* نەوژین، بەنان فاروق
مهراکۆ عوسمان، ژنێکی تەمەن ٤٥ ساڵی خەڵکی سلێمانی و نیشتەجێی شاری یۆتۆبۆری وڵاتی سویدە، ئەو کە هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە کشتوکاڵ، بەهۆی هەبونی مناڵێکی (ئۆتیزم)، بڕیاری دا بڕوانامەی دبلۆم لە راهێنەری تایبەت بە مناڵان و گەنجانی ئۆتیزم بەدەستبهێنێت و لەگەڵیدا کتێبێکی لەو بارەیەوە بە زمانی کوردی نوسیوە.
مهراکۆ دەڵێت: لەپێناو یارمەتیدانی مناڵەکەم و راگرتنی هاوسەنگی ژیانمان، دەستم بە خوێندن لە بواری ئۆتیزم کرد، دواتر بڕیارم دا ئەو زانستەی فێری بوم بیگەیەنمە دایکان و باوکانی کوردستان، تاوەکو ئەوانیش بتوانن هاوکاری مناڵەکانیان بن.
ئەم خانمە نوسەرە، ماوەی دو ساڵە سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیارییە و لە کۆتایی مانگی کانونی یەکەمی ئەمساڵ دا، یەکەم کتێبی خۆی بە زمانی کوردی دەربارەی حاڵەتەکانی ئۆتیزم (Au) و فرەجوڵەیی و کەمیی سەرنج (ADHD) بڵاوکردەوە.
مهراکۆ دەڵێت: لە کوردستان هۆشیاری دەربارەی تێکەڵبونی هەردو حاڵەتی (Au) و (ADHD) کەمە، کە زۆرجار لە یەک کەسدا پێکەوە دەردەکەون، هەر بۆیە کتێبەکەم وەک سەرچاوەیەک بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە نوسیوە.
ئۆتیزم چیە؟
ئۆتیزم تێکچونێکی گەشەی مێشکە و کاردەکاتە سەر شێوازی پەیوەندی و کارلێکی کۆمەڵایەتی مرۆڤ، لە کاتێکدا فرەجوڵەیی و کەمیی سەرنج، بریتییە لە زۆریی چالاکی جەستەیی و زو وەرگەڕانی سەرنج، کاتێک ئەم دوو حاڵەتە لە یەک کەسدا کۆدەبنەوە، تاکەکە پێویستی بە جۆرە پشتگیری و رێنماییەکی تایبەت هەیە کە لەگەڵ هەردو تایبەتمەندییەکە بگونجێت.
دەربارەی کتێبەکە
کتێبەکە ناونیشانی (AuDHD رێنماییە گشتگیر)ـی بۆ هەڵگیراوە و تایبەتە بە خێزانەکان، راهێنەران و مامۆستایانی کەرتی تایبەت، ناوەڕۆکەکەی باس لە: ستراتیژییەکانی پشتگیری و سەرکەوتن بۆ پەروەردەکاران، چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کاردانەوەی تاکەکان بۆ کاریگەرییە دەرەکییەکان و رێنمایی بۆ ئامادەکردنی کەسانی ئۆتیزم (ئاستی یەک و دو) بۆ بازاڕی کار و دابینکردنی بژێوی ژیانیان، دەکات.
ئەم بەرهەمە تەنها بە زمانی کوردی ئامادەکراوە و لە ئێستادا بە شێوەی ئۆنڵاین دەفرۆشرێت، مهراکۆ دەڵێت: پلانی نییە کتێبەکە وەربگێڕێتە سەر زمانەکانی تر، چونکە ئامانجی سەرەکی ئەو خزمەتکردنی کتێبخانەی کوردی و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەی کوردستانە.