* نەوژین
چالاکێکی ژنان ئاشکرایدەکات، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ، ٣١ ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون، ئەو دەڵێت: ئامارەکانم لەڕێگەی بەدواداچونی تایبەتی خۆمەوە کۆ کردونەتەوە پلانیشم وایە لەمساڵدا تەواوی بەڵگە و وردەکاریی ئەو کەیسانە لە چوارچێوەی نامیلکەیەکدا بڵاو بکەمەوە.
شەدە بەشیر، چالاکی بواری مافەکانی ژنان، لەبارەی ئامارەکە قسەی بۆ نەوژین کردوە، رایگەیاند: ئەگەرچی ئامارەکە فەرمی نییە، بەڵام دڵنیام لێی و پێموایە جگە لەم رێژەیە ژنانیکی دیکەش کوژراون کە من لێی ئاگادار نەکراومەتەوە، رونیشی کردەوە: ئامارەکانم لە سەرچاوەی تایبەت و هەندێک جار سۆسیاڵمیدیاوە دەستکەوتوە.
چیرۆکی پشت ژمارەکان و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگا
لەبارەی ئەو ٣١ ژنە کوژراوەوە، شەدە بەشیر، دەڵێت: دەبێت کۆمەڵگە تێبگات ئەم رێژەیە تەنیا ژمارەیەکی وشک نییە، بەڵکو چیرۆکی ژیانی ناتەواوی ٣١ دایک، خوشک، کچ و هاوسەرە. ئەو پێیوایە کوشتنی هەر ژنێک نیشانەی کێشەیەکی قوڵە لە تەواوی کۆمەڵگادا و پرسیار لەسەر هۆکارەکانی نەبونی ئارامیی پێویست بۆ ژنان لە ماڵ و شەقامەکاندا دروست دەکات.
ئەو چالاکوانە، ئاماژەی بەوەش کرد: "بەدواداچونی یاسایی ناتەواو و بێدەنگبون لە ئاست ئەم روداوانە، زەمینە بۆ دوبارەبونەوەیان خۆش دەکات".