بۆ یەکەمجار لە مێژودا ژنێک دەبێتە سەرۆکی پارلەمانی جەزائیر
ھەواڵ
2026/07/29 , بینین : 46


* نەوژین

پارلەمانی جەزائیر، "خەلیدە بوفدەش'ـی وەک سەرۆکی خولی دەیەمی خۆی هەڵبژارد. ئەو کە نوێنەری پارتی بەرەی رزگاری نەتەوەییە، بوە یەکەم ژن لە مێژوی وڵاتەکەدا کە پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان وەربگرێت، کە بە سێیەم بەرزترین پۆستی دەوڵەت دادەنرێت.

لەکاتی دەنگدانە نهێنییەکەدا کە دوێنێ سێشەمە بەڕێوەچو، بوفدەش توانی ٣٠٢ دەنگ لە کۆی ٣٦٦ دەنگی پارلەمانتاران بەدەستبهێنێت و بە جیاوازییەکی زۆر لە پێش رکابەرەکانیەوە بێت. 

دوای وەرگرتنی پۆستەکەی، بوفدەش لە وتارێکدا رایگەیاند کە ئەم هەڵبژاردنە "ئەرکێکی نەتەوەیی و بەرپرسیاریەتییەکی دەستوری گەورەیە". ئاماژەی بەوەشکرد کە بونی ژنێک لەم پۆستەدا وەرچەرخانێکی مێژوییە لە جەزائیر و رەنگدانەوەی هەوڵەکانی دەوڵەتە بۆ بەهێزکردنی رۆڵی ژنان و پێگەیاندنی کادیرە نیشتمانییەکان لە دامەزراوە دەستورییەکاندا.

خەلیدە بوفدەش لە ساڵی ١٩٨٢ لەدایکبوە و پزیشکی پسپۆری نەخۆشییەکانی هەستیاریی و بەرگرییە. ژیانی سیاسی لە ساڵی ٢٠١٢ لە ئەنجومەنە خۆجێییەکانەوە دەستپێکردوە و دواتر لە ساڵی ٢٠٢١ بوەتە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای پایتەخت، تا دواجار لە هەڵبژاردنە پارلەمانییەکەی تەموزی ٢٠٢٦ـدا توانی کورسییەکی پارلەمان بەدەستبێنێت.

زۆرترین بینراوەکان