ململانێی شوناس؛ ئایا "یەپەژە" بەرەو تواندنەوە دەبرێت؟
ھەواڵ
2026/06/03 , بینین : 58


* نەوژین

پرسی چارەنوسی "یەکینەکانی پاراستنی ژنان - یەپەژە" بوەتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکی و ئاڵۆزەکانی دانوستانە دەستوری و سەربازییەکانی تایبەت بە داڕشتنەوەی پێکهاتەی سوپای نوێی سوریا، لایەنە حکومییەکان جەخت لەسەر یەکخستنی دامەزراوەیی دەکەنەوە، لە بەرامبەردا فەرماندەیی یەپەژە مانەوەی هێزەکە وەک یەکەیەکی سەربازیی سەربەخۆ دەبەستێتەوە بە پاراستنی دەستکەوتە یاساییەکانی ژنانەوە.

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچونی گفتوگۆکان بۆ قۆناغی گواستنەوەی سیاسی لە سوریا، دۆسیەی رێکخستنەوەی هێزە چەکدارەکان لە باکور و رۆژهەڵاتی وڵاتەکە روبەڕوی بەربەستی یاسایی و پێکهاتەیی بوەتەوە؛ بەتایبەت لەو خاڵانەی کە پەیوەستن بە پێناسەکردنی پێگەی سەربازیی ژنان لە دەزگا ئەمنییە فەرمییەکاندا.

یەپەژە چییە و قەبارەکەی چەندە؟

یەکینەکانی پاراستنی ژنان (YPJ)، هێزێکی چەکداری سەربەخۆی ژنانە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کە لە ٤ـی نیسانی ٢٠١٣ـدا دامەزراوە، هێزەکە کە لەسەر فەلسەفەی "خۆپاراستنی رەوای ژنان" کار دەکات و بەشێک بوە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" کە ناوبانگی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا دوای رۆڵە سەرەکییەکەی لە تێکشکاندنی رێکخراوی داعش لە کۆبانی و رەقە.

بەپێی خەمڵاندنە سەربازییەکان، قەبارەی ئەم هێزە لە نێوان ٢٠,٠٠٠ بۆ ٢٤,٠٠٠ شەرڤانی چەکداردایە (کە نزیکەی ۳۰٪ بۆ ۳٥٪ـی گشت هێزەکانی هەسەدە پێکدەهێنن) و لە پاڵ زۆرینەی کورد، پێکهاتەی ژنانی عەرەب، سریانی و ئەرمەنیش لە ناوچە جیاوازەکاندا دەگرێتە خۆی.

ئاڕاستەی حکومەت: سنوردارکردنی رۆڵی سەربازیی ژنان بۆ کەرتی مەدەنی

بەپێی سەرچاوە سیاسییەکانی ئاگادار لە دانوستانەکان، تێڕوانینی فەرمیی حکومەتی کاتیی سوریا لەسەر بنەمای مۆدێلی کلاسیکی سوپای نیشتمانی داڕێژراوە. بەربەستە سەرەکییەکانی بەردەم مانەوەی یەپەژە لە روانگەی دیمەشقەوە خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە:

حکومەت جەخت دەکاتەوە کە بەپێی یاسا، چەک تەنها لە ژێر کۆنتڕۆڵی وەزارەتی بەرگریدا دەبێت و رێگە بە بونی هیچ هێز یان یەکەیەکی چەکداری سەربەخۆ نادرێت کە لەسەر بنەمای جێندەری یان شێوازی رێکخراوەیی تایبەت بە خۆی بەڕێوە بچێت.

بەپێی پلانە پێشنیازکراوەکان، حکومەتی ناوەندی رەدی دەکاتەوە ژنان لە یەکەکانی هێزی شەڕکەری هێڵەکانی پێشەوەدا بن؛ لە بەرامبەردا پێشنیازی کردوە کە کادرانی یەپەژە بگوازرێنەوە بۆ بەشەکانی پۆلیسی مەدەنی، بەڕێوەبەرایەتییە کارگێڕییەکان، بەشە یاسایی و تەندروستییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ.

پێگەی فەرماندەیی یەپەژە: چەک وەک مەرجی گەرەنتی دەستوری

لەبەرامبەردا فەرماندەیی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بە فەرمی ئەو پێشنیازانە رەد دەکاتەوە کە شوناسی سەربازیی هێزەکەیان لادەبەن، لە نوێترین لێدوانیدا، رۆژهات عەفرین، فەرماندەی گشتی یەپەژە، دەڵێت: "یەپەژە داوا دەکات وەک یەکەیەکی سەربازیی رێکخرای فەرمی لە ناو سوپای نوێی سوریا دانی پێدا بنرێت، بە جۆرێک کە تایبەتمەندی فەرماندەیی و پێکهاتەی نێوخۆیی خۆی بپارێزێت".

وتیشی: پێمانوایە جێگیرکردنی مافەکانی ژنان لەسەر کاغەز بێهێز دەبێت ئەگەر هێزێکی راستەقینە پشتیوانی نەکات؛ هەروەک مانەوەی یەپەژە وەک هێزێکی سەربازیی، تاکە گەرەنتییە بۆ پاراستنی ئەو مافانەی کە ژنان لە دەستوری نوێی سوریادا بەدەستیان هێناوە.

تاقیکردنەوەیەکی مێژویی

ململانێی سەر داهاتوی یەپەژە تەنها دۆسیەیەکی ئەمنی نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی مێژوییە بۆ رێگریکردن لە پاشەکشێی جێندەریی؛ پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لە سوریای نوێدا پێگەی سەربەخۆی ژنان دەپارێزرێت، یان سازانە سیاسییەکان جارێکی تر ژنانی شەڕڤان بەرەو پەراوێز دەبەن؟

زۆرترین بینراوەکان