شەهلا یارحوسێنی
ئەو ژنەی لەلایەن پیاوانەوە بە موڵکی پیاو دێتە هەژمار، چۆن دەژێت؟ پیاوێک خۆی بە فریادڕەس و بەخێوکەری ژنێک دەزانێت و ئەقڵیەتی پیاوسالاری وەک ڕزگارکەر زاڵ دەبێت؛ ئایا ئەو ژنە لە کام خاڵی ژیان، سەربەخۆیی و ئارامیدا جێگیر بووە؟
بێگومان کاتێک ڕۆژانە گوێبیستی توندوتیژی، کوشتن و هەڕەشەکان دەبین لەناو خێزان و دەرەوەی خێزاندا، وەک نەتەوەیەکی بندەست و داگیرکراو زیاتر بۆمان دەردەکەوێت کە دەردی ئازادیمان چەندە دژوارە. ئێمەی کورد چەندین خوێنمان بۆ ئازادی و ڕزگاریی خاک و نیشتمان داوە و هێشتاش بەردەوامین لەگیانبەختکردن؛ ئاواتی ملەتێکی خێر لەخۆنەدیو ئەوەیە کە ڕۆژێک زووتر ئازادیی خاک و نیشتمان بە چاوی خۆی ببێنێت و لەژێر پۆستاڵی داگیرکەردا بیهێنێتە دەرەوە.
بەڵام کاتێک دەبینین کۆمەڵگە سنوورەکانی ئەخلاق تێدەپەڕێنێت و "شەرەف" و مافی سەربەخۆیی تاک لە یەکتر جیا دەکاتەوە، شەرەف وەک مۆرێکی سەر پاسپۆرت بەنێوچاوانی ژنەوە دەنێت بۆ بێدەنگکردن و کپکردنی قوربانی، جیاکاریی ڕەگەزی و هێورکردنەوەی هەستی برینداری تاکی ناو کۆمەڵگە. کورد لەمێژە قوربانی دەدات بۆ پاراستنی زمان، خاک و ناسنامە؛ هەر لەم پێناوەشدا باجێکی قورسی داوە و بەردەوامیش دەیدات. بەڵام ئەم قوربانیدانە نەتەوەییە هەرگیز پەشیمانیی لەدوا نییە، چونکە خەباتەکەمان بۆ دەستەبەرکردنی ئازادییە.
ئەگەر ئازادییە سەرەتاییەکان لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا وەک وانەیەکی ڕۆژانە بەهەند وەربگیرێن و وشەی ئازادی بەلاڕێدا نەبرێت، تاوانی کوشتنی ژنان بە بەبیانووی "شەرەف" و توندوتیژیی تاوانکاری—وەک ئەوەی بەسەر نیلووفەر موجاوردا هات—ڕوونتر دەبنەوە. ئەوەی ڕوویدا دەرخەری تا سەر ئێسقان دەسەڵاتی پیاوسالارییە کە جەستەی ئەو ژنەی بە موڵکی خۆی زانیوە و دەستدرێژی و ئەشکەنجەی وەک ئامرازێک بۆ سزادان و ڕەواکردنی دەسەڵاتی خۆی بەکارهێناوە.
کاتێک کۆمەڵگە لەبەرامبەر داپڵۆسینی نەتەوەییدا هاوار دەکات و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕوو بە جیهان دەدات، بەڵام لەناو ماڵەکەی خۆیدا ڕێگە بە درێژەپێدانی توندوتیژی دژ بە ژنان دەدات، بۆمان دەردەکەوێت کە تووشی جۆرێک لە دووفاقی لەگەڵ ئەخلاقدا بووەتەوە. پەردەپۆشکردنی تاوانباران و بە نەخۆش لەقەڵەمدانیان، هۆکاری دووبارەبوونەوەی کوشتنی ژنانە لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا؛ چونکە کاتێک دەڵێن تاوانبار "نەخۆشە"، واتە سزای قورسی بەسەردا ناسەپێنرێت، بۆ ماوەیەک بەند دەکرێت و دواتر ئازاد دەکرێت و وەک ئاوخواردنەوەیەکی لێدێت.
کۆتاییهێنان بەم تاوانکارییانە تەنیا بە گۆڕین و ڕیشەکێشکردنی ئەقڵیەتی خورافی و نەریتگەرای دێتە ئاراوە. دەبێت بەرنامەی درێژخایەن بۆ وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بەڕێوە بچێت و دابونەریتی چەقبەستوو و بیری تاریکپەرستانەی ناو کۆمەڵگە هەڵتەکێنرێت، پەروەردەی خێزانی و سیستەمی کۆمەڵایەتی فێری ئەوە بن کە شەرەف واتە ڕێزگرتن لە کەرامەت و بڕیاری تاک، نەک قۆرخکردنی ئازادییەکانی ژن.
زۆر پێویستە دەنگ و ڕەنگی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکان تەنیا بۆ گواستنەوەی هەواڵی تاوانەکان نەبێت، بەڵکو کار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو پاساوانە بکەن کە کوشتنی ژن ئاسایی دەکەنەوە. هەروەها بڕیار و فشاری ڕاستگۆیانە بخرێتە ناو سیستەم و یاساوە تا ڕێگە بە هیچ ئاسانکاری و کەمکردنەوەی سزایەک بۆ بکوژان بەبیانووی نەریت، نامووس، وشەرف نەدرێت.
هەر لەم پێوەندییەدا، حەزدەکەم ئەوە بڵێم: سەربەخۆیی ئابووریی ژنان و دروستکردنی تۆڕی پاڵپشتیی ڕاستەقینە لە ناوچە جیاوازەکاندا، دەتوانێت گەورەترین هەنگاو بێت بۆ ئەوەی ژن لەژێر ترسی پەراوێزخران و توندوتیژیدا نەمێنێتەوە. ڕزگاریی ژن لە کاتێکدا دەست پێ دەکات کە بڕیاردان لەسەر جەستە و ژیانی بەتەواوی بۆ خۆی بگەڕێتەوە؛ چونکە هیچ شۆڕشێک و نەتەوەیەک ناتوانێت گەشە بکات و هەنگاو بەرەو ئازادی بنێت کاتێک زەق و بەرچاو دەبینێت نیوەی پێکهاتەکەی لەناو دڵەڕاوکێ و بێڕەحمیی توندوتیژیی ڕۆژانەی پیاوسالایردا ژیان بە ڕێدەکەن.