کەمیی شیری دایک؛ هۆکار و چارەسەرەکان
رەنگاڵە
2026/08/01 , بینین : 42


* نەوژین، شنۆ نوری

ساڵانە لە ١ تا ٧ـی ئاب، هەفتەی جیهانیی شیرپێدانی سروشتی بەڕێوەدەچێت؛ هەڵمەتێکی جیهانییە بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لەسەر گرنگیی شیری دایک وەک تەواوترین سەرچاوەی خۆراکی کۆرپە لە شەش مانگی یەکەمی تەمەنی دا. لە چوارچێوەی ئەم بۆنەیەدا، هۆشیارکردنەوەی دایکان لەسەر کێشەی کەمیی شیر و هۆکارەکانی دەبێتە تەوەرێکی سەرەکی.

دکتۆر؛ سارا ئیسماعیل، پزیشکی پسپۆڕی ژنان و مناڵان، لەڕێگەی نەوژینەوە ئاشکرایدەکات: کەمیی شیری دایک کێشەیەکی هەمیشەیی نییە و دەکرێت بە ناسینی هۆکارەکان و وەرگرتنی پشتیوانیی راست، چارەسەر بکرێت.

هۆکارەکانی کەمبونەوەی شیری دایک

د. سارا ئیسماعیل، هۆکارەکانی کەمبونەوەی شیری دایک بۆ چەند تەوەرێکی سەرەکی دابەش دەکات:

* بەکارهێنانی حەپی رێگری لە دوگیانی یان ئەو دەرمانانەی بۆ رێکخستنی سوڕی مانگانە بەکاردەهێنرێن.

* دروستنەبونی پرۆسەی مژین بە دروستی بەهۆی کێشەی فیزیکیی زمان، یان زۆر خەوتنی مناڵەکە و کەمخواردنی شیر.

* کەمیی خواردنەوەی شلەمەنی، خۆراکی ناتەواو، بەرکەوتنی دایک بە سترێس و دڵەڕاوکێی زۆر.

* بونی ئاریشە لە هۆرمۆنەکانی غودەی دەرەقی یان هۆرمۆنی پرۆلاکتین، جیا لە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی پێشتری گرێی مەمک.

رێگەکانی چارەسەر و رێنمایی بۆ دایکان

بۆ تێپەڕاندنی ئەم ئاستەنگە، ئەم خانمە پزیشکە جەخت لەسەر چەند هەنگاوێکی کرداری دەکاتەوە:

* مژینی مەمک لەلایەن مناڵەوە هانی دەمارەکان دەدات بۆ بەرهەمهێنانی شیری زیاتر؛ لەبەر ئەوە پێویستە پرۆسەکە لە کاتژمێری یەکەمی لەدایکبونەوە دەست پێبکات.

* ئامێری شیرگوشین، ئامرازێکی گونجاوە بۆ ئەو دایکانەی دەچنەوە سەر کار یان لە ماڵەوە دورن، تا بتوانرێت شیری سروشتی بپەستڕێت و لەلایەن کەسی چاودێرەوە بیدرێتێ.

* دابینکردنی پشتیوانیی دەرونی لەلایەن خێزانەوە رۆڵێکی دیاری هەیە لە کەمکردنەوەی سترێسی دایک.

* لە حاڵەتی زیادنەبونی کێشی مناڵ یان بەردەوامیی کەمیی شیر، پێویست دەکات سەردانی پزیشک بكرێت. لە هەندێک حاڵەتدا بە رێنمایی پزیشک دەرمانی تایبەت وەک (Domperidone) یان شیری دەستکرد (فۆرمولا) بۆ تەواوکردنی خۆراکی مناڵەکە بەکاربهێنرێت.

ئامارە جیهانییەکان و گرنگیی شیرپێدان

بەپێی دوایین راپۆرتی هاوبەشی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) و رێکخراوی یونیسێف (UNICEF)، ئامارەکان گرنگیی زیاتری شیرپێدانی سروشتی لەسەر ئاستی جیهان دەردەخەن:

* لە ئێستادا ٤٨٪ بۆ ٥٠٪ـی کۆرپەکانی جیهان لە خوار تەمەنی شەش مانگییەوە تەنها پشت بە شیری دایک دەبەستن.

* رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئامانجی داناوە ئەم رێژەیە تا ساڵی ٢٠٣٠ بۆ ٦٠٪ بەرز بکاتەوە.

* بەپێی توێژینەوەکانی رێکخراوەکە، بەرزکردنەوەی ئاستی شیرپێدانی سروشتی بە شێوازێکی نمونەیی، ساڵانە رێگە لە گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٨٢٠ هەزار مناڵ دەگرێت.

پەیامی ئەمساڵی هەفتەی جیهانیی شیرپێدان

دروشمی ئەمساڵی هەفتەی جیهانیی شیرپێدان بریتییە لە: "پشتیوانی بۆ هەمو دایکێک"، د سارا ئیسماعیل، بەم بۆنەیەوە پەیامێکی بۆ دایکان هەیە: " زۆرینەی دایکان بە خۆراکێکی ئاسایی و بەدەستهێنانی هۆشیاریی پێویست دەتوانن شیری گونجاو بەرهەم بهێنن؛ گرنگ ئەوەیە دایکان هەست بە تاوانباری مەکەن و لەکاتی پێویستدا داوای هاوکاری و پشتیوانی بکەن".

زۆرترین بینراوەکان