"ئەگەر دایک ئاڵودە بێت، خێزان هەڵدەوەشێتەوە"؛ مەترسییەکانی مادە هۆشبەرەکان لەنێو ژناندا
ھەواڵ
2026/03/12 , بینین : 41


* نەوژین

"ئەگەر دایک ئاڵودە بێت، خێزان هەڵدەوەشێتەوە، مناڵەکان سەرگەردان دەبن و ئەگەری لادانیان زۆر دەبێت”، بەم هۆشدارییە توندە چیا یاسین، خوێندکاری دکتۆرا و توێژەر لە بواری رۆڵی راگەیاندن بۆ روبەروبونەوەی تاوانی بازرگانی، باس لە تەشەنەسەندنی ئاڵودەبون لەنێو ژناندا دەکات.

لێکەوتە وێرانکەرەکانی ئاڵودەبون

بە وتەی چیا یاسین: لێکەوتەکانی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان لەلایەن ژنانەوە فرەڕەهەند و وێرانکەرن، چونکە جگە لەوەی لەسەر ئاستی تاک دەبێتە هۆی داڕمانی کۆمەڵایەتی و لەدەستدانی توانای بەشداری چالاک، لەسەر ئاستی خێزانیش دەبێتە بارگرانییەکی گەورە و مەترسی گواستنەوەی ئاڵودەبون بۆ ئەندامانی دیکە زیاد دەکات.

دەشڵێت: ئەم دیاردەیە جگە لە زیانە جەستەیی و دەرونییەکان، دەبێتە هۆی داڕمانی ئابوری و ئیفلاسبونی یەکەی خێزان، چونکە دابینکردنی تێچوی مادە هۆشبەرەکان فشارێکی دارایی بێوێنە دەخاتە سەر داهاتی خێزان و بەرەو هەژاریی رەهایان دەبات.

هۆکارەکانی تێوەگلانی ژنان

چیا، کە هاوکات توێژەر ـیشە، ئاماژە بەوەدەکات: زۆرێک لە ژنان لەڕێگەی هاوسەرە ئالودەبوەکانیان یان هاوڕێی خراپەوە فێری بەکارهێنان دەبن، هەروەها زەبروزەنگی جەستەیی و دەرونی هۆکارێکی سەرەکییە کە ژنان دەکاتە نێچیرێکی ئاسان بۆ بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان.

ئاشکرایشیدەکات: هەندێک جاریش ژنان بە هەڵە پێیان وایە بەکارهێنانی ئەم مادانە ئارامییان پێدەبەخشێت، یان لەلایەن دەوروبەریانەوە بە زۆر و لەڕێگەی هەڵخەڵەتاندنەوە مادەیان دەرخوارد دەدرێت، بەتایبەتی جۆری کریستاڵ و حەبی ئەمفیتامین کە ئێستا زۆرترین بەکارهێنەریان لە هەرێمدا هەیە.

ستراتیژیی چارەسەر و شیاندنەوە

ئەم پسپۆڕە جەخت دەکاتەوە، کە ئاڵودەبو قوربانییە و پێویستە حکومەت سەنتەری مۆدێرنی شیاندنەوە و چارەسەرکردنی تایبەت بە ژنان دروست بکات، تاوەکو بتوانن بە ئاسانی دەستیان بە چارەسەر بگات و بە پشتگیریی کەسوکاریان بگەڕێنرێنەوە ناو کۆمەڵگە.

ئامارە جیهانی و ناوخۆییەکان

لە کاتێکدا ئامارە جیهانییەکان باس لە بونی ٣٠٠ ملیۆن ئالودە دەکەن، لە هەرێمی کوردستانیش بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان ١٠٪ـی بەکارهێنەران لە رەگەزی مێن، هەروەک بەپێی داتاکانی چاکسازیی سلێمانی، زیاتر لە ٢٦٪ـی کۆی گشتی ئەو ژنانەی روبەڕوی یاسا بونەتەوە، هۆکارەکەی ماددەی هۆشبەر بوە.

زۆرترین بینراوەکان