* نەوژین
لەبارچونی یەک لە دواییەک یەکێکە لە کێشە باوەکانی دوگیانی کە بە ٣ لەبارچونی یەک بە دوای یەک پێناسە دەکرێت و بە رێژەی(٣٪)ە رودەدات، پسپۆڕێکی نەخۆشیەکانی ژنان تێکچونی هۆرمۆنەکان و نەخۆشیەکانی بەرگری بە هۆکاری ئەم حاڵەتە دەزانێت.
دکتۆر هودا محێدین، راوێژکاری ژنان و منداڵ بون رایدەگەیەنێت ئەم کێشەیە بەهۆی هۆکاری جیاوازەوەیە کە پەیوەندی بە کۆرپەلە و دایکەوە هەیە وە یان هەر دوکیان.
سەبارەت بە هۆکارەکانی پەیوەست بە دایکەکە دەڵێت: هۆکارەکانی بریتیە لە کێشەکانی منداڵدان، تێکچونی هۆرمۆنەکان، کێشەکانی مەینی خوێن و نەخۆشییە بەرگری و رۆماتیزمیەکان.
هەروەک لە هۆکارەکانی پەیوەست بە کۆرپەلە ئاماژە بە تێکچونی کڕۆمۆسۆمەکان و هۆکارە بۆماوەیەکان و کێشە زگماگیەکان دەکات.
ئەو پزیشکە پسپۆڕەی ژنان و مناڵ بون ئامۆژگاری ژنان دەکات دوای سێمانگ لە لەبارچون دوبارە دوگیان ببنەوە و دەڵێت: ئاسایی لە دوای لە بارچون جەستەی ئافرەت پێویستی بە ماوەیەک هەیە تا دوبارە منداڵدان و ھۆڕمۆنەکان بچنەوە باری ئاسای خۆیان و بتوانن بۆ دوگیان بونێکی دیکە ئامادە بن کە ئەم ماوەیەش بە شێوەیەکی ئاسایی ٣ مانگە لە دوای لەبارچون.