*
نەوژین، شنۆ نوری
لە نێوان دیمەنە دڵڕفێنەکانی بەهاری کوردستاندا، وێنەکانی دو هاوسەری فۆتۆگرافەر لە هەڵەبجە بونە نەخشە رێگەی بەشێکی زۆر لە گەشتیاران؛ ئەوان بەکامێراکانیان دەرگایەکی نوێیان بەڕوی سروشتی ناوچەی نەوڕۆڵی دا کردەوە و ناوچەکەیان کردە ترێندی ئەمساڵی گەشتیاریی کوردستان.
کەوسەر فاتیح، ٣٢ ساڵ، کە ماوەی دو ساڵە دەستی بە کاری وێنەگرتن کردوە، بە هاوبەشی لەگەڵ هاوسەرەکەی؛ موحسین محەمەد کە خاوەنی ٢٠ ساڵ ئەزمونە لەو بوارەدا، توانیویانە دیمەنە نەبینراوەکانی سروشتی هەڵەبجە بخەنە بەر دیدی گشتی.
لە ئاڵنگاریی کۆمەڵایەتییەوە بۆسەرکەوتنی هاوبەش
کەوسەر فاتیح دەڵێت؛ “کارکردنی ژن وەک فۆتۆگرافەر لە کوردستان بێ ئاڵنگاری نابێت”، بەڵام ئەم دو هاوسەرە بە پاڵپشتیی یەکتر توانیویانە بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ بن، وەک کەوسەر دەڵێت: وەک ژنێک روبەڕوی قسەی دەوروبەر بومەوە، بەڵام هاوسەرەکەم گەورەترین هۆکاری بەردەوامبونم بو، ئێمە وەک دو هاوڕێ کار دەکەین و تەواو کەری یەکترین.
موحسینیش، کە هەمیشە پاڵپشتی کەوسەر بوە، دەڵێت: ئێمە ناوچەیەکی کۆمەڵایەتین و کارکردنی خێزانەکەم وەک فۆتۆگرافەر روبەڕوی رەخنەی کردوینەوە، بەڵام من شانازیم بەوەوە کرد کە کەوسەر شانبەشانی خۆم کار بکات.
وەک چۆن کەوسەر لە دەرەوە هاوکاری هاوسەرەکەیەتی موحسینیش لە ماڵەوە هاوکاری خێزانەکەی دەکات، وەکخۆی دەڵێت؛ هاوسەران لە هەمو شوێنێک دەبێت تەواوکەری یەک بن، هەر بۆیە منیش لە کاروباری ماڵەوە هاوکاری دەکەم.
نەوڕۆڵی؛ لە ناوچەیەکی بێ ناونیشانەوە بۆ ترێندی ئەم بەهارە
ئەوەی ئەمساڵ کاری ئەم دو هاوسەرەی جیا کردەوە، گرنگیدانیان بو بە ناوچەی نەوڕۆڵی لە پارێزگای هەڵەبجە، ئەوان نەک تەنها دیمەنەکانیان تۆمار کرد، بەڵکو بۆ ئاسانکاری گەشتیاران، لۆکەیشنی ئەو شوێنانەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دانا کە پێشتر هیچ ناونیشانێکی دیاریکراویان نەبو.
ئەم دەستپێشخەرییە بوە هۆی ئەوەی رێژەیەکی زۆری گەشتیاران لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە رو لەو ناوچەیە بکەن، تا ئەو رادەیەی کە قەرەباڵغییەکی زۆر دروست بو.
ژنان و سروشت؛ ئەرکێک لەپێناو خزمەت
جگە لە وێنەگرتنی سروشت و بۆنەکان، کەوسەر وەک فۆتۆگرافەری تایبەتی گروپێکی شاخەوانیی ژنان کار دەکات.
ئەو دەڵێت: کارکردنی ژن لە چوارچێوەی نەریتدا کارێکی جوانە، ئێمە بەبێ هیچ بەرژەوەندییەکی مادی بەردەوامین لە ناساندنی جوانییەکانی کوردستان و هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکان گرنگی زیاتر بە ژێرخانی گەشتیاریی ناوچەکە بدەن.
چیرۆکی کەوسەر و موحسین، چیرۆکی دو هاوسەرە کەبە کامێراکانیان نەخشەی گەشتیاریی وڵات دەخەنە سەر نەخشە و بە پێکەوە کارکردنیان، وێنەیەکی جوانی خێزانێکی یارمەتیدەریان پێشکەش کردوە.