شاجوان: دەمەوێت ببم بە پاڵەوانی جیهان

2021/04/26    1485 جار بینراوە
 
نەوژین هۆزان فەریق
 
کچە وەرزشوانێکی کوردستان براوەی چەندین خەڵاتە لە ئاستی جیهان و کوردستاندا، خەونی ئەوەی هەیە ببێتە پاڵەوانی جیهان، ئەو باوکی پشتیوانی یەکەمیەتی و دەڵێت”هەمو ژیانم بۆ خەونی کچەکەم تەرخانکردوە“.
 
 
شاجوان بەهرۆز، لە(٢٧/١٠/٢٠٠٢) لە شاری سلێمانی لە دایکبوە، هەر لە تەمەنی منداڵیەوە حەزو خولیایەکی زۆری بۆ وەرزش هەبوە لە نێویاندا یاریە سیانیەکان.
 
 
”هەر لە قوتابخانەوە لە پۆلەکانی سەرەتایی دەستم بە یاری و وەرزشکرد، مامۆستاکان هەڵیان بژاردم بۆ فستیڤاڵی خویندنگاکان بەمەش دەرگا لە روی من کرایەوەو بە  بەپاڵپشتی ماڵەوە و مامۆستاکانم بەردەوامیم دا بەئارەزوەکەم“. شاجوان، بەم شێوەیە باسی سەرەتایی دەستکردنی بە یاری بۆ 'نەوژین'کرد.
 
 
شاجوان، براوەی چەندین پاڵەوانیەتیە لە ئاستی عێراق و کوردستان لە پاڵەوانیەتی ماراسۆنی عێراق، توانی پلەی سێیەم بەدەست بهینم و لەپاڵەوانێتی پایسکیل سواری یانەکانی عیراق بۆ ساڵی(٢٠٢٠)  پلەی د‌وەمی بەدەستهینا، هەروەها لە پاڵەوانێتی پاسکیل سواری لەسەر ئاستی سلێمانی، توانی ببێتە یەکەمی پاڵەوانیەتیەکە.
 
 
”شوێنی گونجاوم نیە بۆمەشق راهینانەکانم“
 
 
ئەو نیگەرانە لە بایەخنەدان بە وەرزش و هاوکاری نەکردنی وەرزشوانان و نەبونی شوێن بۆ راهێنانەکانی و وتی: ”شوێنی گونجاوم نیە بۆمەشق و راهینانەکانم، ئەمە بەهۆی ئەوەیە بارودۆخی یاریە سیانیەکان و وەرزش بەگشتی لەکوردستاندا بەدۆخێکی خراپدا تێ دەپەڕێ“.
 
 لەئێستادا شاجوان، یاریزانی یانەی دوکانە و بەسەرپەرشتی راهێنەرەکەی مەشقەکانی دەکات، هەروەک لە مەلەوانیشدا ئاستێکی نایاب پێشکەش دەکات و لە پاڵاوانیەتی مەلەوانی ماوە درێژ لە تەق تەق پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە.
 
 
بەدەستهێنانی پلەی چوارەم لە پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەبی
 
 
لە ساڵی ٢٠١٧ شاجوان بەشداری پاڵەوانیەتی پاسکیلسواری لە وڵاتانی عەرەبیدا دەکات و پلەی چوارەم بەدەست دەهێنیت، بەڵام لە بەشداری کردنی لە پاڵەوانیەتی ئاسیا هیچ پلەی بەدەست ناهێنێت.
 
 
لە بارەی بەدەست نەهێنانی پلە لە پاڵەوانیەتی ئاسیا شاجوان بۆ 'نەوژین'وتی: ”بەهۆی ئەوەی پاسکیلی پێشکەوتوم نەبو بۆشم دابینەکرا لە کوردستان شکستم هێنا، ئەمەش دوبارە پەیوەندی دارە بە بایەخنەدان بە وەرزش لێرە و نەرۆشتن لەگەڵ پێشکەوتنی یاریەکان، چونکە ئەو پاسکیلانەی لەوێ بەکاردەهێندرا زۆر پێشکەوتوبون“.
 
 
باوکی شاجوان: هەموژیانم بۆ خەونی کچەکەم دانا
 
 
 
بەهرۆز محەمەد"باوکی شاجوان" ئاماژە بەوەدەکات ئەو هەمو ژیانی خۆی تەرخانکردوە بۆ خەونی کچەیەکەی و بۆ نەوژین دەڵێت: ”هەمو ژیانم و کارەکەم تەرخانکردوە بۆ شاجوانی کچم تا گەشت بەم ئاستەی ئێستا بۆ ئەمساڵیش بەهۆی ئەوەی پۆلی ١٢ ئامادەیە کەمتر دەتوانێت مەشق بکات“.
 
 
دەشڵێت: خۆم راهێنانی پێدەکەم و لە لایەنی دارایەوە کەس پشتگیری نەکردوین بۆ وەرزشەکەی و هەمو خەرجەیەکانی خۆم بۆی دابین دەکەم.
 
 
شاجوان لەگەڵ باوکیدا وێنە: نەوژین
 
بەهرۆز محەمەد، پێشتر یاریزانی کیک بۆکسێن بوە لەگەڵ ئەوەشدا یاریزانی تۆپی پێبوە.
 
 
هەروەک بەهۆی ئەستەبەرزەکەیەوە لە ساڵی ٢٠١٩خەڵاتی باشترین کەسایەتی  وەرزشی ساڵ بەخشرا بە شاجوان  لەلایەن رێکخراوی (BFSO).
 
 
لەگەڵ ئەمانەشدا شاجوان خەونی گەورەی هەیەو دەڵێت: ”دەمەوێت ببم بە یەکەمی جیهان لە وەرزشەکەم، کەسانێکی زۆر خەونەکەم بە بیرکردنەوەیەکی مناڵانە دەزانن، بەڵام پشت بە خوا من ئەوە بەدەست دەهێنم“.
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,342,478     ژمارەی میوان 78

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە