بۆ ”حکومەتی مێینە“ سزاکەی پەرلەمان بەکوێ گەشت و ئەندامەکە چی وەڵام داونەتەوە

2021/04/29    447 جار بینراوە
 
*نەوژین
 
 
پێش مانگێک ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان، لە دانیشتنی ئاسایی پەرلەمان لە بەرامبەر رەخنەکانی لە ئەدای حکومەت وتی ”حکومەتی هەرێم مێینە“. هەرئەوکات داواکرا سزا بدرێت وترا وشەی مێینەی بۆ مەبەستی بەکەم سەیرکردنی رەگەزی مێینە بەکارهێناوە، ئەویش رەتی کردوە بۆ ئەومەبەستەبێتە بەکاری هێنابێت، بۆ سزادانیشی دەستەی سەرۆکایەتی داوایەکیان ئاڕاستەکردوە ئەویش رەتی دەکاتەوە دەڵێت”دۆسیەی بەرپرسی پارتیم هەڵداوەتەوە بۆیە لە دژی من ئەوە دەکەن“.
 
 
کۆتا رۆژی مانگی رابردو(٣١ ى ئاداری ٢٠٢١ ) لە دانیشتنی ئاسایی پەرلەمانی کوردستاندا ئەندامێکی پەرلەمان لە فراکسیۆنی یەکێتی بەناوی هاوڕێ مەلا ستار، لە کاتی قسەکانیدا رایگەیاند”حکومەتی هەرێم حکومەتێکی مێنەی مۆدێلە“. سەرۆکی پەرلەمان 'رێواس فایەق' هەر لەوکاتەدا پێی وتەوە کەچیت وت وتی دەڵێم ”حکومەتی هەرێم مێینەیە“  بەوهۆیەوە سەرۆکی پەرەلەمان داوای سڕینەوەی قسەکانی کرد لە پرۆتۆکۆڵ، لەگەڵ ئەوەشدا لە ناوهۆڵی پەرەلەمان گرژی دروست بو تێیدا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وتی ”ئەمە سوکایەتیە بە حکومەت“.
 
 
پەرلەمان چ سزایەکی ئەندامەکەی دا؟
 
 
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەبەوەدەکات داوایانکردوە لە ناو جەلسەی پەرلەمان داوی لێبوردن بکات، بەڵام لەناو پەیڕەی ناخۆی پەرلەمان چارەسەری ئەم بابەتەی تێدانیە.
 
 
شادی نەوزاد، جێگری سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان بۆ 'نەوژین' وتی : ”ئێمە وەک لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان یاداشتمان داوەتەوە، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ ئەوی لە دانیشتنی یاسای پەرلەمان بە فەرمی داوای لێبوردن بکات چونکە ئەولەناو حەرەمی پەرلەمان سوکایەتی کردوە“.
 
 
هاوکات ئاماژە بەوەدەکات : پەرلەمانەکانی دونیا چوارچێوەی کاریان هەیە و لیژنەی تایبەت بەداداچونی بۆ دەکات، بەڵام لە پەرلەمانی کوردستان  ئەمە نیە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیش شتێکی لەم بابەتە بونی نیە و چارەسەری بۆ دانەنراوە ئەمەش نابێتە بەرتەسکردنەوی ئازادی بەڵکو رێکخستنەویە، لە پەرلەمانی کوردستان هیچ بنەمایەکی لەو شێوەیە نیە“.
 
 
هاوڕێ مەلا ستار ئامادەنیە گوێڕایەڵی داواکەی دەستەی سەرۆکایەتیی بێت
 
 
هەمان رۆژی قسەکەی هاوڕێ مەلا ستار، لە بینای پەرلەمان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی داوای لێبوردن کرد، بەڵام لیژینەی داکۆکیکردن لەمافی ئافرەتان داواکاری ئاڕاستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردوە کە 'هاوڕێ مەلا ستار' دەبێت راستەوخۆ لەدانیشتنی ئاسایی پەرلەمان داوای لێبوردن بکات چونکە قسەکانی لەناو پەرلەمان کردوە، هەر ئەوکات تۆڕی رێکخراوەکانی ژنانیش یاداشتێکیان بۆ سزادانی گەیاندە پەرلەمان.
 
