بەشداری ژنانی کورد لە سیاسەتدا

2021/07/05    740 جار بینراوە
 
نەوژین - راوێژ  کامەران 
 
سەرەڕاى پێشکەوتنێکى بەرچاو، تاکو ئێستا سیاسەتوانە ئافرەتەکان لە کوردستاندا پشت بە سیستەمى پشک دەبەستن بۆ کەمکردنەوەى جیاوازى نێوان ڕەگەزەکان.
 
هەرچەندە ئافرەتان ڕۆڵێکى سەرەکى دەگێڕن لە پەرلەمانى کوردستاندا، هێشتا پێویستیان بە پشتبەستنە بەو پشکە ڕەگەزییەى کە بۆ چونە نێو پەرلەمان داندراوە بۆ هاوسەنگڕاگرتنى جیاوازى نێوان ژمارەى پیاوان و ئافرەتان بەتایبەتى لەو ناوچانەدا کە ژمارەیەکى کەمى ئافرەتان لەدەرەوەى ماڵەکانى خۆیاندا کار دەکەن. 
 
پشکى ڕەگەزى یاسایەکى پەرلەمانى کوردستانە کە تیایدا %٣٠ ڕێژەى لیستى کاندیدانى پارتەکان و ئەندامانى پەرلەمان بۆ ئافرەتان تەرخان کردوە. ئەمەش لە ساڵى ٢٠٠٩ وە لە یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستاندا جێگیر کراوە. 
 
ئەنجامەکانى دوایین هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە لە ٣٠ ئەیلولى ٢٠١٨ دا بەڕێوە چو دەریدەخەن کە لە کۆى ١١٠ پەرلەمانتار ٣٥ئەندام ئافرەتن. لەوانەشدا ١٣یان لەڕێگەى دەنگدانەوە و لەدەرەوەى سیستەمى پشکى ئافرەتان بون بە پەرلەمانتار و ٢٢ ئافرەتیشیان لەڕیگەى سیستەمەکەوە بون بە پەرلەمانتار. 
 
زۆرێک لە ئافرەتە کاندیدکراوەکان لەڕێگەى ئەم سیستەمەوە کورسییەکانى پەرلەمان پڕدەکەنەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئاخۆ بۆچى ئافرەتان ناتوانن بە پێى پێویست دەنگەکانى خۆیان بەدەست بهێنن؟ هەڵسەنگاندنمان بۆ داتاکانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن و ڕاپرسى و داتاکانى دەزگاى نێودەوڵەتى بۆ سیستەمەکانى هەڵبژاردن و نوسینگەى ئامارى هەرێمى کوردستان و ماڵپەڕى پەرلەمانى کوردستان و بارۆمیتەرى عەرەبی پەیوەندى داهاتوى ئافرەتە سیاسییەکان بە یەکسانى ڕەگەزییەوە نیشان دەدات لە هەرێمى کوردستاندا.
 
 
سیستەمى پشک ڕێگە بۆ ئافرەتان خۆش دەکات لە پێشبڕکێیەکدا کێبڕکێ بکەن کە پیاوان تیایدا باڵادەستن
 
لەڕواڵەتدا، وادەردەکەوێت کە پیاوان و ئافرەتان بەشێوەیەکى یەکسان کێبڕکێ دەکەن. لەکۆى گشت ٧ ئافرەتێک کە بۆ وەدەستهێنانى کورسییەک کاندید بونە، یەک ئافرەت ئەو کورسییەى بەدەست هێناوە، ئەمەش هەمان ئەو بڕەیە کە پیاوان تیایدا براوە بونە وەک ڕەگەزى باڵادەست. بەڵام سەرەڕاى ئەوەى پیاوان و ئافرەتانى کاندیدکراو نزیکەى ١ لە حەوتى دەرفەتیان هەیە بۆ بردنەوەى کورسییەکانیان لەکاتى هەڵبژاردندا، سیستەمى پشک هاریکارى ئافرەتان دەکات بۆئەوەى بگەن بەو ئاستەى پێشبڕکێکردن کە پێویستە. 
 
