* نەوژین
کاتێک باس لە دەستکەوتەکانی جامی جیهانی و درەوشانەوەی بەردەوامی لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەکرێت، زۆرجار سەرنجەکان تەنها لەسەر لایەنە وەرزشییەکەیە. بەڵام لە پشت کاروانی پیشەیی ئەم دو یاریزانەوە، رۆڵی سەرەکی و مێژویی دایکەکانیان وەستاوە کە توانیویانە لە بارودۆخێکی سەختی ئابوری و تەندروستیدا، رێڕەوی ژیانی کوڕەکانیان بگۆڕن.
بۆ تێگەیشتن لە نهێنی راوەستان و درەوشانەوەی بەردەوامی ئەوان دوای ئەم هەمو ساڵە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دواوە؛ بۆ ناو چیرۆکی دو ژن کە بە بێدەنگی، لە ناو دڵی هەژاری و نەخۆشیدا، بازوی ئەم دو پاڵەوانەیان گرت و مێژوی تۆپی پێی جیهانیان گۆڕی.
تیشکخستنە سەر ژیانی دۆلۆریس ئەڤێیرۆ (دایکی ڕۆناڵدۆ) و سێلیا کوچیتینی (دایکی مێسی)، تەنها گێڕانەوەی ژیاننامە نییە، بەڵکو سەلماندنی ئەو راستییەیە کە گەورەترین سەرکەوتنەکانی مرۆڤایەتی لە باوەشی دایکێکی خۆڕاگرەوە سەرچاوە دەگرن.
دۆلۆریس ئەڤێیرۆ؛ شەڕی نان و مانەوە لە ژیاندا
چیرۆکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ دایکی، لە لێواری مەرگ و نەبونەوە دەست پێدەکات. دۆلۆریس کاتێک بە کریستیانۆ دوگیان بوە، سێ مندڵی تری هەبوە، هاوسەرەکەشی بەدەست کێشەی کحولەوە دەیناڵاند و خێزانەکە لە هەژارییەکی کوشندەدا دەژیان. دۆلۆریس لە ناچاریدا بڕیاری لەباربردنی کۆرپەکەی دا، بەڵام پزیشکەکە رەدی کردەوە. ساڵانێک دواتر دۆلۆریس وتی: "ئەو مناڵەی ویستم لەناوی ببەم، بو بەو کەسەی تەواوی خێزانەکەمان بژێنێت".
دۆلۆریس وەک چێشتلێنەر و پاککەرەوەی ماڵان شەو و رۆژی خستە سەر یەک، ئەو پارە کەمەی بۆ بژێوی کۆی دەکردەوە، بەشێکی زۆری دەدا بە کڕینی پێڵاوی تۆپی پێ و کرێی هاتوچۆی کوڕەکەی بۆ مەشقەکان. کاریگەریی
هەرە گەورەی ئەم دایکە ئەو کاتە بو کە لە پێناو پاشەڕۆژی کوڕەکەیدا، قوربانی بە هەستی دایکایەتی خۆی دا.
لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا رێگەی دا کریستیانۆ دور لە باوەشی خێزانەکەی، مادێرا جێبهێڵێت و بچێتە لیشبۆنە بۆ یانەی سپۆرتینگ. ئەو دەڵێت: "دڵم دەهاتە دەرەوە کە دەمدیت کوڕە بچوکەکەم بە تەنیا دەڕوات، بەڵام دەمزانی ئەوە تەنها چانسی ئەو بو بۆ رزگاربون لە هەژاری".
سێلیا کوچیتینی؛ شەڕی تەندروستی و پاراستنی خەونەکان
بەرامبەر بەم چیرۆکە، لە ئەرجەنتین دایکێکی تر هەبو کە دەبو شەڕی کات و نەخۆشی بکات بۆ پاراستنی خەونەکانی کوڕەکەی. سێلیا، دایکی لیۆنێل مێسی، وەک پاککەرەوەی کارگەیەک کاری دەکرد بۆ ئەوەی یارمەتی هاوسەرەکەی بدات لە بەخێوکردنی چوار مناڵەکەیاندا لە گەڕەکێکی کرێکارنشیندا.
کاتێک لە تەمەنی ١١ ساڵیدا دەرکەوت مێسی کێشەی کەمیی هۆرمۆنی گەشەی هەیە و باڵای کورت دەمێنێتەوە، خەرجی چارەسەرەکەی (مانگانە زیاتر لە ٩٠٠ دۆلار) لە توانای خێزانەکەیدا نەبو. لێرەدا سێلیا بو بە پارێزەری خەونی کوڕەکەی؛ ئەو بە توندی چاودێری دەرزی لێدانی رۆژانەی کوڕەکەی دەکرد و نەیدەهێشت ئازار و بێهیوایی بیڕوخێنێت.
مەزنترین قوربانی سێلیا ئەو کاتە بو کە یانەی بەرشەلۆنە ئامادەیی نیشاندا خەرجی چارەسەرەکەی بگرێتە ئەستۆ بە مەرجێک مێسی بچێتە ئیسپانیا. سێلیا ناچار بو خێزانەکەی پارچەپارچە بکات؛ خۆی و لیۆنێل کۆچیان کرد بۆ ئەوروپا و مناڵەکانی تری لە ئەرجەنتین جێهێشت. ئەم دورکەوتنەوە و دابەشبونە، ئەو باجە قورسە بو کە سێلیا لە پێناو پێگەیاندنی ئەفسانەکەی جیهاندا دای.
بۆچی دوای تەمەنێکی زۆر هێشتا لە لوتکەدان؟
دەوترێت ئەوەی وایکردوە مێسی و رۆناڵدۆ سەرباری تەمەنیان هێشتا وەک دو ئەستێرەی درەوشاوەی مۆندیال و تۆپی پێ بەگشتی بمێننەوە، تەنها بەهرەی وەرزشی نییە، بەڵکو میراتی دایکەکانیانە و درەوشانەوەی ئەمڕۆی ئەوان، رەنگدانەوەی راستەقینەی کۆڵنەدانی دوێنێی دایکەکانیانە".
دۆلۆریس و سێلیا نمونەی زیندوی ملیۆنان دایکن لە جیهان و لە کوردستانی خۆمان، بە بێدەنگی و دور لە تیشکی کامێراکان، قوربانی دەدەن بۆ ئەوەی خەونی مناڵەکانیان بەدی بهێنن و نەوەیەکی سەرکەوتو پێشکەش بە مرۆڤایەتی بکەن.