فێنک شانبەشانی باوکی دەڕاسە لێدەخوڕێت
ئەزمونی من
2026/06/08 , بینین : 16


* نەوژین 

لەکاتێکدا زۆرجار کارکردن لەسەر ئامێرە قورسەکانی کشتوکاڵ وەک کایەیەکی تەنها پیاوانە دەبینرێت، کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ لە دەشتی مەخمور، هاوکێشەکەی گۆڕیوە و ناو کێڵگەکاندا شانبەشانی باوکی لە پشت کۆنترۆڵی دەڕاسە و تراکتۆرەوە وەستاوە و کارەکانی دروێنە و چاندن بەڕێوەدەبات،  بە کچان دەڵێت: هەوڵی خۆتان بدەن و لە هەر بوارێکدا دەتانەوێت کار بکەن.

فێنک پشتیوان، کچێکی گەنجی نیشتەجێی گوندی سیرمەیە لە قەزای مەخمور، چیرۆکی هاوکاریکردنی باوکی و خولیای بۆ ئامێرە قورسەکان بۆ تەمەنێکی زو دەگەڕێتەوە. ئەو بۆ نەوژین باسی لە سەرەتای چیرۆکەکەی دەکات: "تەنها تەمەنم ١٠ ساڵ بو کە دەستم بە لێخوڕینی دەڕاسە کرد؛ لەو تەمەنەدا ئەوەندە بچوک بوم بە زەحمەت قاچم دەگەیشتە کلاجەکە و لەناو دەڕاسەکەدا سەرم دیار نەبو".

ئێستا لەگەڵ هاتنی هەر وەرزی دروێنەدا، فێنک بوەتە هاوڕێی سەرەکی باوکی لە ناو کێڵگەکاندا، کارەکانی ئەو تەنها بە شۆفێرییەوە ناوەستێت، بەڵکو پرۆسەی تۆوکردن، دارمان لێدان و دروێنەکردنەکەش ئەنجام دەدات، دەڵێت: شانبەشانی ئەوانە شارەزاییەکی باشیشم لە چاککردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی ئەو ئامێرانەدا هەیە.

تواناکانی فێنک تەنها لە چوارچێوەی کێڵگەدا نەماونەتەوە، ئەو ئێستا تراکتۆر و گەڵابەش لێدەخوڕێت و ئەم لێهاتوییەی بۆ کچانی هاوڕێی بەکارهێناوە: "رۆژانە بە ئۆتۆمبێلەکەی باوکم دەچم بۆ قوتابخانە، کچانی هاوڕێشم لەگەڵ خۆم دەبەم و دەیانهێنمەوە بۆ ئەوەی کارئاسانییەکیان بۆ بکەم".

"هیچ کات دەست و پێ سپی مەبن و مەڵێن ئەم کارە هی ئێمە نییە؛ هەوڵی خۆتان بدەن و لە هەر بوارێکدا دەتانەوێت کار بکەن"، ئەمە پەیامی فێنک پشتیوانە بۆ کچان. 

باوکی فێنک؛ شانازی بە کچەکەمەوە دەکەم

پشتیوان عەباس، باوکی فێنک، بە شانازییەکی زۆرەوە باسی کچەکەی دەکات و دەڵێت: "ئەو  بۆ من جێگەی شانازیە، جگە لەوەی وانەکانی خۆی بە سەرکەوتویی دەخوێنێت، لە کێڵگەشدا یارمەتیدەرێکی گەورەی منە، ئێستا داوای پاسێکم لێ دەکات بۆی بکڕم، تاوەکو کاری گواستنەوەی خوێندکارانیش بکات".

باوکی فێنک پەیامێکی ئاراستەی دایک و باوکان دەکات و دەڵێت: "هیوادارم هەموان پشتیوانی کچەکانیان بن بۆ ئەوەی بنەمای کاری سەربەخۆی خۆیان دابڕێژن و ئەو بەهرەیەی هەیانە دەریبخەن".

زۆرترین بینراوەکان