 
تەنها یەک یەک ئافرەت لە کۆى سێ دانە توانیویەتى بەبێ یارمەتى سیستەمى پشکى ئافرەتان کۆرسییەکەى بەدەست بهێنێت، ئەمەش بەو واتایەدێت کە دەرفەتى ڕاستەقینەى بردنەوە لە هەڵبژاردنەکاندا بەبەراورد لەگەڵ ئەو پیاوانەى دەچنە پڕۆسەى هەڵبژاردنەوە تەواو لاوازە. 
سەرەڕاى ئەمەش، ئەو ئافرەتانەى لەدەرەوەى سیستەمى پشکى ئافرەتان کێبڕکێدەکەن لە بەشەکانى ترى عێراقدا دەرفەتێکى کەمتریان هەیە بەبەراورد لەگەڵ ئەوانەى کوردستاندا. چەند فاکتەرێک هەن کە ڕەنگە کاریگەرییان بەسەر ئەگەرى تواناى پێشبڕکێکردنى ئافرەتانەوە هەیە لەدەرەوەى سیستەمى پشک و زۆریک لەو هۆکارانە پەیوەنییان بە بەرەوپێشچونى ئافرەتانەوە هەیە لە دەستکەوتنى یەکسانى ڕەگەزى لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکى گشتى. 
 
 
ئەو ئافرەتانەى لەو شوینانەدا دەچنە کێبڕکێى هەڵبژاردنەوە کە خودى ئافرەتان تیایاندا کارى زیاتر دەکەن دەرفەتى زیاتریان هەیە بۆ بردنەوەى کورسییەکان لە هەڵبژاردندا
بەپێى هەندێک داتاى سنوردار لە کوردستاندا، پشتیوانییەکى زیاتر بۆ سیستەمى پشک هەیە لەو شوێنانەى ئافرەتان بەتەواوى پشتى پێنابەستن بۆئەوەى هەڵبژێردرێن. لە شارى سلێمانیدا کە ئافرەتان تیایدا دەرفەتى بردنەوەیان هەیە لە هەڵبژاردنەکاندا بۆچونە نێو پەرلەمانیان، یەک لە کۆى ١٤ کەس بڕواى بە پشکى ئافرەتان نییە. لەهەولێردا ئەم ڕێژەیە بەرزترە: ٢ لە کۆى ١٤ کەس بڕوایان پێى نییە. ئافرەتان لە هەولێردا تا ڕادەیەکى زۆر پشت بە سیستەمى پشک دەبەستن بۆ ئەوەى بچنە پەرلەمانەوە. 
 
 
هەروەها پەیوەندییەکى بەهێز لە نیوان پێکهاتەى ئافرەتان لە هێزى کار و بردنەوەى کورسییەکانى پەرلەمان لەلایەن ئافرەتانەوە لە دەرەوەى سیستەمى پشک هەیە. لە سلێمانیدا، ٤ لە کۆى ٢٠ ئافرەت کاردەکەن و زۆرینەى کورسییەکانى دەرەوەى سیستەمى پشکیان بەدەستهێناوە. لە شارى هەولێردا، ٣ لەکۆى ٢٠ ئافرەت کاردەکات و لە پلەى دوەمدا دێت بۆ بردنەوەى کورسییەکانى دەرەوەى سیستەمى پشک. هەرچى شاری دهۆکە، ٢ لە کۆى ٢٠ ئافرەت لە هێزى کاردا بەشدارن و زۆرینەى ئەندام پەرلەمانە ئافرەتەکانیان لەڕێگەى سیستەمى پشکەوە کورسى پەرلەمانیان پێدراوە. 
ڕۆژان سەعید حەمە ڕەش ى تەمەن ٣٧ ساڵ کە ئەندامى پەرلەمانە لەسەر سلێمانى گوتى کە پشتى بە ناوبانگى خۆى بەستوە وەک پیشەگەرێک بۆ چونە نێو پڕۆسەى هەڵبژاردنەوە. هەروەها  کە کچى حەمەڕەشە کە شەهیدێکى نێودارى کوردستانە، چوە نێو پڕۆسەى هەڵبژاردن و بەبێ پشتبەستن بە سیستەمى پشک توانى براوە بێت. هەروەها گوتى کە نێوبانگى پیشەگەرى خۆى کلیلى سەرکەوتنى بوە لە هەڵبژاردنەکاندا. ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: “من پارێزەرێکى سەرکەوتو بوم و بوم بە بەرپرسى بەشى یاسا و مافەکانى مرۆڤ لە بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى فڕۆکەخانەى نیودەوڵەتى سلێمانى دا. لەبەر ئەوەى نێوبانگێکى باشم هەبو لەو کارەمدا، توانیم دواتر لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوبم.”  
 
