* نەوژین
خاوەنی نوسینگەیەکی شۆفێری لە کەلار، دەڵێت: "لە گەرمیان رێژەی کچان و ژنان بۆ فێربونی شۆفێری بە رێژەی ٤٠% بۆ ٥٠٪ زیادی کردوە، ئەوان ئێستا شۆفێری وەک پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگری ژیانی رۆژانە دەبینن، بەڵام لەگەڵ ئەم خواستە زۆرەشدا، هێشتا شەقامەکان بۆ شۆفێریی ژنان ئارام نیین، بەهۆی فشار و هۆڕینی بێزارکەر، رۆژانە روبەڕوی ئاستەنگی دەرونی دەبنەوە".
شۆفێری ئیتر پێداویستیشە نەک تەنها خولیا
سەبارەت بە ئاراستەی کچان و ژنان بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری، سروە عەلی، خاوەنی "نوسینگەی سروە خان" لە کەلار ئاماژە بە بازدانێکی گەورە دەکات لە هۆشیاریی کۆمەڵایەتیدا و دەڵێت: "لەم ساڵانەی دواییدا گۆڕانکارییەکی بەرچاو روی داوە، دەتوانم بڵێم رێژەی کچان و ژنان بۆ فێربونی شۆفێری، بەراورد بە ساڵانی رابردو بە رێژەی زیاتر لە ٤٠% بۆ ٥٠٪ زیادی کردوە، ئەمەش نیشانەی هۆشیارییەکی کۆمەڵایەتیی بەرزە کە ژن دەیەوێت خاوەن بڕیاری خۆی بێت".
سەبارەت بە پاڵنەری پشت ئەم خواستە زۆرە، خاوەنی نوسینگەی سروە خان رونی دەکاتەوە کە بابەتەکە لە ئارەزوەوە بوەتە واقیع: " زۆرینەی ژنانی ئەمڕۆ زیاتر بۆ 'پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگر' دێن. ژیان خێرا بوە؛ ژن پێویستی بەوەیە مناڵەکانی بگەیەنێتە قوتابخانە، بچێتە سەر کار، یان کاروبارەکانی رۆژانەی بەبێ چاوەڕوانیکردنی کەس بەڕێ بکات، بێگومان خولیا و ئارەزوش هەیە، بەڵام پێداویستیی رۆژانە پاڵنەری سەرەکییە".
ترسی کچان لە ئۆتۆمبێلەکە نییە، لە حوکمدانی کۆمەڵگایە
کاتێک کچ و ژنەکان بۆ یەکەمجار پێ دەنێنە ناو پرۆسەی فێربونەکەوە، روبەڕوی بەربەستی دەرونی دەبنەوە، بەڵام وادیارە ئەم ترسە پەیوەندی بە توانای خۆیانەوە نییە. سروە عەلی دەڵێت: " ئەوان گەورەترین ترسیان لە خودی ئۆتۆمبێلەکە نییە، چونکە ئەوە بە راهێنان چارەسەر دەبێت؛ بەڵکو ترسیان لە 'کاردانەوەی شەقامە'. زۆرێک لە فێرخوازەکانم پێش ئەوەی فێر ببن، نیگەرانن لەوەی ئەگەر لەسەر شەقام هەڵەیەک بکەن، توشی قسەو قسەلۆکی خەڵک یان بێڕێزی ببنەوە. ترسیان لە 'حوکمدانی کۆمەڵگایە' نەک لە لێخوڕین".
شەقام و رەفتاری شۆفێرانی پیاو؛ فشار و هۆڕینی بێزارکەر
سروە عەلی، لە گێڕانەوەی ئەزمونی مەیدانی سەر شەقامەکان، پەنجە دەخاتە سەر مامەڵەی شۆفێرانی تر، بەتایبەت پیاوان، کاتێک ئۆتۆمبێلی فێربون دەبینن: "داخەکەم، هێشتا کێشەی هۆڕین لێدانی بێزارکەر و نزیکبونەوەی مەترسیدار لە ئۆتۆمبێلی فێربون دەبینین، زۆرێک لە شۆفێرانی پیاو -نەک هەمویان- کاتێک کچێک دەبینن لەپشت سوکانەکەوەیە، پێیان وایە دەتوانن فشار بخەنە سەری. ئەم رەفتارە نەک تەنها بێزارکەرە، بەڵکو دڵەڕاوکێ دروست دەکات و رەنگە ببێتە هۆی روداوی نەخوازراویش".
"سوکایەتی پیشەیی"؛ گەورەترین پێشێلکاری بەرامبەر ژنانی شۆفێر
سروە عەلی، پێی وایە ئەو ئاستەنگەی ژنان لەسەر شەقام بە شێوەیەکی سیستماتیک توشی دەبن، جۆرێکە لە فشاری دەرونیی رێکخراو: "گەورەترین پێشێلکاری، ئەو 'سوکایەتییە پیشەیییە'ـیە کە بەرامبەر ژن دەکرێت، بەکارهێنانی وشەی نەشیاو، گاڵتەکردن بە توانای شۆفێریی ژن تەنها لەبەر رەگەزەکەی، وای کردوە هەندێک ژن متمانەیان بە خۆیان نەمێنێت. ئەمە فشارێکی دەرونیی رۆژانەیە کە ژنانی شۆفێر بە درێژایی رێگا روبەڕوی دەبنەوە".
ئارامیی شەقام بە قیرتاوکردن نایەت، بە رێزگرتن دێت
لە کۆتایی دا، سروە عەلی، پەیامێکی راشکاو ئاڕاستەی کۆمەڵگە دەکات و هیوایەکی گەورەش دەخوازێت: "بە راشکاوی دەڵێم؛ هێشتا رێگامان لەپێشە. شەقامەکانمان بۆ شۆفێریی ژنان ئەوەندەی پێویستە 'ئارام' نیین، ئارامیی شەقام تەنها بە قیرتاوکردن نایەت، بەڵکو بە 'رێزگرتنی بەرامبەر' دێت. پێویستمان بە هۆشیارییە بۆ ئەوەی خەڵک تێبگات کە شۆفێری بە رەگەز نییە، بەڵکو هونەر و پابەندبونە بە یاساوە".