* نەوژین - رێناس ساڵح
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم وەزیرەکەی و حەوت بەڕێوبەرایەتی گشتی لە پاریزگاو ئیدارەکان پیاو بەڕێوەی دەبات، بەڕێوبەری نەخۆشخانەکانیش زیاتر لە ٧٨٪ یان لە رەگەزی نێرن، هۆکارەکەی وابەستدەکرێت بە حزبەکان کە تاوەکو ئێستا بڕوایان بە یەکسانی جێندەری نیە، ئەندامێکی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای دەکات، بۆ ئەم پرسە لیژنەکەیان هیچی نەکردوە تەنانەت ئەوان وەک ژنانی ئەندامی لیژنەکە جیاوازیان لەگەڵ دەکرێت و قسەیان بە هەند وەرناگیرێت.
هەیکەلی وەزارەتی تەندروستی پێکهاتوە لە وەزیری تەندروستی و ٩ بەڕێوبەرایەتی گشتی کە ٧ بەڕێوبەرایەتیان گشتیان تایبەتن بە تەندروستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
حزب بڕیار دەدات بۆ بڵانسی جێندەر لە بری وەزارەت
بە وتەی بەرپرسێکی ناو وەزارەتی تەندروستی، هیچ بنەمایەکی یەکسانی جێندەری پەیڕەوناکرێت لەکاتی دابەشکردنی پۆستەکان ئەوەی هەیە کاندیدی حزبەکانە ئەوانیش پشتیوانی ئەو کەسانەدەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی تەندروستی داوای لە لایەنەکان نەکردوە بۆ ئەوەی کاندیدەکانیان لە رەگەزی مێبن ئەمەش هێندەی دیکە دەستی حزبی باڵادەستکردوە بەوەی ژنان نەهێنە ناو بەرپرسیارەتی کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان.
ئاسۆ حەویزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە نەوژینی راگەیاند: لەسەر ئاستی وەزارەتی تەندروستی لە کۆی ٩ بەڕێوبەرایەتی گشتی تەنها یەک ژن لەو پۆستەدایە ئەویش لە بەڕێوبەرایەتیەکی ناو وەزارەت دایە نەوەک پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بەڵام ئامادەنەبو لە بارەی یەکسانی جێندەر قسەبکات.
بەمەش رێژەی ژن لە پۆستی بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی(١١٪)ە.
هەولێر، کۆبونەوەی لیژنەی باڵای پسپۆڕی راوێژکاری بۆ دابینکردنی ڤاکسین لە هەرێمی کوردستان بە بێ بونی هیچ ئەندامێکی ژن (٢٠/١/٢٠٢١) وێنە: وەزارەتی تەندروستی
شایان کاکە ساڵح، جێگیری سەرۆکی لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگەو بەکاربەر لە پەرلەمانی کوردستان، وتی: راستە حزب کاندید دیاری دەکات، بەڵام کێشەیەکی تر ئەوەیە بەشێک لە ژنان رەنگە ئامادە نەبن بەرپرسیاریەتی وەرگرن.
هاوکات لە بارەی یەکسانی رەگەزی لە سیستەمی تەندروستی کوردستان رێکخراوی تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی داوادەکات پیاوسالاری لە ناو سیستمی تەندروستی بنبڕبکەن.
دەڵێت: لە سیستمی تەندروستی کوردستاندا، هەمو پۆستە ئیداریەکان بە دەست پیاوەوەن، تاوەکو ئێستا لە مێژوی تەندروستی کوردستاندا ژنێک نەبوەتە وەزیری تەندروستی، جگە لە نەخۆشخانەکانی منداڵبون و ژنان تەندروستکارانی ژن نەیانتوانیەوە ببنە بەڕێوبەری نەخۆشانە و بنەکەی تەندروستی و پۆستە باڵاکانی ناو وەزارەت وەکو بەرێوەبەرە گشتیەکان.