ئافرەتان لەوشوێنانەدا پشت بە سیستەمى پشک دەبەستن کە پیاوان تیایاندا بە سەرکردەیەکى باشتر هەژمار دەکرێن
 
 
شێوازى بیرکردنەوە لەڕوى سەرکردایەتیکردنەوە لە لایەن ئافرەتانەوە لە سەرکەوتنى هەڵبژاردنەکاندا ڕەنگیداوەتەوە. لە هەولێر، ١٨ لە کۆى ٢٠ کەس پێیان وایە پیاوان لە سەرکردایەتی سیاسیدا لە ئافرەتان باشترن و لە سلێمانیدا ڕێژەکە کەمترە، بە بڕى ١٥ لە ٢٠ کەس، کە بڕوایان وابێت پیاوان سەرکردەى باشترن لە ئافرەتان.
 
 ئەمەش بەربەستێکى گەورەیە بۆ ئافرەتە کاندیدکراوەکان بۆئەوەى بەسەریدا زاڵبن.  لەیلا عبدالجبارى تەمەن ٣٧ ساڵى ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لەسەر لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان لە دهۆک لەڕێى سیستەمى پشکەوە وەک ئەندامى پەرلەمانى کوردستان دەستنیشان کراوە و پێیوایە کە تاکو ئێستاش سیستەمى پشک بۆ بەرەنگاربونەوەى جیاکارى ڕەگەزى گرینگى خۆى هەیە. پێشتر لە سەرکردایەتى یەکێتى ئافرەتانى کوردستان بوە، کە ڕیکخراوێکى ئافرەتانى سەر بە پارتى دیموکراتى کوردستانە، و گەواهیدەرى گشت ئەو بەربەستانەیە کە ئافرەتان ڕوبەڕوى بونەتەوە.  بڕواى وایە کە تێڕوانینى کۆمەڵگا بۆ بەشداریکردنى ئافرەتان لە سیاسەتدا وایکردوە کە سیستەمى پشک ئەوەندە گرینگ بیت. 
 
هەروەها  لەو بارەیەوە دوا و گوتى: “لە وڵاتە پێشکەوتو و دیموکراسییەکاندا، ئافرەتان وەک هەر مرۆفێک بە تواناى خۆیان چونەتە پەرلەمان نەک تەنها لەبەر ئەوەى کە ئافرەتن. هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە سیستەمى پشکى ئافرەتان بۆ پاراستنى ئەو مافە دانراوە و بۆئەوەیە ئافرەتان بتوانن تواناکانى خۆیان بسەلمێنن“.
 
 لەیلا بڕواى وایە کە گرینگە ئافرەتان زیاتر هەوڵ بدەن بۆ سەلماندنى تواناکانیان و کێشەکانى ئافرەتان و یەکسانى ڕەگەزى بۆ ئەجێنداى سیاسى بەرز بکەنەوە و وەبیر کۆمەڵگاى بهێننەوە کە کلتور قابیلى گۆڕانە و ئافرەتانیش لە ڕابردودا ڕۆڵى بەرچاویان هەبوە لە کۆمەڵگاى کوردستاندا. هەر لەو بارەیەوە گوتى: “هێشتا ڕێگایەکى زۆرمان لەبەردەم ماوە بۆئەوەى بتوانین ئەم سیستەمەى پشک لاببەین و پێویستە کارى زیاتر بکەین بۆئەوەى کۆمەڵگا ئافرەتان وەک مرۆڤێک قبوڵ بکەن. چونکە لە ڕابردودا ئافرەتان لە نێو کورددا هەبون کە سەرکردایەتى خێڵەکانیان دەکرد.”
زۆربەى کات ئاشکراکردنى جیاکارى دژى ئافرەتان لە شوینى کار و سیاسەتدا هاوشان و لە نوێنەرایەتیکردنى ئافرەتان لە پەرلەماندا ڕەنگى داوەتەوە. بۆ نمونە، ئافرەتانى سلێمانى زیاتر لە نیوەى ئەو ١٣ کورسییەیان پڕکردوەتەوە کە لەدەرەوەى سیستەمى پشک دەستیان کەوتوە. شارى سلێمانى تاکە شوێنە لە کوردستاندا کە تیایدا زۆرینەى ئافرەتان کاردەکەن و بەشێکى زۆرى دانیشتوانەکەى بڕوایان بە بەشدارى ئافرەتان هەیە لە پڕۆسەى سیاسیدا. 
 
