ژنان دەست دەکەن بە کاری دیزاینی ناوماڵ

2021/03/28    1870 جار بینراوە
 
نەوژین - هۆزان فەریق
 
لە کارێکی نوێدا چەند خانمێک لە شارە جیاوازەکانی کوردستان هەستاون بە دیزاین کردون و رازاندنەوەی ماڵان بە چەندین شێوازی جیاواز و دەڵێن”زانست ‏و هونەر پێکەوە بەکاردەهێنین بۆ کارەکانمان تاوەکو بینە خاوەن داهاتی خۆمان“.‏
 
لە گەڵ کرانەوەی ژنان بە دونیای کارو ئابوری سەربەخۆ لە چەندین بوار شوێن دەستی خۆیان نەخشاندوە.‏
 
شۆخ شێروان، تەمەن (٢٥ ساڵ) یەکێکە لەو خانمانەی کاری دیزاینی بیناو شوێنی کاردەکات، ئەو بەهەرە هونەریەکەی و توانا زانستیەکەی بەکارهێناوە ‏بۆ کارەکەی، لە خوێندنی زانکۆ بەشی ئینترۆ دیزاینی تەواو كردوە كە بەشێكە سەر بەكۆلێژی بیناسازی'میعماری'ە.‏
 
 
شۆخ شێروان، وێنە: نەوژین
 
شۆخ، خۆی بە خۆشبەخت دەبینێت لەبەرئەوەی خۆی حەزێکی زۆری بۆ هونەری دیزیان هەبوەو توانیویشیەتی زانستەکەی بخوێنێت ئێستا پێکەوە بەکاریان ‏دەهێنێت، ئەمەش بەوهۆیەوە بوە کە دایکی هاوکارێکی باشی بوە کە ئەم کچەی هەرلەمنداڵەوە فێری دۆزینەوەی بەهرەو خواستەکانی کردوە.‏
 
لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێت کۆمەڵگا تەنها بەچاوی جەستەوە سەیری ئافرەت نەکەن بەڵکو تواناکانیان ببینن بۆ ئەمەش پێی وایە ژنان دەبێت خۆیان ئەوە ‏بسەلمێنن.‏
 
 
کارێکی شۆخ شێروان، وێنە: نەوژین
 
بۆ نەوژین وتی: ”چەند گرنگی بە كارەكەی خۆم ئەدەم ئەوەندەش گرنگە كە وەك ئافرەتێك كارەكتەرێك بم لە كۆمەڵگاكەی خۆمدا بەکارەکانم دەمەوێت ‏بیسەلمێنم ژن ئەوەنیە تەنها  لەڕوی جەستەو جوانییوە دەربكەون و بناسرێن بەڵكو ژن بە ئەقڵی خۆی بناسرێت“.‏
 
‏”کارکردن بۆ ژنان لە دەرەوە زەحمەتی زۆرە، بەڵام ئابوری قەرەبوی دەکاتەوە“‏
 
رێزان یەکێکە لەو خانمانەی ئەم کارە دەکات ئەو سەرەتا لەماڵەکەی خۆیەوە دەستی پێکردوە، دواتر لە رێگەی پەیجێکەوە دەستپێکردوە کە هەوڵی ‏فێرکردنی کەسانی دیکەی داوە لە رێگەی ئەو کارانەی کە خۆی کوردونی.‏
 
ئەو خانمە بە گرنگی دەزانێت چی دیکە ژنان چاوەڕێی بەرهەمی دەستی حکومەت نەبن بەڵکو بەخۆیان بگەڕێن و هەوڵ کارێکی تایبەت بە خۆیان بگرنە ‏دەست.‏
 
 
کارێکی رێزان لوقمان، وێنە: نەوژین
 
بەرای ئەو”هەمو کارێک سەرەتا سەخت و گرانە، بەتایبەت بۆ ژنان و تایبەتتریش بۆ ئەو ژنانەی کە هەم کاری دەرەوە و هەم کاری ماڵەوەش بکەن، بەڵام ‏ئەوە بیانو نییە بۆئەوەی لەماڵەوە دانیشن و هیچ کارێک  نەکەن ژنان دەبێت بەردەوام بن بۆ ئەوەی ئابوری سەربەخۆی خۆیان بەدەست بهێنن“.‏
 
رێزان لوقمان، تەمەن(٣١ ساڵ) دانیشتوی شاری سلێمانیە، ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوەو دایکی سێ منداڵە، وەک خۆی دەڵێت ”ئەگەرچی دەرچوی ‏کۆلێژی پەروەردەی ئینگلیزیم و پیشەم مامۆستایە، بەڵام ماوەیەکی زۆرەخولیای دیزاینکردنی ناوماڵ و توحفیاتم هەیە“.‏
 
 
رێزان لقمان، وێنە: نەوژین
 
پەرەی بەکارەکەی داوەو رۆژانە خەڵکی پەیوەندی پێوەدەکەن بەمەبەستی دیزاینکردن ناو ماڵەکانیان، بۆزیاتر ناساندنی کارەکانیشی پەیجێکی تایبەتی ‏داناوەو لەڕێگەیەوە پەیوەندی پێوەدەکرێت.‏
 
رێزان، دەڵێت: ئامانجی من ئەوەیە هەموکەس ماڵ وژیانی خۆی لاجوان بێت وهەوڵ بدات لاسایی کەسانی ترنەکاتەوە، زۆرگرنگە خانمان هەوڵ بدەن بۆن ‏وبەرامەو سیمای ماڵەکەیان لەهیچ ماڵێکی ترنەچێت، جێ پەنجەی خۆیان هەبێ بەشتەکانی ماڵەکەیانەوە وبەسەلیقەیەو دەسترەنگینبن. لەگەڵ ئەمانەشدا ‏پاڵپشتی هاسەرەکەی بە هۆکارێکی باشی سەرکەوتنی کارەکەی دەزانێت.‏
 
ئەگەر 'رێزان' هاوسەرەکەی پاڵپشتی بێت ئەوا 'شۆخ' لەگەڵ هاوسەرەکەیدا کارەکانی دەکات، ئەمەش هێندەی دیکە هاوکاریەتی بۆ ئەوەی کارەکانی بە ‏باشی ئەنجام بدات خۆشی بە خاڵی سەرکەوتنی بزنسەکەیانی دەزانێت.‏
 
 
شۆخ شێروان، لەکاتی کاردا،وێنە: نەوژین

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,355,995     ژمارەی میوان 813

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە