لە هەڵەبجە عیبەیە ژنان سکاڵا دژ بە توندوتیژیەکانی بەرامبەریان تۆماربکەن

2021/07/19    993 جار بینراوە
نەوژین - میهرەبان سەلام
 
 بەهۆی پابەندبون بە عەشیرەت و خزم و ترسان لە لەکەدارکردنیان ژنان لە هەڵەبجە سکاڵا تۆمار ناکەن، ئەوەی تاوانەکان دژ بە ژنان لێرە لە شارەکانی دیکەی هەرێم جیا دەکاتەوە ئەوەیە کوشتنی ژنان زۆر بە دەگمەن دەگاتە گوێی دانیشتوانەکەی.
 
ژنان لە شاری هەڵەبجە توانیویانە رێچکەشکێنی لە پۆستی ئیداری و کارکردن و هونەر بکەن، بەڵام بە رای پارێزەران و توێژەرانی دەرونی توندوتیژی دژ بە ژنان هاوشێوەی شارەکانی دیکە تێیدا بەردەوامە بە ریگاو شێوازی جیاواز.
 
ئەریڤان حەسەن، پارێزەر لەدادگای هەڵەبجە، بۆ نەوژین وتی: ئێمە دڵخۆشین بەوەی کە توندوتیژی بونی کەمترە لەچاو دەوروبەر، بەڵام بەهۆی هەبونی عەشیرەت و خزم و هاوڕێیەتی و ترسان لە لەکەدارکردنی کەرامەتیان سکاڵا تۆماڕ ناکەن، چونکە ئەم تێڕوانیە هەیە بۆ ژنان کاتێک سکاڵا تۆماردەکەن“.
 
”نەبونی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی هۆکارە بۆ ئەوەی ژنان سکاڵا تۆمارنەکەن“
 
لەگەڵ ئەوەشدا کوردە باپیر، توێژەری دەرونی جەختدەکاتەوە توندوتیژی خێزانی و سوکایەتی و ئازاردان و لێدان دژ بە ژنان بونی هەیە، بەڵام بەهۆی نەبونی بەڕێوەبەرایەتیەکی توندو تیژی بۆ تۆمار کردن ئامار لەبەردەستدا نییە و تۆمار ناکرێت.
 
هەڵکەوتەی شارەکە وایکردوە خەڵکی هەڵەبجە کلتور و عادەتی کۆنی خۆیان بپارێزن بە وتەی ئەم توێژەرە، ئەو بۆ نەوژین وتی: ˮهەڵەبجە شوێنێکی چەپە کەلتورو عادەت و تەقالیدی خۆی تا ئیستا پاراستوە، بێگانە نەهاتۆتە ناوی تاوەکو تێکەڵ بە کلتورەکەی ببێت، پاشان شوێنی هەڵکەوتەی جوگرافی یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی رێژە توندوتیژی کەمتر بێ لەناوچەکانی تر“.
 
بەهۆی نەبونی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لە شاری هەڵەبجە ئامارێکی تایبەت بە تاوانەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان بەردەست نیە، نەبونی ئەم بەڕێوبەرایەتیەش بەهۆکاری مانەوەی توندوتیژیەکان پێشلکردنی مافەکانی ژنان دەزانرێت لەم پارێزگایە.
 
بۆ ئەمەش لەسەر وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتیە بنكەی داڵدەدان بۆ قوربانیانی توندوتیژی خێزان دابین بكات،  ئەرکی وەزارەتی ناوخۆیە کە بەڕێوبەرایتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لەم پارێزگایە بکاتەوەو بەوردی کار لەسەر توندوتیژەیە خێزانیەکان بکەن.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,827     ژمارەی میوان 182

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە