* نەوژین، هۆزان فەریق
مەلەوانی بۆ خانمان تەنها خولیا و وەرزشێکی وەرزی نییە، بەڵکو کارامەییەکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی ژیان و چارەسەرێکی سروشتییە بۆ زۆرێک لە کێشە تەندروستییەکانیان. بۆ قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە، ماڵپەڕی (نەوژین) دیدارێکی لەگەڵ خورشیدە فەرەج، راهێنەری مەلەوانی ئەنجامداوە.
* مەلەوانی چ جیاوازییەکی لەگەڵ وەرزشەکانی تردا هەیە؟
مەلەوانی وەرزشێکی تایبەتە، چونکە سەرجەم ماسولکەکانی جەستە لە یەک کاتدا کار دەکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزبونی جەستە، رێکبونی سیستمی هەناسەدان، پاراستنی تەندروستیی دڵ و کەمکردنەوەی سترێس و دڵەڕاوکێ لای خانمان.
* ئایا دەکرێت ئەم وەرزشە وەک چارەسەرێکی سروشتی سەیر بکرێت؟
بەڵێ، مەلەکردن یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ چارەسەرکردنی ئازاری پشت، کێشەی جومگەکان، فەقەرات و ئینزلاق. بەهۆی ئەوەی لە ناو ئاودا فشار لەسەر جەستە کەم دەبێتەوە، راهێنانەکان بە شێوازێکی ئارامتر ئەنجام دەدرێن؛ بۆیە زۆرینەی ئەو خانمانەی دەناڵێنن بەدەست ئەم کێشانەوە، بەتایبەت ژنانی بەتەمەن، رو لە مەلەکردن دەکەن.
* ئایا مەلەوانی بۆ هەمو تەمەنێک ئاساییە؟ یاخود تەمەنی گونجاو بۆ فێربونی مەلەوانی کەیە؟
باشترین کات نێوان تەمەنی ٤ بۆ ٦ ساڵییە، بەڵام لە هەر تەمەنێکدا بێت مرۆڤ دەتوانێت بە شێوازێکی زانستی دەست بە فێربونی بکات.
* هەست دەکەن لەم ساڵانەی دواییدا ئارەزوی خانمان بۆ فێربونی مەلەوانی زیادی کردبێت؟
بەڵێ، لەم دواییانەدا حەزی خانمان لە شارەکاندا بۆ فێربونی مەلەوانی گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر بەرزبونەوەی ئاستی هۆشیاریی تەندروستی و زیادبونی متمانە بەخۆبون لای ژنان.
* هۆشیاریی کۆمەڵگە لەم روەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
راستە بەشداریی خانمان بەراورد بە ساڵانی رابردو زۆر زیادی کردوە و تێڕوانینی کۆمەڵگەش باشتر بوە، بەڵام هێشتا لە هەندێک ناوچەدا کۆسپ و رێگریی کلتوری هەن کە دەبنە بەربەست لەبەردەم خانماندا بۆ ئەنجامدانی ئەم وەرزشە.
* دەوترێت مەلەوانیکردن یارمەتی ژنانی دوگیان دەدات بۆ مناڵبونی سروشتی، ئەمە تا چەند راستە؟
مەلەکردن لە کۆتایی مانگەکانی دوگیانیدا ماسولکەکانی حەوز و سک بەهێز دەکات، توانای بەرگەی جەستە زیاد دەکات و هەناسەدان رێک دەخات. ئەمانەش ئازاری پشت و حەوز کەم دەکەنەوە و جەستەی ژنەکە بۆ منداڵبونی سروشتی ئامادە دەکەن، بەڵام دەبێت خانمانی دوگیان ئاگاداربن و پێشتر راوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکەن.
* با بەگشتی باسی مەلەوانی بکەین، سیستمی خۆراکی گونجاو بۆ مەلەوانان پێویستە چۆن بێت؟
پێویستە خۆراکی مەلەوانان دەوڵەمەند بێت بە پرۆتین بۆ بنیاتنانی ماسولکە، کاربۆهیدرات بۆ دابینکردنی وزە، لەگەڵ خواردنی میوە و سەوزە. هاوكات پێش و پاش راهێنان پێویستە خواردنی سوک و تەندروست بخورێت بۆ پاراستنی هێز و چالاکیی جەستە.
* ئەو ئاوەی لە مەلوانگەکان هەیە کلۆری تێدایە، مەلەوانان چۆن جەستەیان لە کاریگەرییەکانی کلۆری ناو ئاوەکە بپارێزن؟
راستە، کلۆر دەتوانێت کاریگەری لەسەر پێست، چاو و سیستەمی هەناسەدان هەبێت، بۆیە پێویستە پێش و پاش مەلەکردن دوش بە ئاوی پاک بکرێت، هەروەها بەکارهێنانی کرێمی پاراستنی پێست و چاویلکەی تایبەت، لەگەڵ خواردنەوەی ئاوی زۆر بۆ رێگریکردن لە وشکبونەوەی پێست، لە رێکارە سەرەکییەکانی خۆپاراستنن.
* پەیامی کۆتاییت چیە؟
من دەڵێم مەلەوانی تەنها وەرزش نییە، بەڵکو کارامەییەکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی ژیان. داواکارم خێزانەکان رێگە بدەن بە مناڵەکانیان، بەتایبەت کچەکانیان، کە فێری مەلەوانی ببن؛ چونکە هەم تەندروستییان دەپارێزێت و هەم لەروی جەستەییەوە داهاتویەکی باشتریان بۆ بونیات دەنێت.