نزار ئامێدی: پشتگیری کاندیدکردنی ژنێک دەکەم بۆ جێگری سەرۆک کۆمار
ھەواڵ
2026/07/29 , بینین : 45


* نەوژین

سەرۆک کۆماری عێراق، لە وتارێکیدا لە کۆنفرانسی ئیسلامی دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان رایگەیاند، خۆشحاڵ دەبێت گەر ژنێک بۆ پۆستی جێگری سەرۆک کۆمار یان جێگری سەرۆک وەزیران کاندید بکرێت، یان وەزارەتێکی تایبەت بە کاروباری ژنان لە دەرەوەی پشکە هەڵبژاردنەکان بهێندرێتە کایەوە.

نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق، داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کرد لەکاتی پێکهێنانی کابینەی حکومەتدا، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە نوێنەرایەتی ژنان رەچاو بکەن.

لە بەشێکی تری وتارەکەیدا ئاماژەی بە قوربانیدان و رۆڵی مێژویی ژنانی عێراق کرد لە روبەڕوبونەوەی دیکتاتۆری، هەژاری و تیرۆردا، بەتایبەت ئەو تاوانانەی بەرامبەر ژنانی ئێزدی و پێکهاتەکانی تر ئەنجامدران، وتیشی: "پێشکەوتن بەبێ پاراستنی شکۆ و بەهێزکردنی رۆڵی ژن وەک هاوبەشێکی یەکسان لە کۆمەڵگەدا نایەتە دی، هەروەها پاراستنی مافەکانی ژن پاراستنی بنەماکانی خێزانە".

ئەم داوایەی سەرۆک کۆمار، لە کاتێکدایە، دەستوری عێراق کۆتای ٢٥٪ـی بۆ نوێنەرایەتی ژنان لە پارلەمان چەسپاندوە، بەڵام پێگەی ژنان لە پۆستە باڵا جێبەجێکارەکانی وەک جێگرانی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و وەزارەتە سیادییەکاندا لە ئاستی پێویستدا نییە.

زۆرترین بینراوەکان