ڕۆژان حەمە ڕەشى لیستى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان کە لەدەرەوەى سیستەمى پشکدا براوە بوە، پێیوایە کە سیستەمى پشکى ئافرەتان گرینگى خۆى هەیە بۆ پەرەسەندنى ئافرەتان لە کوردستاندا.  لەو بارەیەوە دەڵێت: ”هێشتا ئەرکێکمان لەسەر شانە بۆئەوەى وەک پەرلەمانتارى ئافرەت ڕۆڵى خۆمان بگێڕێن بۆئەوەى متمانەى خەڵکى بە ئافرەتان بەهێزتر بێت و بۆیان بسەلمێنین کە دەتوانین لە ئاست پێویستى و چاوەڕوانییەکانیانداین. ئەمەش ڕێگاى چونە پەرلەمان بۆ ئافرەتان خۆشتر دەکات بەبێ پشتبەستن بە سیستەمى پشک“.
 
ئەو پارتانەى پێشکەوتوتربون توانیویانە ئافرەتى زیاتر بەبێ سیستەمى پشک هەڵببژێرن 
 
 
شوێن و ئەداى ئافرەتان بەپێى پارتە سیاسییەکان دەگۆڕدرێت و زۆربەى کات بەگوێرەى هەڵسوکەوتى پارتەکەیە بەرامبەر ئافرەتان. بۆ نمونە، بەشێوەیەکى ڕێژەیى، ١٦ ئافرەت لەکۆى ئەوە ٢٠ ئەندام پەرلەمانتارە ئافرەتانەى سەر بە یەکێتى نیشتیمانى کوردستانن بەبێ پشتبەستن بە سیستەمى پشک کورسییەکانى پەرلەمانیان بەدەست هێناوە. یەکێتى نیشتیمانى حیزبێکى پێشکەوتنخوازە بەبەراورد لەگەڵ ئەوانیتر لە کوردستاندا.
 
 لەپاش ئەو نزیکترین پارت بزوتنەوەى گۆڕانە کە ١٥ ئافرەت لە کۆى ٢٠ لەدەرەوەى ئەم سیستەمە کورسییەکانیان بەدەستهێناوە. بزوتنەوەى گۆڕان پارتێکى پێشکەوتنخوازە و بارەگاکەى لە شارى سلێمانییە. هەرچى پارتى دیموکراتى کوردستانە کە پارتێکى پارێزگارە، تەنها ٤ ئافرەت لە کۆى ٢٠ لەدەرەوەى ئەم سیستەمە دەنگى تەواویان هێناوە، لەکاتێکدا گشت ئافرەتانى سەر بە پارتەکانى تر لەڕێگەى سیستەمى پشکى ئافرەتانەوە کورسییەکانى پەرلەمانیان بەدەست هێناوە. 
 
 ڕۆژان حەمە ڕەشى پەرلەمانتارى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان گوتى کە سەرکەوتنى ئافرەتان لە پارتەکەیدا ناچارییە. لەوبارەیەوە بەم شێوەیە دوا، “لە بەرنامەى پارتەکەماندا ئاماژە بەوە دراوە کە پێویستە ئافرەتان ڕۆڵى گرینگ ببینن و هێنانەپێشەوەى ئافرەتان ئامانجى پارتەکەمانە.” هەروەها گوتى کە پارتەکە ئەو ئافرەتانە دەخاتە لیستى کاندیدانەوە کە پیشەگەرى سەرکەوتون، چ لە نێو حکومەتدا یاخود لە نێو کارى حزبیدا یان کەرتى تایبەتدا بۆئەوەى پشت بە هێزى ناوبانگیان ببەستن لە هەڵبژاردنەکاندا. هەروەها  ئاماژەى بەوە دا کە متمانەى دانیشتوان کلیلى سەرکەوتن بوە بۆئەوەى لەدەرەوەى سیستەمى پشکى ئافرەتاندا دەنگ بهێنن. 
 