 
 
لە بەرامبەردا هاوڕێ مەلا ستار، بە 'نەوژین'ی راگەیاند: ”بەڵێ ئاگەداریان کردمەوە کە لەدانیشتنی پەرلەمان داوای لێبوردن بکەم، بەڵام رەتمکردەوە چونکە من مەبەستم ژنان نەبوە بەگشتی و سوکایەتی نەبوە بەژنان و قەزیەکەش بەلاڕێدا براوە“.
 
 
هۆکاری بەلاڕێدابردنەکەشی گەڕاندوە بۆ ئەوەی کە پارتی لە دژی ئەم هەلەی قۆستۆتەوە.
 
 
 وتی: ” بە پلەی سەرەکی پارتی پشتیوان هاوکاری مۆدێلەکان و ئەو رەوتەیە کە دژ بەداب و نەریت کوردی وەستاونەتەوە، وەک خۆم چەندین بەڵگەم دەست کەوتوە کە پارتی چۆن بوەتە پاڵپشتیان چەند زەوی و شوقەو پارەی لە موڵکی گشتی بەنایاسایی داوەتە ئەو کەسانە چۆن لە رێگەی کەناڵی جۆربەجۆرە پاڵپشتیان دەکات ناوناوبانگیان پێپەیدا دەکات، پارەی خەیاڵی خستۆتە خزمەتیان بۆیە زانیم بابەتەکە وایە ئامادە نیم داوای لێبوردن بکەم“.
 
دەستەی سەرۆکایەتی دوای مانگێک بێدەنگە لە بڕیارەکەی
 
بە پێی سزاکەی کە بۆی دیارکراوە و پێی وتراوە کە حەسانەی پەرلەمانتاری لێوەردەگیرێتەوە، جێگری سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتانیش دەڵێت”ئەنجامەکەی رون نیە بەهۆی نەبونی چارەسەر لە پەیڕەوی ناوخۆ “
 
 
هاوڕێ مەلا ستار، باسی لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داوەکەکردو وتی: ”پێیان وتم ئەگەر داوای لێبوردن نەکەیت حەسانەی پەرلەمانتاریت لێوەردەگرینەوە بەڵام جارێ بێدەنگن هیچی تر نەوتراوە“.
 
 
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەو هاوشێوەکانی شادی نەوزاد، وتی: ”دەبێت واژۆکۆبکرێتەوە بۆ ئەم بابەتەو دواتر بخرێتە دەنگدانەوە کە سزاکەی چی دەبێت چونکە هیچ مادەیەک لە پەیرەی ناوخۆ نیە بۆ کێشەی لەم شێوەیە“.
 
 
ئەمە لە کاتێکدایە ئەوکات دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ و ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و چەندین رێکخراوێک و  چالاکوانی ژن  لە رێگەی بەیاننامەوە داوی بە سزاگەیاندی ئەم پەرلەمانتارەیان کرد، بەوپێیەی سوکایەتی بە ژن کردوەو  پرسیان چۆن دەبێت کەسێک لەو پێگیەبێت و بەوشێوەیە لە توانای رەگەزی بەرامبەر بڕوانێت؟ هەندێک بۆچونی دژیش هەبون کە پێیان وابو ئەوەی پێی وایە ئەوە سوکایەتیە کەواتە ئەوانەش بە چاوی کەمترەوە سەیری پێگەی رەگەزی مێنە دەکەن ئەگەر بیوتایە حکومەت نێرینە هیچ کەسێک هەڵوێستەی لەسەر نەدەکرد.
 
 
 


ئەرشیفی نەوژین | دەربارە | پەیوەندی
Newjin.net - 2021
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 106,848     ژمارەی میوان 16