لە فێربونی بنەماکانەوە بۆ هەڵبژاردەی عێراق؛ چیرۆکی سەرکەوتنی 'لەنیا' لە شەترەنجدا
ئەزمونی من
2026/07/20 , بینین : 93


* نەوژین، شنۆ نوری

لەنیا سەڵاح، کچێکی تەمەن ٢٧ ساڵی دانیشتوی شاری هەولێرە، توانیویەتی ناوی خۆی وەک یەکێک لە پاڵەوان و یاریزانە دیارەکانی سەر تەختەی شەترەنج لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق بچەسپێنێت. ئەو کە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە بەشی دەرونناسیدا، ماوەی ١٣ ساڵە لە جیهانی پیشەگەرانەی ئەم یارییەدایە و ئێستا وەک راهێنەریش لەم بوارە کار دەکات.

سەرەتای رێگاکە و وەرچەرخانی تەکنیکی

سەرەتای ئاشنابونی لەنیا بەم یارییە بۆ خولێکی هاوینەی یانەی 'خانزاد' دەگەڕێتەوە، کاتێک بە پاڵپشتیی بێوچانی دایکی هەنگاوی یەکەمی هاویشت. لەو کاتەوە، لەنیا لەژێر دەستی چەندین راهێنەری لێهاتوی ژن و پیاودا پێگەیشت و توانی شێوازە جیاوازەکانی کۆنترۆڵکردنی تەختەی شەترەنج فێربێت.

دەستکەوتەکانی لەنیا

ئەم راهێنانە بەردەوامانە وایکرد لەنیا ببێتە کێبڕکێکارێکی سەرسەخت و چەندین جار لە پاڵەوانێتییەکانی ژنانی عێراقدا پلە و ئەنجامی پێشەنگ بەدەستبهێنێت. ئەم سەرکەوتنانە رێگەیان خۆشکرد کە ببێتە یاریزانی فەرمیی هەڵبژاردەی نیشتمانیی عێراق و لە چەندین پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی لە دەرەوەی وڵاتدا روبەڕوی قوتابخانە جیاوازەکانی شەترەنج ببێتەوە و ئەزمونێکی دەوڵەمەند بۆ خۆی تۆمار بکات.

گواستنەوەی ئەزمونی پاڵەوانێتی بۆ فێرخوازان

ئێستا لەنیا ئەو ئەزمونە گەورەیەی کە لە پاڵەوانێتییەکاندا بەدەستیهێناوە، دەگوازێتەوە بۆ نەوەی نوێ و وەک راهێنەر لە یانەی خانزاد مەشق بە فێرخوازان دەکات. دەڵێت: بەرنامەی کارکردنی من تەنها وانەوتنەوە نییە، بەڵکو فۆکسێکی تەواو دەخەمە سەر چارەسەرکردنی مەسەلە (Puzzle) ئاڵۆزەکانی شەترەنج بۆ بەهێزکردنی توانای بینینی تەختەکە و شیکردنەوەی وردی یارییە پراکتیکییەکان تاوەکو فێرخوازان لە هەڵەکانیانەوە فێرببن.

لێرەدا، لەنیا سودی لە پسپۆڕییە دەروونناسییەکەشی بینیوە: بە پێدانی پشوی کورت، رێگری لە ماندوبونی مێشکی فێرخوازەکانم دەکەم و فێریان دەکەم کە دۆڕاندن بەشێکی سروشتییە لە کایەکە و دەبێت وەک دەرفەتێک بۆ بەهێزبون سەیر بکرێت، لەنیا وای وت.

کارگەیەک بۆ پێگەیاندنی کچانی بەهرەدار

ئامانجی سەرەکی لەنیا بۆ پێنج ساڵی داهاتو ئەوەیە کە یانەی خانزاد واتا ئەو یانەی کە تێیدا راهێنەرە، ببێتە ناوەندێکی گەورە بۆ بەردەوام بەرهەمهێنانی پاڵەوانی نوێ لەسەر ئاستی کوردستان, عێراق و نێودەوڵەتی. ئەوەی ئێستا لەنیا شانازی پێوە دەکات، بەرزبونەوەی رێژەی کچانی فێرخوازە لە یانەکەدا، بە وتەی خۆی: بەراورد بە سەرەتای دەستپێکردنم، بە رێژەی ٥٠٪ فێرخواز زیادی کردوە.

رۆژی جیهانیی شەترەنج و پەیامی لەنیا

جیهان لە ٢٠ـی تەمموزدا (هاوڕێك لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی فیدراسیۆنی جیهانیی شەترەنج FIDE لە ساڵی ١٩٢٤ لە پاریس) "رۆژی جیهانیی شەترەنج" بەرز رادەگرێت؛ لەم رۆژەدا تیشک دەخرێتە سەر گرنگی پەرەپێدانی بیرکردنەوەی ستراتیژی و لۆژیکی. پەیامی لەنیا بۆ ئەو کچانەی حەزیان لە یاری شەترەنجە، بەڵام هێشتا دودڵن، ئەمەیە: "ترس لە ناخی خۆتاندا بشکێنن، چونکە شەترەنج تەنها یارییەک نییە، بەڵکو باشترین ئامرازە بۆ بەهێزکردنی توانای بڕیاردان و متمانەبەخۆبون لە ژیاندا".

زۆرترین بینراوەکان