ڕەنگە سیستەمى پشک گرینگ بێت بۆ هێنانەناوەوەى ئافرەتان بۆ کارى سیاسى، بەڵام دەکرێت لەهەمان کاتیشدا ببێت بە بەربەست بۆیان دکتۆر هەتاو حەمە ساڵح، بەڕێوەبەرى ناوەندى یەکسانى ڕەگەزى لە زانکۆى هەڵەبجە، چەندین ساڵە لێکۆڵینەوە لەبارەى لایەنە ئەرێنى و نەرێنییەکانى سیستەمى پشکى ئافرەتاندا دەکات.  پێیانوایە کە ئەم سیستەمى پشکە بۆ دڵنیاییدان بوە لەپاراستنى مافى ئافرەتان لە سیاسەتدا، سەرەڕاى ئەوەش گرینگە کە کەمپین بۆ دانیشتوان بکەین بۆئەوەى لەسەر بنەماى توانا دەنگ بە کاندیدەکان بدەن نک لەسەر بنەماى ڕەگەز.
 هەتاو پێیوایە کە سیستەمى پشکى ئافرەتان دەبێتە هۆى کەمکردنەوەى توانایان هەرکە چونە پەرلەمانەوە بەهۆى ئەو شەرمەوە کە بەهۆى چونە نێو پەرلەمانەوە لەڕێگەى پشکەوە بۆیان دروست دەبێت. لەو بارەیەوە گوتى،” کاتێک ئافرەتێک لەڕێگەى سیستەمى پشکەوە دەچێتە پەرلەمان متمانەى تەواوى بەخۆى نییە چونکە دەنگى تەواوى نەهێناوە بۆئەوەى براوەبێت. هەروەها دەنگدەران دەڵێن کە ئافرەتان لەڕێگەى سیستەمى پشکەوە دەچنە پەرلەمان و لەبەر ئەمەشە دەنگ بە پیاوان دەدەن.“
 
ئافرەتان گەیشتون بە پلە و پۆستى بەرز پەرلەماندا، بەڵام بەبێ کاریگەرى
 
 
دەنگهێنان یەکەم بەربەستى بەردەم زۆرێک لە ئافرەتانەوە و هەبونى کاریگەرى تەواو بەسەر یاسادانانەوە ئاستەنگێکى ترە. لە کۆى سێ ئەندامى سەرۆکایەتى پەرلەمانى ئێستاى کوردستاندا دوانیان ئافرەتن: دکتۆرە ڕێواس فایەق حسێن، کە نوێنەرایەتى یەکێتى نیشتیوانى کوردستان دەکات، سەرۆکى پەرلەمانە و پۆستى سکرتێرى پەرلەمانیش دراوە بە  مونا قەهوەچى، کە ئافرەتێکە لە پێکهاتەى کەمینەى تورکمانەکانە. لە چوار خولى پەرلەمانى ڕابردودا، تەنها یەک ئافرەت پۆستى لە سەرکردایەتى پەرلەمان وەرگرتبو. ئەویش  بێگەرت دڵشاد شکرالله بو، لە لیستى یەکێتى نیشتیمانى کوردستاندا، و بۆ ماوەى دو ساڵ سکردتێرى پەرلەمان بو. بێجگە لەوە، لە ساڵى ١٩٩٢ تاکو ٢٠١٨، هیچ ئافرەتێک لە سەرۆکایەتى پەرلەماندا نەبینرا. 
 
سەرەڕاى ئەوەى ئافرەتان توانیویانە پۆستى باڵا لە پەرلەماندا بگرنە دەست، بەڵام ئەم ڕێچکەیە لەنێو پارتەکان و حکومەتدا نەگیراوەتە بەر. تاڤگە ڕەئوف عەزیز، بەڕێوەبەرى پڕۆژەیە لە Heartland Alliance International، پێیوایە ئەگەر ئافرەتان لە پۆستەکانى سەرکردایەتیدا نەبن لە پەرلەماندا کاریگەرییان سنوردار دەبێت. 
 
 تاڤگە هەماهەنگکارى پڕۆژەى داهاتو لە پێشمانەوەیە بو کە دەستپێشخەرى سەرکردایەتى ئافرەتانى عێراقى بو بۆ برەودان بە ڕۆڵى ئافرەتان لە سیاسەتدا و خۆى گەواهیدەرى ئەو بەربەستانەبوە کە هاتبونە بەردەم کاریگەرى ئەندام پەرلەمانە ئافرەتەکان لە ئەجێنداى یاساداناندا.  لەو بارەیەوە گوتى: “سیستەمى پشکى ئافرەتان لە پەرلەمان و ئەنجومەنى پارێزگاکان دەرفەتێکى باشى خستوەتە بەردەم ئافرەتان بۆ ئەوەى لە سیاسەتدا بەشداربن، بەڵام بۆئەوەى بتوانن خۆیان بسەلمێنن... هەندێک هەنگاوى گرینگ هەیە کە دەبێت بیگرنە بەر. پێویستمان بە زیادکردنى ژمارەى ئافرەتانە لە پۆستە باڵاکانى نێو پارتە سیاسییەکاندا چونکە ئەوان زۆربەى کات ناوەندى بڕیاردانن لە نێو پارتەکاندا“.
 
