە: هەژماری هێمن حاجی علی
 
‏”ناکرێت بەرامبەر بەڵێنامەیەک کە هیچ قوەیەکی قانونی نیە کەیسێکی خەتەر بدەیتەوە خێزانی“ ‏
 
* هەر لەو پرسیارەدا دەمێنمەوە بەڵام بەشی دوەمی کە تایبەت بو بەئەو بەڵێنامەی کە پڕدەکرێتەوە بۆ پارستنی ژنان لەلایەن خێزانەکانیانەوە بینیمان لە ‏ساڵی ٢٠٢٠ چوار روداوی کوشتنی کاریگەری ژنان رویدا کە پێشتر چوبونە ماڵی داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو؟
 
سەبارەت بە رادەستکردنەوەی کەیسەکان ئەو میکانیزمە هەڵەیە ناکرێت بەرامبەر بەڵێنامەیەک کە هیچ قوەیەکی قانونی نیە کەیسێکی خەتەر بەنمونە ‏ئەوەی ئەو دوخوشکە دەدەیتەوە دەست باوکەکەی ئەمە زۆر هەڵەیە ئەبێت بیر لەرێگە چارەسەی دیکە بکەینەوە.‏
 
* بەگشتی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان لە قەزای چەمچەماڵ چۆنە؟ ‏
 
ئەوەی ناخۆشە چەمچەماڵ بەوەناسراوە کێشەی زۆری تێیدایە بچوکترین حاڵەت هەبێت لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاو راگەیاندنەوە دەوروژرێت، بەڵام هەمو ‏جۆرەکانی تاوان لە شوێنەکانی دیکە لەچاو چەمچەماڵ زۆر زیاترە کوشتنی ژنانیش لە پارساڵدا دو حاڵەتمان هەبوە لە ساڵی ٢٠١٩ یەک حاڵەتمان هەبوە ‏حاڵەتی کوشتنی ئافرەت لە سنوری چەمچەماڵ زۆر زۆر کەم و رێژەکەیشی نزمە. ‏
لەبەر ئەوەی هەمو پیاوێک بکوژ نیە بەنمونە کچ هەبوە لەگەڵ پیاودا لەکاری بەدرەشتی گیراون کێشەکە حل بوەو کچەکە لەگەڵ باوکی دەژێت باوەکەکە ‏لەکاتی روداوەکە چەکیشی پێبوە وتویەتی دەمتوانی بیکوژم، بەڵام نەمکردوە ئەم حاڵەتانەش هەن کەیسمان هەیە ژن و پیاوێکی دیکەی نامەحرەم ‏پێکەوە گیراون ئەی کەس وکار چیبکات لەم حاڵەتە گوڵێکی سوریان بداتێ من لەگەڵ کوشتن نیم بەڵام چارسەر ئەوەیە ئەو پیاوە بیگرێت بهێنێتە دادگا ‏بڵێت تا ئەم کاتە ژنی من بوە بەڵام لەمەو بەدوا من لەگەڵیدا ناژینم و جیادەبینەوە.‏
 
 
‏”هۆکارەکانی توندوتیژی زیادیانکردوە خۆخەڵەتاندە بڵێن ئامارکەمیکردوە ئێمە چیمان کردوە تا کەمبکات؟!“‏
 
* ئەو حاڵەتانەی تۆمارکراون لەلای ئێوە چ جۆرە توندوتیژیەکن؟
 
لە سنوری چەمچەماڵ ئەوەی کە هەیە زیاتر توندوتیژی جەستەیە ئاماری توندوتیژی بەبەراورد بە پارساڵ کەمیکردوە بە ٦٠ حاڵەت رەنگە هۆکارەکەی ‏کەرەنتینەبێت یان شتی دیکە.‏
 
* کەمبونەوەی ئامار دڵخۆشکەرە؟
 
من پێم وایە لە ئامار نابێت بترسین چونکە ئەوخەڵکە بۆیە سکاڵادەکات چونکە کێشەی هەیە لە بری ئەوەی کێشەکەی بە کۆمەڵایەتی چارەسەربکات یان ‏نەیدرکێنیت دێت بە یاسایی چارەسەری دەکات کە ئەمە بەشێکە لە سەقافەتی ئەو کۆمەڵگایە پێشم وانیە کەمکردنی ئامار دڵخۆشکەربێت هیچ مەنتقی ‏تێیدا نیە ئەگەر سەیربکەین ئەوەندەی کێشەی سیاسی کێشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی لەم وڵاتە هەیە، کە سەرچاوەیە بۆ توندوتیژی و تاوان لەکەم وڵاتدا ‏هەیە، بەڵام ئێمە بێین خۆمان بخەڵەتێنین بڵێین ئامار کەمیکردوە هیچ مانایەکی تێدا نیە چونکە ئێمە هیچان نەکردوە بۆ خێزان تا ئامار کەمبکات وەکو ‏نوسینگەکان لەلایەن خۆمەوە چیمکردوە بۆ خێزانەکان تاوەکو دڵخۆشبم بەوەی بڵێم ئامارکەمی کردوە.‏
 
