*نەوژین
٢٧ ساڵ پێش ئێستا و لە ساڵی ١٩٩٤ لە دەروەی شاری سلێمانیی رۆژنامەنوسی ئەڵمانی'لیسی شمیت' لەگەڵ شۆفێرەکەی دەدرێتە بەر دەستڕێژی گولەو تیرۆردەکرێت، ئەمە لە کاتێکدابو 'لیسی' هەردو شێوەزاری (سۆرانی و کرمانجی) کوردی بە باشی زانیوە و دەوڵەتی تورک بەهۆی نوسینەکانی لەسەر کورد لە لیستی رەش دایناوە. دوان لە بکوژەکانی پێش لە سێدارەدانیان حکومەتی عێراق و چەند بەرپرسێکی کورد تۆمەت باردەکەن بە پاڵپشتیان بۆ تاوانەکە.
لیسی شمیت کێیە؟
لیسی شمیت، (١٩/١/١٩٥٩) لە دایک بوە، رۆژنامەنوسێکی ئەڵمانیە، لە ساڵی(١٩٨٠) دەستی بە کاری رۆژنامەوانی کردوە، بۆ ئاژانسە نێودەوڵەتیەکانی(فرانس پرێس، فرانکفۆرتەر رۆندشو و دێر تاگسپایگل) کاریکردوە، راپۆرتەکانیشی تایبەت بو بە کورد لە تورکیاو عێرق، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی(دی زیت) لە نێو کورداندا ناسرابوە. خۆی و شۆفێرەکەی لە بۆسەیەکدا لە دەرەوەی شاری سلێمانی لە عێراق لە تەمەنی ٣٥ ساڵیدا کوژران، لەکاتێکدا ئەو خەریکی ئامادەکردنی راپۆرت بوە.
رێپۆرتاژەکانی لەسەر کورد 'لیسی' دەیخاتە لیستی رەشەوە
لیسی شیمت، پێش ئەوەی لە عێراق راپۆرت ئامادەبکات دەربارەی کێشەکانی کورد لە تورکیا بۆ فرانکفۆرتەر رەوندشو راپۆرتی نوسیوە، بەهۆی نوسینەکانی لەسەر چەوساندنەوەی کورد حکومەتی ئەوکاتی تورکیا نوسینەکانی قەدەغەدەکات و ناوی دەخاتە لیستی رەشەوە، دواتر لەلایەن (AFP) ەوە لە ساڵی (١٩٩١)راسپێردرابو بۆ کارکردن لەسەر کوردی عێراق و کێشەکانیان راپۆرت ئامادەبکات.
لیسی شمیت، بەناوی 'میلنا ئێرگن' روداوەکانی (ساڵی ١٩٩١ تاوەکو ١٩٩٣) کوردستانی لە كتێبێکدا كۆ كردوەتەوە لە ژێر ناونیشانی'سەربەستی نرخی گرانە' لەم كتێبەیدا پانزە ریپۆرتاژی نوسیوەو باسی تاقیكردنەوەو سەرنجەكانی خۆی دەكات لە كوردستانی عێراق. نوسراوەی دوەمی نامیلکەیەکە بە هاوبەشی لەگەڵ تۆهماس مێینهاردت لە ساڵی (١٩٩٣) بەناوی 'شوێنی روداو كوردستان'. ئەم نامیلكەیە باسی جەنگی حكومەتی توركیا دەكات لە باكوری كوردستان، و ئامانجە سیاسیی و ئابوریەكانی، هەروەها لیپرسینەوەی دەوڵەتی ئەلمانیا، و فرۆشتنی چەك لە لایەن كارگەكانی چەكی ئەم دەوڵەتە.
کەی و لەکوێ تیرۆرکرا؟
رۆژنامەی ئیندیپێندێنتی بریتانی لە ١٣ نیسانی ١٩٩٤ هەواڵەکەی بەم شێوەیە بڵاوکردوەتەوە”لیسی شمیت لەگەڵ عەزیز قادری شۆفێری کوژران، لە رۆژی (٣ ی نیسانی ١٩٩٤) کاتێک هێرشبەرێک لە ئۆتۆمبێلێکدا بە چەک تەقەی لە ئۆتۆمبێلەکەیان کرد“.هاوکات رێکخرای '
cpj' بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنوسان ئەمەی پشت راستکردوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەوکات لە هەواڵی دەزگا ئەڵمانیەکان ئاماژە بەوەکراوە ”کوشتنی رۆژنامەوانانی ئەڵمانی رونادات، بەڵام شمیت بەشێکە لەو رۆژنامەنوسانەی کە لە ململانێکانی دەرەوەدا کوژراون، لەلایەن بەکرێگیراوانی کورد کە لە بەغدا پارەیان بۆ تەرخان کراوە“.
گۆڕەکەی لیسی شمیت، لە ئەڵمانیا لەسەری نوسراوە ”بۆ عەداڵەت تێكۆشام، بەڵام بومە قوربانی دەستی تیرۆر“. وێنە: سالار سابیر
هەر بە گوێرەی راگەیاندراوەکان ئەو کاتە ئەمریکا حکومەتی عێراقی تۆمەتبارکردوە بەدانانی نرخ لەسەر کوشتنی بیانیەکان لەناوچە کوردستانیەکانی باکوری عێراق، دو مانگی پێش کوشتنی شمیت دو پەیامنێری سویدی برینداربون پاش ئەوەی بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلەکەیان تەقیەوە، دو چیکی، دو نەمسایی بەهۆی هێرشی ترەوە بریندار بون، دو پاسەوانی دیکەی سەر بە یو ئێن دو رۆژ دوای کوشتنی شمیت برینداربون.
دانپێنانی بکوژەکان
ئیندیپێندنت ( Independent ) ی بەریتانیا لە بارەی دانپێنانی بکوژەکانەوە نوسیویەتی: ”دو پیاوی عێراقی لە نەتەوەی کورد دانیان بە تاوانەکەدا ناوە کە 'لیسی شمیت' و شۆفێرەکەی کوشتوە چونکە ئەندامانی خێزانەکەیان بە دیل گیراون و حکومەتی عێراق فەرمانی پێکردن کە ئەو بیانیانە بکوژن بۆ دڵنیابون لە پاراستنی ئازیزانیان، ئەم تاوانبارانە دواتر لە سێدارەدران“.
سالار سابیر، پڕۆفیسۆر لهبواری زانسته سیاسیهكان و نوسەر لە بارەی تیرۆرکردنی 'لیسی شمیت' لە رۆژنامەی کوردستان ئەمڕۆ بە زمانی ئەڵمانی دوای کوشتنی 'لیسی' راپۆرتێکی بکۆڵکاری بڵاودەکاتەوە کە دواتر بە زمانی کورد لە سایتی
کوردستان پۆست بڵاودەبێتەوە دەڵێت: دوان لە بکوژەکانی توانرا لە لایەن هێزی ئاسایشەوە دەستگـیر بكرێن. دواجار لە تەلەفزیۆنی دەنگی گەلی كوردستان (PUK TV) لە سلێمانی دانپێنانەکانیان بڵاوكرایەوە.
یەكێك لە بكوژەكان بە ناوی (زەكی سەعید عەباس) لە دانپێدانانەکەیدا دەڵێت: ”لە ساڵی(١٩٩٢) وە بۆ موخابەراتی عێراقی كاری كردوە كە هەر ئەوانیش ئەو ئوتومبیلەیان بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنانە خستبوە خزمەتیان“.
بكوژی دوەم بە ناوی (ئیسماعیل حەمە مستەفا) خەلكی كەركوك، لە (١٠/٤٤/١٩٩٤)لە سلێمانی دەستگیرکرا، لە دانپێنانەکەیدا دەڵێت:”ماوەی سێ مانگە کاری جاسوسی بۆ حکومەتی عێراق دەکەم“ لەبەردەم دادگای سلێمانی دانی بەتاوانەکەیدا نابو، تاوانباری سێیەم (وەهاب شێخ ئەحمەد) توانیبوی دەرباز بێت و دەستگیر نەكرابو.
ئەو نوسەرە دەڵێت:”دادگایەکردنەکەی گومانی لەسەر چونکە ئەو کاتەی 'زەکی' دەستی بۆ بەندوخوێنەکەی بردوە وتویەتی کۆمەڵێک ناوم لێرە شاردوەتەوە دەمەوێت ناوی ئەو کوردانە ئاشکرابکەم کە تێوەگلاون لە تاوانەکە، بەڵام بێدەنگ دەکرێت و دەبرێتە دەوەی هۆڵی دادگایکردنەکە“.
چۆن بە قسەی کێ لیسیان تیرۆرکرد؟
”رۆژێک بانگکراین بۆ کەرکوک لەوێ پێیان وتین قوربانیەكەی ئۆپەراسیۆنی ئەم جارەتان رۆژنامەنوسی ئەڵمانی و دۆست و خەمخۆری بەوەفای كورد'لیسی شمیت' لەگەڵ پاسەوانەکەی بۆ ئەنجامدانیشی بڕی پاداشتەکەی ملیۆن و نیوێك دیناری عێراقیمان بۆ دانرا“. ئەمە قسەکانی زەكیە لە دانپێنانەکەی.
دەشڵێت: ”چەند رۆژێک پێش کوشتنی چاودێریمان دەکرد، لە رۆژی روداوەکە ئوتومبێلەكەیان زۆر لەسەرخۆ دەرۆیشت بەهۆی ئەوەی لە رێگە توشی کێشەبو هاتنە سەید سادق، و ئوتومبیلەكەیان بردە لای فیتەرێـك. دواتر بەردەوام بون لە رۆشتن تاوەکو لە دەشتەكەی باخچیان نزیكەی كیلۆمەترو نیوێك دوای نوقتەی تەفتیشەكە لاماندایە تەنیشت ئوتومبیلەكەو بە خەستی گوللە بارانمان كردن تا مردن“.
ئەمە بە پێی راپۆتەکەی سالار سابیر، لە بارەی تیرۆرکردنی 'لیسی شمیت' کە لە رۆژنامەی کوردستانی نوێش ئەوکات بڵاوکراوەتەوە.
لە رۆژی(١٦/٤/١٩٩٤) 'لیسی شمیت' لە نزیك شاری فرانكفورت – ئەلمانیا بە خاک سپێردرا.