هەڵەبجە؛ ئاماری توندوتیژی دژ بە ژنان کەمیکردوە
ھەواڵ
2026/09/10 , بینین : 63


* نەوژین

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان و خێزانی هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، ئاماری توندوتیژی دژ بە ژنان لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردو، کەمیکردوە، هۆکاری سەرەکی ئەم کەمبونەوەیەش بۆ بەرزبونەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی دەگەڕێنێتەوە.

بورهان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی نەوژینی راگەیاند: "ئاماری توندوتیژی بە گشتی لە هەڵەبجە کەمە، ئێمە پێمانوایە هۆکاری سەرەکیی ئەمە، ئەو هۆشیارییانەن کە وەکو بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بە خەڵکی ناوچەکەی دەدەین".

هۆشیارکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان وەک هەنگاوێکی خۆپارێزی

بۆ زیاتر چاودێریکردن و پێشگرتن بە حاڵەتە نەخوازراوەکان، بەڕێوەبەرایەتییەکە بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ گەیشتن بە هەمو چین و توێژەکان. لەم چوارچێوەیەدا، سەرنجی تایبەت دراوە بە توێژی هێزە ئەمنییەکان. بورهان ئەحمەد، دەڵێت: "ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی بەردەوام سیمیناری هۆشیاریمان هەیە بۆ هەمو تەمەن و چین و توێژەکان، تەنانەت هێزە ئەمنییەکانیش، چونکە پێمانوایە ئەمان دەبێت زیاتر هۆشیار بکرێنەوە تاوەکو بە وریاییەوە لەکاتی حاڵەتی نەخوازراو رەفتار بکەن".

لێدان و سوکایەتی؛ پێشەنگی سکاڵاکان

سەبارەت بە سروشت و شێوازەکانی توندوتیژییە تۆمارکراوەکان، ئامارەکان دەرخەری ئەوەن کە بەشێکی زۆری سکاڵاکان پەیوەندییان بە پێشێلکاریی ناو ماڵەوە هەیە. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەوەی خستەڕو: "لەنێو سکاڵاکانی توندوتیژیدا، زۆرترین سکاڵا دەربارەی لێدانە، پلەی دوەمیش سوکایەتی و جوێندان و پاشان هەڕەشەکردنە. بۆ ئەم کێشانەش، مۆبایل وەسیلەیەکی گەورەیە"، هەروەها رونیکردەوە کە زۆرینەی سکاڵا خێزانییەکان لەلایەن ژنانەوە تۆمار دەکرێن و کەمترین رێژە لەلایەن پیاوانەوە پێشکەش دەکرێت.

"سەرباری تۆمارکردنی سکاڵاکان، خۆشبەختانە بەشی کەمیان دەگاتە جیابونەوە، زۆرینەیان لەڕێگەی بەشی ئاشتەوایی خێزانەوە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان چارەسەر دەکرێن، یان خۆیان پێکدێنەوە"، بورهان ئەحمەد وای وت.

ئاماری کوشتن و خۆکوشتنی ژنان

ئاماری کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بە وتەی بورهان ئەحمەد، "بۆ ئەمساڵ لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە سفرە، واتا هیچ ژنێک خۆی نەکوشتوە و هیچ ژنێکیش نەکوژراوە".

زۆرترین بینراوەکان