کۆبونەوەی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی، وێنە: پەرلەمانی کوردستان
٢١٪ پۆستی بەڕێوبەری نەخۆشخانەکان بەدەست ژنەوەیە
بەڕێوبەرایەتیە گشتیەکانی تەندروستی پێکدێن لە بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی( هەولێر، سلێمانی، دهۆک، كۆیه، گەرمیان، هەڵەبجە، راپەڕین). لەم راپۆرتەدا ئاماری سێ بەڕێوبەرایەتی گشتی وەک نمونە وەرگیراون کە ئەوانیش بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی پارێزگای(هەولێر، سلێمانی، دهۆک)ە.
خشتەی سێ بەڕێوبەرایەتی بۆ ژمارەی نەخۆشخانە ژمارەی بەڕێوبەری پیاو و ژن داتا: نەوژین
بە گوێرەی ئامارەکان رێژەی بەڕێوبەری ژن لە نەخۆشخانەکانی تەندروستی هەولێر (٢٦،٣٪)ە، تەندروستی سلێمانی(٩،١٪)ە، تەندروستی دهۆک(٢٥٪)ە. بوموش کۆی گشتی رێژەی ژن لە پۆستی بەڕێوبەری نەخۆشخانەکان (٢١،٤٪)ە، رێژەی بەڕێوبەری پیاویش(٧٨،٦٪)ە.
لە تەندروستی هەولێر لە کۆی ١٩ نەخۆشخانە پێنجیان ژن بەڕێوەی دەبات. دکتۆر دلۆڤان محەمەد، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی پارێزگای هەولێر، بۆ نەوژین وتی: لەو ٥ پێنج نەخۆشخانەیە دوانیان بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئافرەتان و مناڵبونن، دوانی دیکەیان نەخۆشخانەی گشتین یەکیان نەخۆشخانەی چاودێری چڕە.
لە پارێزگای سلێمانی، لە کۆی ١١ نەخۆشخانە تەنها یەک نەخۆشخانە ژن بەڕێوەی دەبات. دکتۆر هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت: تەنها نەخۆشخانەی ژنان و مناڵبون ژن بەڕێوبەریەتی.
تەندروستی دهۆک سێ نەخۆشخانەی پزیشکی ژن بەڕێوەی دەبەن. حەمزە رەزیکی، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی تەندروستی دهۆک، بەنەوژینی راگەیاند: لە تەندروستی دهۆک ١٢ نەخۆشخانەیان هەیە لە کۆی ئەو ١٢ نەخۆشخانەیە ٣ نەخۆشخانە بەڕێوبەرەکانیان ژنن کە دوانیان تایبەتە بە ژنان و دانەیەکیان نەخۆشخانەی سوتاویە.
”ژنان ئەگەر لێهاتوشبن پشتیوانیان نیە“
بە وتەی بەرپرسانی تەندروستی لەکاتی دانانی بەرپرسەکان بۆ پۆستەکان گرنگ پشتیوانی حزبە، بنەمایی زانستی و لێهاتویی رەچاو ناکرێت، رایەکی دیکەش ژنان خۆیان بە هۆکار دەبینێت بۆ ئەوەی نەچنە پێشەوە.
دکتۆر، هێرش سەلیم، جێگیری بەڕێوبەری گشتی بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی، بە نەوژینی رایگەیاند: هیچ بنەمایەکی زانستی و پێوەرێکی دیاریکراو نیە لەسەر ئاستی لێهاتوی بۆ دانانی بەڕێوبەرەکان لە تەندروستی سلیمانی، ئەوەی هەیە حزبیە یان لەسەربنەمای ناسروایە جێندەر هیچ کارێکی لەسەر نەکراوە.
لە پاڵ هۆکارە حزبیەکان وتەبێژەکەی تەندروستی دهۆک کەمی پسپۆڕی لە پزیشکانی ژن بە هۆکار دەزانێت. حەمزە رەزیکی، ئاماژەی بەوەکرد: هۆکارەکان حزبیە لەگەڵ کەمی ژمارەی پزیشکی ژن لە پارێزگاکە. وتیشی: ”پزیشکانی ژن لە دهۆک پسپۆڕیان لە بواری ژنان و منداڵ بونە، تەنها دو پزیشکی ژن لە دهۆک پسپۆڕیان لە بەشە جیاجیاکانی پزیشکی هەیە“.