پیاوان حکومەت بەڕێوەدەبەن و ستافەکەیان ئافرەتە
 
تاکو ئێستاش بنمیچێکى شوشەیى لە زۆرێک لە دامودەزگا حکومییەکاندا هەیە کە دەکریت تواناى ئەندام پەرلەمانە ئافرەتەکان سنوردار بکات بۆ کاریگەریخستنە سەر بەڕێوەبردنیان.  تاڤگە دەڵێت کە پێویستە ئافرەتان دەرفەتیان پێ بدرێت بۆ ئەوەى کاریگەرى لەسەر چەند کەرتێک دروست بکەن لەڕێگەى ڕۆڵەکانى سەرکردایەتیکردنى وەزارەتەکانەوە. هەروەها پێیوایە کە پێویستە سیستەمى پشکى ئافرەتان بهێندرێتە نیو خودى حکومەتەوە بۆئەوەى سەرکردە ئافرەتەکان بتوانن تواناى خۆیان بسەلمێنن و متمانەى کۆمەڵگا بەدەست بهێنن. 
 
 تاڤگە کۆمەڵێک داتاى کۆکردوەتەوە دەریدەخەن کە ئافرەتان لەدەرەوەى سەرکردایەتیکردنى ڕۆڵە سەرەکییە وزارییەکان هێڵدراونەتەوە. لەو بارەیەوە دەڵێت: “تەنها سێ وەزیرى ئافرەت هەن لە کۆى ١٩ وەزیر، و لە کابینەى پێشوشدا تەنها یەک وەزیرى ئافرەت هەبو، لە کاتێکدا ئافرەتان لە نێو خودى وەزارەتەکاندا ژمارەیان زۆرە وەک فەرمانبەر. بۆ نمونە، بەگوێرەى داتاکانى ، زیاتر لە نیوەى فەرمانبەرانى هەردو وەزارەتى تەندروستى و پەروەردە ئافرەتن، بەڵام زۆربەى ئەو دامەزرامانە لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوە دەبرێن. لە وەزارەتێکى وەک وەزارەتى پێشمەرگە، نزیکەى ٩٩% ى فەرمانبەرەکانى پیاوە“.
 
  تاڤگە پێیوایە کە پێویستە بەشداریپێکردنى ئافرەتان سەرکردایەتیکردنى وەزارەتەکانیش بگرێتەوە بۆئەوەى برەو بە یەکسانییەکى تەواوى ڕەگەزى لە نیو حکومەتدا بەرجەستە ببێت. 
تیشکخستنە سەر سەرکەوتنى ئافرەتان لە حکومەتدا
 
زۆرێک لەو ئافرەتانەى لەگەڵیاندا دواین پێیان وایە کە بەشداری ئافرەتان سنوردار دەبێت تاکو ئەو کاتەى دانیشتوان دان بە بەشداریکردنیاندا دەنێن.  ڕۆژان لەو بارەیەوە ڕونکردنەوەى داو گەتى کە دەستکەوتە پیشەگەراییەکانى ئافرەتان هۆکارى هەڵبژاردنیانن و ئافرەتان پێویستیان بە دەرفەتە بۆئەوەى لە بوارى سیاسیشدا بدرەوشێنەوە.  گوتى: “لەبەر ئەم هۆیەیە کە گرینگە پۆستە باڵاکانى نێو حکومەت و پارتەکان بدرێن بە ئافرەتانیش. بۆئەوەى خەڵکى ببینن کە ئافرەتان دەتوانن وەکو پیاوان ئەو پۆستانە بە شێوەیەکى باش بەڕێوە ببەن“.
 
هەروەها  بڕوایان وایە کە “کۆمەڵگا بە شێوەیەکى گشتى ڕۆڵێکى بەرچاویان هەیە لە گۆڕانى شێوازى بیرکردنەوەى کۆمەڵایەتى بەرامبەر بە ئافرەتان لە حکومەتدا لە ڕیگەى دڵنیاییدان لەوەى کە دەستکەوتەکانى ئافرەتان ون نەبن. پێویستە هونەر و سینەما و میدیا و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى ڕۆڵێکى بەردەوام ببینن لە وێناکردنێکى جوان و ڕاستەقینەى ڕۆڵى ئافرەتان لە سیاسەتدا“.
 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,342,223     ژمارەی میوان 4636

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە