ژنە بێ دەنگەکەی بازاڕ

2021/04/07    1783 جار بینراوە
 
* نەوژین - زریان محەمەد
 
 
چاکەتێکی شینی پۆشیوە، لەچکە پەمەیەکەی لەبری دەمامک بەکارهێناوە، کۆمەڵێک خواردنی کوردەواری لە پێش خۆیداناوە، ئەمە دیمەنی ژنێکی تەمەن ‏‏٥٣ ساڵە  لە کۆڵانێکی بازاڕی قەزای کەلار, کە ماوەی دو ساڵە کاری فرۆشیاری دەکات لە بازاڕەکە.
 
نەورۆز محەمەد خەلیفە، لە ساڵی(١٩٦٨) لە قەزای کفری لە دایک بوە لە ئێستادا لە ناحیەی رزگاری نیشتەجێیە، قۆناغی سەرەتای خوێندنی تەواو ‏کردوە و بەهۆی بارودۆخی خیزانەکەیەوە وازی لە خوێندن هێناوە، دو جار ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە، خاوەنی ٨ مناڵە.‏
 
وەستانەوە بەرامبەر ئاستەنگیەکان ‏
 
‏'نەورۆز' هەمو رۆژێک لە ناحیەی رزگارییەوە دێتە قەزای کەلار، لە کۆڵانی مزگەوتی گەورە لە بازاڕی شارەکە وەک تاکە ئافرەت کە ئەم پیشەی هەبێت بە ‏بێدەنگی بە دیار بەرهەمەکانیەوە دادەنیشێت بۆ ئەوەی بیانفرۆشێت. 
 
لە بارەی کارەکەیەوە بۆ نەوژین وتی: : ”ئەم کارەی کە دەیکەم بۆ دابین کردنی بژێوی ژیانمانە، چونکە هاوسەرەکەم خاوەنپێداویستی تایبەتە، بۆ دابین ‏کردنی کرێی خانو و پێداویستیەکانی رۆژانەمان ئەم کارە دەکەم‎“‎‏.‏
 
ماوەی دو ساڵە دەستی بەم کارەکردوە کە فرۆشتنی خواردەمەنی خۆماڵیە لەوانە(ماست، نان، کولیچە، کنگر، دۆینە، رۆنی کوردی، کەشک)‏‎.‎
 
ئەو دەڵێت: ”کڕیاری خۆمم هەیە کە رۆژانە دێن بەتایبەت ماست و نانەکەم لێدەکڕن“.‏
 
 
بازاڕی قەزای کەلار، نەورۆز، لەشوێنی کارەکەی قسە بۆ زریان دەکات وێنە: نەوژین
 
نەورۆز، ئەو خۆارکانە بەشێکی بۆ خەڵکی دەفرۆشێت لە بەرامبەر بڕێک پارە و هەندێکیشی بۆخۆی کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکات.‏
 
ئەو لە بری دەمامک لەچکەکەی ئاڵاندبو بە دەم و لوتیدا وەک خۆی وتی: ”ناتوانم هەمو رۆژێک دەمامک بسێنم، چونکە پارەی ئەوەم پێ نیە بۆیە ‏لەچکەکەم بەکاردەهێنم بۆ ئەوەی توشی کۆرۆنا نەبم“.‏
 
‏”بونی ئابوری سەربەخۆ دڵخۆشم دەکات“‏
 
کارکردن بە تەنها بۆ ژنان لە جێگەیەکی وەک بازاڕ رەنگە نامۆبێت بەلای هاوڵاتیانی شارەکەیەوە، بەڵام نەورۆز بە دڵخۆشیەوە ئەوەی رەتکردەوە کە بە ‏چاوێکی دیکە سەیری بکرێت، هێمای بۆ ئەوەکرد: ”لێرە هەرچەن بە تەنهام بەڵام ئاسودەم، چونکە ئەو کەسانەی کە لێرەن زۆر هاوکارمن، تەنانەت بە ‏جۆرێکە ئەگەر رۆژێک نەیەمە ئێر تەلەفۆنم بۆ دەکەن کە بۆچی دیار نیم‎“‎‏.‏
 
بە بڕوای'نەورۆز' پێویستە ئافرەت بوێربێت و بتوانێت روبەڕوی ئەو ئاستەنگانە ببێتەوە کە دێتە پێشی لە کارێک کە دەیکات”زۆرگرنگە هەمو کەس ‏خاوەنی ئابوری سەربەخۆی خۆیبێت  بە رەنجی شانی خۆی ئەمە زۆر دڵخۆشکەر دەبێت“.‏
 

بازاڕی قەزای کەلار، نەورۆز، لەشوێنی کارەکەی وێنە: نەوژین

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,358,246     ژمارەی میوان 433

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە