* نەوژین
لەبارەی بونی هەندێک تێڕوانین کە گوایە شاهیدیی دو ژن پێکەوە بە یەک کەس هەژمار دەکرێت لە دادگاکان، پارێزەرێک رونکردنەوە دەدات: "یاساکانی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بوارەکانی (بەرایی، سزایی و باری کەسێتی) دا، هیچ جیاکارییەک لە نێوان شاهیدیی ژن و پیاودا ناکەن و هەردولا بە یەکسانی هاوتا دەکرێن".
لەڕوی کاروباری دارایی و داوا بەراییەکان
پارێزەر؛ شاڵا ئەبوبەکر، دەڵێت: لە یاسای سەلماندنی عێراقی و هەرێمی کوردستاندا، لە ماددەی (٧٦) و ماددەکانی دواتری تایبەت بە ئەحکامەکانی شاهیدی، هیچ جۆرە جیاکارییەک لە نێوان ژن و پیاودا نەکراوە، لە بواری مامەڵەی بازرگانی، قەرز، پارە و سەلماندنی مافە داراییەکان لە داوا بەراییەکاندا، شاهیدیی یەک ژن و یەک پیاو تەواو هاوتایە و دەتوانن واقعەیەکی ماددی بسەلمێنن.
لە کەیسە سزاییەکان و سەلماندنی تاوان
لەم بارەیەشەوە، ناوبراو پشت بە یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی (قانون اصول محاکمات جزائی) دەبەستێت و دەڵێت: "یاساکە لە ماددەکانی (٥٨ و ٦٠) و ماددەکانی دواتریدا لە باسی وەرگرتنی وتەی شاهید، شاهیدیی ژن و پیاوی بە یەکسانی داناوە و لایەنی رەگەزی نەکردوەتە پێوەر بۆ کێش و بەهای یاسایی شاهیدییەکە، بەڵکو وەک یەک دەتوانن تاوانباری یان بێتاوانی تۆمەتباران بسەلمێنن".
لە دادگای باری کەسێتی و پرۆسەی هاوسەرگیری
هەرچەندە پێشتر لە عورفی دادگاکانی باری کەسێتی دا زۆرجار کار بەو بنەمایە دەکرا کە شاهیدیی پیاوێک بەرامبەر دو ژن بێت، بەڵام بەپێی وتەی پارێزەر شاڵاو ئەبوبەکر، دوای هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی لە ساڵی (٢٠٠٨) لەلایەن پارلەمانی کوردستانەوە، ئەم تێڕوانینە گۆڕدراوە.
" بەپێی ماددەی (٦/ بڕگەی ١/ د) لە یاسای هەموارکراودا، بۆ گرێبەستی هاوسەرگیری و مارەکردن، بونی دو شاهید مەرجە و بە رونی ئاماژە بەوە کراوە کە ژن و پیاو تێیدا یەکسانن" شاڵاو ئەبوبەکر وا دەڵێت.
ئەم رونکردنەوەی پارێزەری ناوبراو، لەکاتێکدایە، بەشێک لە خەڵکی هێشتا پێیان وایە ژنێک بە تەنها ناتوانێت ببێتە شاهێدی کەیسێک و دەڵێن لەوکاتەدا دو ژن بەرامبەر بە پیاوێکن.