دهۆک، نەخۆشخانەی فریاکەوتن وێنە: وەزارەتی تەندروستی
”لەماوەی کارکردنی ئەو ١٥ مانگەی کارم کردوە لەکۆی گشتی گۆڕانکاریەکانی نەخۆشخانەکان کە ٨ نەخۆشخانە بوە ٤ نێر بوە ٤ ئافرەت بوە، بەڵام ئەوەش مەبەست نیە کە تا چەند باڵانسی جێندەر رەچاو کراوە“. دکتۆر دلۆڤان محەمەد، ئەمەی وت.
ئاماژەی بەوەشکرد: دەرفەت بۆ پیاو و ئافرەت یەکسانە و پێوەر کارکردن و بڕوانامەو خۆکاندیدکردن و ئامادەی بۆ ئیشەکە دەوردەبینێت، پێموایە ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ خودی تاکەکان خۆیان چ پیاو چ ئافرەت.
ئەمە لەکاتێکدایە شایان کاکە ساڵح، وەکو ئەندام پەرلەمانە دەڵێت: ”ئێمەی ژنان لە لیژنەکانی پەرلەمان ھێندەی ئەندامە پیاوەکان وەک پێویست گوێمان بۆ ناگیرێت، گەر ھاتو بیروڕایەک ھەبو ئەندامێکی ژن ئاماژەیپێدا بەھەند وەرناگیرێت لە کاتێکا ھەمان ڕا ئەندامێکی پیاو ئاماژەی پێ بدات ئافەرینی لێ دەکرێت، ئەوە لەگەڵ خودی خۆم ڕوی داوە“.
سیستەمی کۆتا وەک چارەسەر
بیرۆکەی کۆتا بۆ بەڕێوبردن بە بیرۆکەیەکی گونجاو بۆ ئەم کاتەی کوردستان دەزانرێت تاوەکو هاتنە پێشەوەی ژنان جێگیر دەبێت دەبێتە ئەمری واقیع.
شایان کاکە ساڵح، باسیلەوەکرد: ”تا ئێستا لە لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی کوردستان باسمان لەو بابەتە گرنگە نەکردوە.“ زیاتر وتی: ”بونی کۆتا بیرۆکەیەکی باشە دەکرێت بیخەینە بەرنامەی کاری کۆبونەوەکانی لیژنەکەمان، دیسان ئەوە ئاسانکاریە کە من زۆر پشتیوانی نیم، بەڵام بۆ کۆمەڵگەی ئێمە لە ئێستادا ئەو ھەنگاوە زۆر پێویستە تاکو تواناکانی ژن ببینرێت تا ئەوکاتەی لە داھاتودا بەشداری ژن دەبێتە کارێکی خۆڕسک و پێویست بە دانانی سیستمی کۆتا نەکات“.
هاوکات تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی، رایدەگەیەنێت: دەبێت کۆتایەکی تایبەت بە ژنان دابنرێ بۆ پۆستە ئیدارییە جیاجیاکانی ناو تەندروستی.
راشیدەگەیەنن: یەکێک لەو وانە گرنگانەی کۆرۆنا فێریکردین ئەوەیە کە ژنانی سەرکردە باشترن لە ئیدارەکردنی قەیرانێکی وەکو کۆڤید ١٩، وڵاتەکانی نیوزیلاندا و ئەڵمانیا و هۆنک کۆنگ و نەرویج بۆ نمونە کە سەرکردەکانیان ژنن باشتر توانیان کۆنترۆڵی کۆرۆنا بکەن.
کارمەندانی سەنتەری پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا لەگەڵ وەزیری تەندورستی وێنە: وەزارەتی تەندروستی
بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەولێر، لەبارەی ئەمەوە ئاماژەی بەوەکرد: لە لیژنەکانی روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا بەگوێرەی پسپۆڕی تەندورستکارانی ئافرەت رۆڵیان هەبوە، لە چاودێری نەخۆشەکانیش رۆڵێکی کاریگەر و بەرچاویان هەبوە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە لیژنە باڵاکانی روبەڕوبونەوەی پەتایی کۆڤید نۆزدە لە هەرێمی کوردستان ژنان بەشداریان پێنەکراوە، شوێنیان خەڵی بوە لە بەڕێوبردن و پلانەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
هەولێر، کۆبونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، وێنە: وەزارەتی تەندروستی