* نەوژین
دەقی بڕیاری لە سێدارەدانی عەجاج بڵاوکرایەوە؛ یەکێک لە تاوانە سەرەکیەکانی "دەستدرێژیکردنە سەر کچانی دەستگیرکراوی کوردە لە گرتوخانەی نوگرەسەلمان.
بەپێی دەقی بڕیارەکەی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، کە پشتی بە زیاتر لە ٤٠ ماددەی یاسایی بەستوە؛ عەجاج کچانی کوردی لە گرتوخانەی نوگرەسەلمان روبەڕوی دەستدرێژی کردوەتەوە، هاوکات لەڕێگەی برسیکردن، تینوکردن، ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردنی مناڵ و کەسوکاریانەوە، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامداوە.
لەمبارەیەوە، ئەیاد کاکەیی، پارێزەری سکاڵاکارانی دۆسیەکە رایگەیاند: بەهۆی قورسی تاوانەکان و ئەو پێشێلکارییە نامرۆییانەی بەرامبەر بە ژنان و کچانی کورد کراون، دادگا مافی قەرەبوکردنەوەی بە زیانلێکەوتوان داوە؛ وەک تیمی پارێزەران بەنیازین داوای قەرەبوەکە لە "دەوڵەتی عێراق" بکەین نەک لە خودی عەجاج، چونکە تاوانەکە لەلایەن رژێمەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک دژ بە گەلی کورد ئەنجام دراوە.
لە دەستگیرکردنیەوە تا بڕیاری سێدارە
عەجاج ئەحمەد حەردان، لە کۆتاییەکانی مانگی تەمموزی ٢٠٢٥ لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنێکەوە لە پارێزگای سەلاحەددین دەستگیرکرا، دەستبەجێ دوای دەستگیرکردنەکەی، نوسینگەی سەرۆک کۆمار داوای لە سەرجەم کەسوکاری شەهیدان، ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی کرد کە پەیوەندییان پێوە بکەن بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دژی، ئەمەش رێگەی خۆشکرد بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەی زیاتر لەسەر تاوانەکانی.
دوای تەواوبونی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، لە سەرەتای ئەم مانگەدا یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی دەستی پێکرد، پرۆسەکە بە خێرایی بەڕێوەچوو، بە شێوەیەک لە ١٣ـی ئایاری ٢٠٢٦ و لە کاتی بەڕێوەچونی دانیشتنی دوەمدا، دادگاکە شایەتحاڵی ئامادەبونێکی بەرفراوانی خێزانی قوربانییان بو، کە بە پێشکەشکردنی ئیفادە و وتەکانیان روبەڕوی عەجاج بونەوە.
لە کۆتاییدا و بەهۆی قورسیی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کرابون، کە سەرجەمیان دەکەونە ژێر یاسای دادگای باڵای تاوانەکانی ژمارە ١٠ـی ساڵی ٢٠٠٥، دادگا لەرۆژی ١٤ـی ئەم مانگەدا، بە فەرمی سزای مردن بە هەڵواسین (سێدارە)ـی بۆ عەجاج دەرکرد.