ژن و بازاڕی دراو؛ لە ناوەندی بۆرسەدا 'سفر' و لە جیهانی دیجیتاڵیدا '١٠٪'
ھەواڵ
2026/03/25 , بینین : 13


* نەوژین

"جیهانی دیجیتاڵی خەریکە ئەو بەربەستانە بۆ ژنان دەشکێنێت کە بازاڕی تەقلیدیی دراو ساڵانێکە بۆی دروست کردون؛ لە سلێمانی لەکاتێکدا ژنان لە خاوەندارییەتی نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراودا هیچ پشکێکیان نییە، کەچی لە بازاڕی فۆرێکس و دراوە دیجیتاڵییەکاندا رێژەی بەشدارییان گەیشتوەتە ١٠٪.

مۆڵەتی فەرمی؛ پشکی ژنان هێشتا سفری بێ وێنەیە

سەبارەت بە خاوەندارییەتی نوسینگەکانی گۆڕینەوەی دراو، جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی بە (نەوژین)ـی ڕاگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ مۆڵەتێکی فەرمی کارکردن لە بواری ئاڵوگۆڕی دراو بە ناوی هیچ ژنێکەوە تۆمار نەکراوە”.

ئاماژەی بەوەش کرد: هەرچەندە لە چوار بۆ پێنج ساڵی رابردودا خواست لەسەر دامەزراندنی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو زیادی کردوە، بەڵام زۆرینەی هەرە زۆری ئەو کەسانەی داوای مۆڵەتیان کردووە پیاوان بون.

ژنان لە پشت پەردەی کۆمپانیاکانەوە؛ کێشەی ئامار

سەبارەت بە ئامادەیی ژنان وەک کارمەندی پسپۆڕ (ژمێریار یان بەڕێوەبەری دارایی) لەنێو نوسینگەکانی دراودا، بەتایبەت ئەو کچ و ژنانەی دەرچوی بەشە ئابورییەکانن، وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی رونیکردەوە: “بەهۆی نەبونی سیستمێکی ئەلیکترۆنیی یەکگرتو، هیچ ئامارێکی ورد لەبەردەستدا نییە”.

جەبار گۆران ئاشکرایشیکرد: "بازاڕی ناوخۆیی ئێمە وەک بازاڕە داراییە جیهانییەکان و فۆرێکس نییە کە هەمو داتا و قەبارەی مامەڵەکان تێیدا رون بن، بۆیە هەر زانیارییەک لەسەر ژمارەی کارمەندانی ژن بخرێتە رو، تەنها لە چوارچێوەی خەمڵاندندایە”.

فۆرێکس و دراوە دیجیتاڵییەکان؛ پەناگەی نوێی ژنان

لە کاتێکدا لە بازاڕەکاندا ژنان وەک خاوەنکار نابینرێن، بەڵام لە جیهانی تەکنەلۆژیادا بەربەستەکانیان شکاندوە، وتەبێژی بازاڕی دراو دەڵێت، کە ئاگاداری روکردنی ژنانن بۆ بازاڕی فۆرێکس و دراوە دیجیتاڵییەکان.

دەشڵێت: "چەندین ژنمان هەیە کە هەژماری تایبەتییان بۆ مامەڵەکردن بۆ کراوەتەوە و ئێستا خۆیان لەڕێگەی ئۆنڵاینەوە بازرگانی بە دراو و بۆرسەی جیهانییەوە دەکەن”، ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەناو کۆمپانیا نێوەندگیرەکاندا (برۆکەر)، ژنانی شارەزا هەن کە وەک فەرمانبەر کار دەکەن و لە خوێندنەوەی بازاڕی بۆرسەدا خاوەن ئەزمونێکی باشن.

١٠٪ـی بازاڕی دیجیتاڵی بەدەست ژنانەوەیە

سەبارەت بە ئاستی گشتیی بەشدارییەکە، وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی ئاشکرایکرد: لە کۆی بازاڕی فۆرێکس و بازاڕە دیجیتاڵییەکاندا، دەتوانرێت بوترێت رێژەی بەشداریی ژنان لە نێوان "٥٪ بۆ ١٠٪"ـدایە، کە بە وتەی ئەو: “ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ژنان لە جیهانی دیجیتاڵیدا ئاسانتر دەتوانن پەرە بە کارە بازرگانییەکانیان بدەن”.

زۆرترین بینراوەکان