* نەوژین
پارێزەرێک ئاماژە بەوە دەکات کە یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان سزای توندی ئەو کەسانە دەدەن کە پێگەی کار یان کۆمەڵایەتی خۆیان بۆ گێچەڵکردن بە کچان و ژنان بەکاردەهێنن، رونیشیدەکاتەوە، "لە هەندێک حاڵەتدا سزا کان دەگەنە ١٥ ساڵ زیندانیی".
ئومێد مەحمود، پارێزەر، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی 'نەوژین' رایگەیاند: "ئەگەر کەسێکی خاوەن پێگە بەڵێنی هاوسەرگیریی بە کچێک یان ژنێکی فەرمانبەر یان قوتابی دابێت و بەو بیانوە لەگەڵی خەوتبێت، بەپێی یاسا سزا کەی توندە و دەکرێت تاوەکو ١٥ ساڵ زیندانیی بڕوات".
ئەو پارێزەرە لەبارەی قۆستنەوەی دەسەڵاتی کارگێڕییەوە دەڵێت: "خراپ بەکارهێنانی پێگە لەلایەن بەرپرسان، بەڕێوەبەران یان مامۆستایانەوە بەرامبەر بەو کچ و ژنانەی لەژێر دەستیاندان، تاوانە و لە چوارچێوەی یاسای خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات یان پێگەدا روبەڕوی سزای یاسایی دەبنەوە".
سەبارەت بە رێکارە کارگێڕییەکانی ناو دامەزراوەکانیش، ئومێد مەحمود ئاشکرای کرد کە جگە لە دادگا، رێکاری ناوخۆیی هەیە و وتی: "ئەو کەسانە لە رێگەی پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەوە سزا دەدرێن؛ ئەگەر بۆ لیژنەکە ئیسپات و سەلـیندرا کە کەسەکە ئەو تاوانەی ئەنجامداوە، ئەوا جگە لە سزای کارگێڕی، لیژنەکە بە فەرمی دۆسیەکە رەوانەی (دادگا) دەکات بۆ ئەوەی سزای یاسایی خۆی وەربگرێت".