 
‏”عەیبەیەکی گەروەیە لەبەر نەبونی هۆشیاری هەندێک توندوتیژی دژ بە ژنان بەردەوامە“‏
 
* یەکێک لەسەرچاوەی کێشەکان کەزۆر باسی لێوەدەکرێت لێکتێنەگەیشتنە بۆ ئەمە چارەسەر چیە؟ ئێوەچیتان بۆکردوە؟
 
ئێمە زۆر هەوڵماندا سەنتەرێکی راوێژکاری خێزانی لە چەمچەماڵدا هەبێت بەڵام نیە ئەمە بەشێکە لە چارەسەری کێشەکان بەنمونە ئەم سەنتەرەت هەبێت ‏لە دادگاوە کە کچ و کوڕێک هاوسەرگیری دەکەن لەوێ بەنوسراوی رەسمی بنێردرێت بۆ ئەم سەنتەرە کۆرس وەربگرن بزانن مافە یاسایەکانیانی ژن و پیاو ‏چیە، بابەتی دەرونی و پزیشکیان لەگەڵدا باسبکرێت بەنمونە کەیسمان هەبوە کە هاوسەرگیریان کردوە پیاوەکە هاتۆتەلامان وتویەتی ئەوەی بوە ‏بەهاوبەشی ژیانم کچ نیە ژنە! لە کاتێکدا ئەمە حاڵەتێکی زۆر ئاسایی ئاسیە کە ناردومانە بۆ پزیشکی دادوەری دەرکەوتوە حاڵەتەکەی سروشتیە ئەمە ‏زۆر عیبەیەکی گەورەیە لەم کۆمەڵگای ئێمە، بۆ حکومەتیش عەیبەیە نیتوانیەوە ئەم میلەتە هۆشیارکاتەوە لەمڕوەوە، یان ئەو حاڵەتەیە کە ژنان دەکەونە ‏سوڕی مانگانەوە باردۆخی جەسەدی و دەورنیان ناجێگیردەبێت زۆرجار ژن لەوباردۆخە توڕەدەبێت شتی بیردەچێت ئاگای لەخۆی نیە رەنگە خواردنەکەی ‏ئەو رۆژەیان خراپ بکات کەچی پیاو لێی توڕەدەبێت ئەگەر ئەم سەنتەرە هەبێت باسی ئەم شتانەدەکرێت و تێدەگەن.‏
 
 
قەزای چەمچەماڵ، زانکۆی چەرمو، پانێڵی(ژن و رۆڵی لە قوربانی بوندا) ساڵی ٢٠١٩، وێنە: هەژماری هێمن حاجی علی
 
* ئێوە وەک نوسینگەکان ساڵانە چالاکیتان هەیە لەو چالاکیانە ئەمانە باسدەکەن یان چۆن یاساکان و سزاکان دەگەیەنەنە هاوڵاتیان؟
 
ساڵانی رابردو چالاکی زۆرمان هەبو بەتایبەت لە ١٦ رۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بۆ ئەمساڵ کەمتربو، بەڵام ئەمە کافینیە، چونکە یاسایەک ‏دەردەچێت دەبێت تاک بەتاکی ئەو کۆمەڵگایە لەو یاسایە ئاگەداربکەیتەوە نابێت تۆ مۆڵەتی شۆفێری بدەیت بەکەسێک نەزانێت وەستان لە شوێنی ‏قەدەغەو وتێرنی هەڵە واتای چیە؟ ئەمەش دەبێت تاک بە تاکی ئەم کۆمەڵگایە لە یاساکە ئاگەداربێت هیچ بەهانەیەک نیە کە تاکەکانی کۆمەڵگە یاسایی ‏بەرەنگاربونەوی توندوتیژی نەزانن لەکاتێکدا سۆشیاڵ میدیا و راگەیاند هەیە ئێمە نەمان توانیوە ئەوە بکەین ناشتوانین بەم ریتمەوە بەردەوام بین بۆ ‏ئەوەی کۆمەڵگای خۆمان هۆشیار بکەینەوە.‏
 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,335,832     ژمارەی میوان 697

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە