* نەوژین
دوای تێپەڕبونی دەیان ساڵ لە بەڕێوەبردنی یەکێک لە هەستیارترین و قەرەباڵغترین جومگەکانی پارێزگای سلێمانی لەلایەن پیاوانەوە، ئەمڕۆ فەرمانگەی رەگەزنامە و باری شارستانی شارەکە چوە قۆناغێکی نوێوە و بۆ یەکەمجار لە مێژوی خۆیدا، پۆستی بەڕێوەبەری سەرەکی بەخشییە ژنە ئەفسەرێک.
ئەمڕۆ لە کاتی دەستبەکاربونی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، عەمید زوڵفان غەریب، بەڵێنی بەردەوامیدانی بە خزمەتگوزارییەکان دا و رایگەیاند: "چۆن لە پێشتردا بەردەوام لە خزمەتی هاوڵاتیاندا بوم لەم فەرمانگەیە، هەر بەوشێوەیە بەردەوام دەبم و قسوری ناکەم لە خزمەتکردنیان".
عەمید؛ زوڵفان غەریب، کە وەک یەکەمین ژن لە مێژوی ئەم فەرمانگەیەدا دەستبەکار بوە، تەنها ئەفسەرێکی سەربازی نییە، بەڵکو وەک چالاکوانێکی دیار و داکۆکیکارێکی سەرسەختی بواری مافەکانی ژنان دەرکەوتوە. ئەو لەڕێگەی نوسین، وتار و چالاکییە جیاوازەکانییەوە، هەمیشە کاری بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی ژنی کورد و مێژوی خەباتیان لە کۆمەڵگەدا کردوە.
کار و بەرپرسیارێتییەکانی عەمید زوڵفان چی دەبن؟
عەمید زوڵفان غەریب، لەم پێگەیەوە سەرپەرشتی یەکێک لە قەرەباڵغترین و گرنگترین فەرمانگەکانی پارێزگاکە دەکات. ئەرکە سەرەکییەکەیشی بریتی دەبێت لە سەرپەرشتیکردنی سەرجەم مامەڵەکانی پەیوەست بە باری شارستانی، کە دیارترینیان دەرکردن و نوێکردنەوەی بەڵگەنامە فەرمییەکانی وەکو کارتی نیشتمانییە.