* نەوژین
نەریتێکی باو هەیە کە کاتێک باوک یان دایکێک کۆچی دوایی دەکات، داوا لە کچەکان دەکرێت سازش (تنازل) لە پشک و بەشە میراتی خۆیان بکەن بۆ براکانیان. زۆرجار ئەم وازهێنانە نەک لەسەر ویستی راستەقینەی کچەکە نییە، بەڵکو لەژێر فشاری دابونەریت و بەهۆی "شەرمکردن" لە خێزان و براکانیان ئەنجام دەدرێت. ئایا رای یاسا و شەریعەت لەسەر ئەم دیاردەیە چییە؟ و ئایا ئەو برایانەی بەم شێوازە میرات دەبەن، تاوانبار دەبن؟
"شەرم" هاوتای ناچارکردنە
پارێزەر؛ پەیمان ئەحمەد، لەسەر ئەم بابەتە رونکردنەوە دەدات و پێی وایە ئەم ڕەفتارە نەک هەر نادادپەروەرییە، بەڵکو نەریتێکی خراپ و ناپەسەندە، زۆربێژکردن لە کچان یان دروستکردنی کەشێک کە تێیدا لەشەرمدا دەست لە مافی خۆیان هەڵبگرن، جۆرێکە لە ناچارکردن و وێنەی ئەم کارە دروست نییە.
ئەو پارێزەرە جەخت دەکاتەوە کە یاسا و شەریعەت پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە بەشە میراتی ژنان بە دەق بڕدراوەتەوە،ئاماژە بەوە دەکات: لە قورئانی پیرۆزدا (سورەتی النساء/ئایەتی ١١) بەڕونی پشکی کچان دیاری کراوە، هەروەها بەپێی فەرمودەی پێغەمبەر ﷺ: «إن الله قد أعطى كل ذي حق حقه» (خوای گەورە مافی هەموو خاوەن مافێکی داوە). بۆیە بە بڕوای پەیمان ئەحمەد: "کاتێک کچێک لەژێر فشاری دابونەریتدا دەست لە مافی خۆی دەپارێزێت، ئەو بەخشینە بە دڵ نییە و تەنها لە شەرمایە، بۆیە براکانی دەبنە بەرپرسیار لە خواردنی مافەکەی".
یاسا لەسەر ئەم سازشکردنە چی دەڵێت؟
بەپێی یاسای باری کەسیی عێراقی ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩ـی هەموارکراو کە لە هەرێمی کوردستانیشدا کارپێکراوە، مافی میراتی ژنان بە تەواوی پارێزراوە و هیچ کەس مافی نییە زەوتی بکات.
سەبارەت بە سازشکردن لەژێر فشاری شەرم و نەریتدا، یاسا دو خاڵی سەرەکی دەخاتەڕو:
١- بەپێی بنەماکانی یاسای شارستانی، هەر گرێبەست، بەخشین یان سازشکردنێک پێویستی بە "ویست و ڕەزامەندیی ئازاد" هەیە. ئەو سازشکردنەی لەژێر فشاری دەرونی، تانەی کۆمەڵایەتی یان ترسی بڕینی پەیوەندیی خێزانیدا دەکرێت، یاسا وەک "عەیبداربونی ئیرادە" سەیری دەکات و بە رەزامەندییەکی راستەقینەی دانانێت.
٢- ئەگەر کچێک لە دادگادا سازشی کردبێت بەڵام دواتر بیسەلمێنێت کە پرۆسەکە لەژێر فشاری توندی خێزانی، زۆر لێکردن، یان هەڵخەڵەتاندندا بوە، دەتوانێت لەڕێگەی دادگاوە تانە لەو سازشکردنە بدات و داوای گەڕاندنەوەی بەشە میراتی یاسایی خۆی بکات.
کچ بۆچی زیاتر پێویستی بە میراتەکەیەتی؟
لەکاتێکدا کۆمەڵگە وا وێنا دەکات کە کوڕان شایستەتری میراتن، بەڵام لەڕاستیدا زۆرجار کچان بەهۆی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە پێویستیی زیاتریان بەو سەرچاوە داراییە هەیە. پارێزەر پەیمان ئەحمەد، لە رونکردنەوەی ئەمەدا دەڵێت: "جاری وا هەیە کچ زیاتر پێویستی بە بەشە میرات هەیە لە کوڕ، چونکە بەهۆی لاوازیی دەرفەتەکان یان نەشیاوی بۆ هەندێک کاری بازرگانی، ناتوانێت وەک کوڕان بە ئاسانی گەشت بکات یان بازرگانی بکات بۆ پەیداکردنی سامان، بۆیە بێبەشکردنی لە میراتەکەی، هێندەی دیکە بێدەسەڵاتی دەکات".