* نەوژین
ئەفسانەی شەترەنجی جیهانی، جودیت پۆلگار، پێشنیارێکی سەرۆک وەزیرانی هەنگاریای بۆ بون بە سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی رەتکردەوە.
پۆلگار لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردەوە: دەستخۆشی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک وەزیران دەکات بۆ کاندیدکردنی وەک کەسایەتییەکی سەربەخۆ، بەڵام وتی: "لە هەمان کاتدا واینابینم هێزی ئەوەم هەبێت بەرپرسیارێتییەکی مێژویی وەک یەکخستنەوەی نەتەوەیەکی دابەشبو لە ئەستۆ بگرم".
پێتر ماگیار، رۆژی یەکشەممە پۆلگاری تەمەن ٤٩ ساڵی بۆ بەرزترین پۆستی دەوڵەت کاندید کردبو؛ ئەویش بەهۆی "بەهرە ناوازەکەیەوە".
پۆستی سەرۆکایەتی لە هەنگاریا لە هەفتەی رابردوەوە چۆڵ بوە، ئەمەش دوای جێبەجێکردنی هەموارێکی دەستوریی کە بوە هۆی کۆتاییهاتنی خولی سەرۆکایەتی تاماس سولیۆک. سولیۆک لە سەردەمی ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆک وەزیرانی پێشوی راستڕەوی پۆپۆلیست دەستبەکاربو، بەڵام دوای سەرکەوتنی گەورەی پارتی "تیسا"ـی میانڕەو بە سەرۆکایەتی ماگیار لە هەڵبژاردنەکانی ١٢ـی نیساندا، مانەوەی سولیۆک لە پۆستەکەیدا بۆ حکومەتە نوێیەکە قبوڵکراو نەبو.
لە ئێستادا ئاگنیس فۆرستۆفەر، سەرۆکی پەرلەمان لە پارتی "تیسا"، بە شێوەیەکی کاتیی ئەرکەکانی سەرۆکایەتی وڵاتی گرتوەتە ئەستۆ و پێویستە پەرلەمان لە ماوەی ٣٠ رۆژدا سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرێت.
جودیت پۆلگار، بە مەزنترین یاریزانی شەترەنجی مێژوی ژنان دادەنرێت. ئەو ناوبانگێکی جیهانی هەیە بەوەی لە پاڵەوانێتییەکانی پیاواندا کێبڕکێی کردوە و توانیویەتی سەرکەوتن بەسەر ئەفسانەکانی وەک گاری کاسپارۆڤ و ئەناتۆلی کارپۆڤدا بەدەستبهێنێت.