* نەوژین
رێژین گەردیی کە بە "رێز گەردیی" ناسراوە، ژنە پارێزەری کورد و راوێژکاری کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، مەدالیای "شایستەیی نیوزیلەندی (New Zealand Order of Merit)" پێبەخشرا.
ئەم خەڵاتە رێزلێنانێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئەو پارێزەرە بۆ داکۆکیکردن لە مافی پەنابەران، چەسپاندنی دادپەروەریی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ. هەروەک دەرخەری ئەوەیە کە ناوبراو رۆڵێکی کاریگەری لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە و پاڵپشتیکردنی پرسە مرۆییەکان لەسەر هەردو ئاستی ناوخۆیی نیوزیلەندا و جیهانییدا هەبوە.
گەردیی، کاتێک مناڵ بوە وەک پەنابەر لەگەڵ خێزانەکەیدا گەیشتوەتە نیوزیلەندا، لەوێ توانیویەتی کاروانێکی ئەکادیمی و پیشەیی درەوشاوە بونیادبنێت و ببێتە یەکێک لە ناوە دیارەکانی بواری مرۆیی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
لە مەراسیمی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا، گەردی بە جلی کوردییەوە دەرکەوت، وەک ئاماژەیەک بۆ شانازیکردن بە ناسنامە و کولتوری رەسەنی خۆی.
مەدالیای "شایستەیی نیوزیلەندی"، یەکێکە لە باڵاترین خەڵاتە نیشتمانییەکانی ئەو وڵاتە کە لە ساڵی ١٩٩٦دا دامەزراوە. ئەم مەدالیایە دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی کە خزمەتی گەورەیان بە نیوزیلەندا یان مرۆڤایەتی کردوە لە بوارە مەدەنی و سەربازییەکاندا.