توێژەرێکی کۆمەڵایەتی: لێرە بێوەژنان تەنانەت بواری هەناسەدانیشیان لێ سنوردار دەکرێت
ھەواڵ
2026/06/23 , بینین : 122


* نەوژین

توێژەرێکی کۆمەڵایەتی دەڵێت: خێزانەکان لەبری ئەوەی باوەش بۆ ئەو ژنانە بکەنەوە کە جیا دەبنەوە یان هاوسەرەکانیان کۆچی دوایی دەکات، دەیانخەنە ژێر چاودێرییەکی وردی خنکێنەر و مافە سەرەتاییەکانیان لێ زەوت دەکەن؛ پێشی وایە ئەم رەفتارانە زۆرجار وادەکەن ژنانی بێوەژن توشی گۆشەگیری و خەمۆکی ببن.

بەهرە حەمەڕەش، توێژەری کۆمەڵایەتی، لەبارەی دۆخی ژنانی بێوەژن لە هەرێمی کوردستان، بە نەوژینی راگەیاند: "لێرە بیرکردنەوە بۆ ژن وایە کە دەبێت هەمیشە پیاوێک لە پشتی بێت، کوردەواری دەڵێن "پیاو پەرژینی ژنە"، کە ژنێک پیاوی نامێنێت یان جیا دەبێتەوە، دەڵێن بێ پەرژین بوە، خێزانەکەشی بەردەوام ترسیان لە ناو و ناوبانگی خۆیانە و گومانی خراپی لێ دەکەن، پێیان وایە گەر چاودێری نەکەن شەرەفیان لەکەدار دەبێت".

کەوتنە نێوان بەرداشی دو بڕیاری قورس

ئەو توێژەرە دەڵێت دۆخەکە تەنها بەوەوە ناوەستێت، بەڵکو ژنەکە دەخەنە بەردەم دۆخێکی دو دڵی کوشندەوە: "دوای مردنی مێردەکانیان، کەسوکاری هاوسەرەکەی دەڵێن گەر لای ئێمە نەمێنیتەوە یان هاوسەرگیری لەگەڵ برای مێردەکەت نەکەیتەوە مناڵەکانت پێ نادەین، ماڵی دایکیشی دەڵێن گەر بێیتەوە ئێرە، ئێمە مناڵەکانت بۆ بەخێو ناکەین و دەبێت بیاندەیتەوە بەوان. هەندێک کاتیش بەم هەڕەشەیە ناچاری هاوسەرگیری زۆرەملێی دەکەن."

"ژنی جیابوەوە خراپە و مێردەکەیشی بمرێت سەرەخۆرەیە"

بەهرە حەمەڕەش پێیوایە تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ئەم توێژە سەرڕێژە لە نادادپەروەری و دەڵێت: "ئەگەر لە تەمەنێکی کەمدا بێ هاوسەر بن، فشاری لێ دەکەن زو هاوسەرگیری بکاتەوە، کە هاوسەرگیریش دەکاتەوە پێی دەڵێن خۆی نەگرت! ژن کاتێک جیا دەبێتەوە دەڵێن خراپ بوە، کە مێردەکەشی دەمرێت دەڵێن سەرەخۆرە بو!، پێویستە کۆمەڵگە تێبگات کە جیابونەوە شتێکە خودا رێگەی پێداوە و مافی کەسمان نییە بە چاوێکی کەم سەیری ئەم ژنانە بکەین".

چارەسەر چییە و ئەرکی حکومەت چییە؟

لە کۆتاییدا، ئەم توێژەرە کۆمەڵایەتییە داوا دەکات خێزانەکان لەبری چاودێری خستنە سەر هاتوچۆی ئەو ژنانە، پاڵپشتی مادی و مەعنەویی کچەکانیان بن کاتێک جیا دەبنەوە یان هاوسەریان نامێنێت، داواش لە حکومەت دەکات: "حکومەت وەک پێویست ئاوڕی لەم ژنانە نەداوەتەوە، مەرج نییە هاوکارییەکە تەنها پارە بێت، دەکرێت وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی خولی پیشەییان بۆ بکاتەوە تاوەکو فێری کارێک ببن، ببنە خاوەن داهاتی خۆیان و پێویستیان بە دەستی کەس نەبێت".

ئەم بابەت و قسانەی توێژەر؛ بەهرە حەمەڕەش، لە کاتێکدایە، کە ئەمڕۆ ٢٣ـی حوزەیران، بە رۆژی جیهانی بێوەژنان دیاریکراوە؛ بە ئامانجی دروستکردنی هۆشیاری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و داکۆکیکردن لە مافە یاسایی، ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو ژنانەی بەهۆی نەمانی هاوسەرەکانیانەوە روبەڕوی کۆسپەکانی ژیان دەبنەوە.

زۆرترین بینراوەکان