هەولێر؛ هاوسەری ئەو ژنە دەستگیرکرا کە لە شوقەیەکەوە کەوتە خوارەوە
ھەواڵ
2026/07/11 , بینین : 46


* نەوژین

هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، هاوسەری ئەو ژنەیان دەستگیرکرد کە لە یەکێک لە شوقەکانی نیشتەجێبون کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا؛ دەستگیرکردنی هاوسەرەکەی دوای ئەوە دێت کە دەرکەوتوە پێش روداوەکە کێشە و دەمەقاڵێ لە نێوانیاندا هەبوە.

بەپێی رونکردنەوەیەکی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، روداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ رویداوە، ژنەکە ناوی (س. ا. ع) و لەدایکبوی ساڵی ١٩٩٧ بوە و بە رەچەڵەک کوردی رۆژاوای کوردستانە.

پۆلیسی هەولێر سەبارەت بە دەستگیرکردنی هاوسەرەکەی دەڵێت: "دەستبەجێ هاوسەری ژنەکە لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیرکرا و لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا ئاماژەی بەوە کردوە کە پێش روداوەکە دەمەقاڵێ لە نێوانیاندا دروستبوە".

پۆلیس دەشڵێت: لە ئێستادا تەرمی ژنەکە رەوانەی پەیمانگای پزیشکی دادی هەولێر کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ روداوەکە رێکخراوە بەمەبەستی تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان و ئاشکراکردنی هۆکاری راستەقینەی گیانلەدەستدانی ئەو ژنە.

زۆرترین بینراوەکان